لە کەرکوک مەڕاسیمی ناساندن و دابەشکردنی کتێبی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو) بەڕێوەچوو
لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس بەرزڕاگیرا و کتێبی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو) لەنووسینی ساکینە جانسز، ناسێنرا و دابەشکرا.
لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس بەرزڕاگیرا و کتێبی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو) لەنووسینی ساکینە جانسز، ناسێنرا و دابەشکرا.
ئێوارەی ئەمرۆ، لە ناوەند و کتێبخانەی دیالۆک لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٥٠ کەس لە نووسەر و ئەدیب، کەسایەتی ووڵاتپارێز، رۆژنامەنووس، چالاکوانی بوارەکانی ژنان و گەنجان و کۆمەڵگای مەدەنی، کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک و هۆگرانی کتێب، لە ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس، مەراسیمی ناساندن و دابەشکردنی کتێبی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو) بەڕێوەچوو.
مەڕاسیمەکە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک) سازکرابوو، جێگای ئاماژەیە کتێبی"ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" لە نووسینی شۆڕشگێڕی تیرۆرکراو شەهید ساکینە جانسزە، باس لە ژیان و تێکۆشانی خۆی و دۆزی کورد دەکات.
١١ ساڵ لەمەوبەر، ساکینه جانسز ناسراو بە "سارا"، دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ له تهمهنی پڕ له تێکۆشان، لهگهڵ هەڤاڵانیدا فیدان دۆغان ناسراو بە "رۆژبین" و لهیلا شایلهمهز ناسراو بە "رۆناهی"، له ٩ی کانوونی دووهمی ٢٠١٣ دا له وڵاتی فهڕهنسا به پیلانگێڕییهکی بهرفراوانی نێودهوڵهتی شههید کران.
سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد، پاشان لەلایەن "ڕوناک مەجید" ئەندامی ئەنجوومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک) باس لە ژیاننامەی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی کرا و کتێبی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" بە ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە ناسێنرا.
لە مەڕاسیمەکەدا ڕوناک مەجید ئەندامی ئەنجوومەنی (ڕەژاک)، سەبارەت بە ژیاننامە و کتێبەکەی شەهید ساکینە جانسز ووتی: " ساکینە جانسز ژنە تێکۆشەری کورد لەماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵی ژیانیدا لەناو تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد و مرۆڤایەتیدا کتێبێکی بەناوی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو) نووسیوە، وەک خۆشی ئاماژەی پێداوە، کتێبەکەی بەرهەمی خەبات و ڕەنجی سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی ئازادی، بەرخۆدانی زیندانەکان و گۆڕەپانەکانی تێکۆشانە.
هەروەها ناوبراو سەبارەت بە ژیانی ئەو ژنە شۆرشگێرە ووتیشی: "ژیان و تێکۆشانی شەهید ساکینە جانسز ناسراو بە هەڤاڵ "سارا"، ههڵگری کاریگهرییهکی بههێزه، ههڵوێستی سهربهرز و شهرهفمهندانهی و خۆشهویستی بۆ مرۆڤ زۆر جیاوازه، ههنگاوه پڕ له ئیرادهکانی، پشوودرێژییهکهی و شهڕهکانی وایکردووه بگات بهو ئاستهی ببێت به یهکێک لهو ژنه بههێز و بهتوانایانهی له دامهزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستاندا ڕۆڵی ههبێت و زیاتر له سێ چارهکی تهمهنی و گیانی خۆی به ئازادیی ژن و گهلهکهی ببهخشێت".
هەروەها ڕوناک مەجید لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ژیاننامەی ژنە شەهیدی شۆرشگێر ساکینە جانسز ووتی: "شەهید ساکینە لە سەرەتاکانی تەمەنییەوە کەوتە ململانێ لەگەڵ کولتور و خانەوادەکەی، وە ئامانجی ئەوە بووە خەبات بکات لە پێناو ئازادی گەلەکەی، لەبەر ئەوەی ساکینە هەڵقوڵاوی کۆمەڵکوژی دێرسیم بوو، سەرەتای چالاکییەکانی کاتێک دەستپێدەکات کە لە شاری ئیزمیر وەکو کرێکارێک لە کارگەیەک کار دەکات، لە ناو کرێکارەکاندا کاری ڕێکخستنیش دەکات و لە خۆپیشاندانێکی کرێکاراندا دروشمی "کوردستان داگیرکراوە" بەرز دەکاتەوە، لەسەر ئەو هەڵوێست و دروشمە زیندانی دەکرێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ئامادەبووان، ڕووناک مەجید ووتی: "ئێمەش بتوانین ڕێچکەی ساکینەکان و لەیلا قاسم و ئایشە گوڵەکان هیچ کات بەرنەدەین چونکە ئەم ڕێچکەیە تێکۆشانێکە لەپێناو گەلی کورد، بۆیە خەباتی ئێمە و خەباتی ساکینەکان بەردەوامی هەیە بۆ ئازادی ژن و کۆمەڵگا و بۆ ئازادی ژیان، ئەم کتێبەش وەکو خەڵاتێک دەدەین بە ئامادەبووان تا بتوانین سودی لێببینین لە پەیڕەوکردنی ژیاننامەی ساکینە جانسز تا بتوانین ژنان و کچانی کۆمەڵگاکەمان هەمان ڕێچکە بگرن، چونکە ئەگەر لە ماڵەکەی خۆمانەوە دەستپێنەکەین هیچ کات ناتوانین سەرکەوتووبین".
لەدوای سیمینارەکە دەربارەی ژیاننامەی شەهید ساکینە جانسز و شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس، هەر سێ بەرگی کتێبی (هەموو ژیانم تێکۆشان بوو) لەنووسینی شەهید ساکینە جانسز پێشکەش بە ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە کرا.
جێگای ئاماژەیە، کتێبی " ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو " لە سێ بەرگ پێکهاتووە، سەرجەمی لاپەڕەکانی ٢٢٠٠ لاپەڕەیە، چاپی یهکهمی بهرگی یهکهم له ساڵی ٢٠١٧دا بڵاوکرایهوه، دوای پێداچوونهوهیهکی ورد بۆ ئهو بهرگه و وهرگێڕانی ههردوو بهرگهکهی تر بڵاوکرایەوە.