لە کەرکوک سیمینارێک دژی خیانەت و داگیرکاری پێشکەش کرا

لەژێری دروشمی 'دژی داگیرکاری و خیانەت کوردستان بپارێزە' سیمینارێک لەلایەن (سەلام عەبدوڵا)ەوە پێشکەش کرا.

لە بارەگای ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لەژێر دروشمی ' دژی داگیرکاری و خیانەت کوردستان بپارێزە'، سیمینارێک لەلایەن سەلام عەبدوڵلا هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی پێشکەش کرا، دەربارەی گۆڕانکاری ناوچەکە و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان.

لە سیمینارەکەدا نوێنەری ژمارەیەک حزبی کوردستانی شارەکە ئامادەبوون، هەروەها نوێنەری ڕێکخراو و کەسایەتی وڵاتپارێزی کەرکوک ئامادەی سیمینارەکە بوون.

لەسەرەتای سیمینارەکەدا ئامادەبووان خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان وەستان، پاشان سەلام عەبدوڵا هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان سیمینارەکەی پێشکەش کرد.

سەلام عەبدوڵلا لە سەرەتای سیمینارەکەیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کورد خاوەن پرۆژەی تایبەت بەخۆیەتی و وتی: "پرۆژەی کورد هەڵگری بیردۆزی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و بیردۆزی گرێبەستی سیاسییە،  پرۆژەی کورد پێچەوانەی ئەو پرۆژانەیە کە لەجیهاندا هەن وەکو پرۆژەی جەمسەرەکانی ئەمریکا، چین، روسیا، هیلالی شیعی و پرۆژەی عوسمانی نوێیە، چونکە کورد پێویستە پرۆژەی تایبەت بەخۆی هەبێت تا دوژمنان یاری بە دۆزی کورد نەکەن لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان".

هەروەها سەلام عەبدوڵلا سەبارەت بەهێزی کورد رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆبکەینەوە لەلایەنی سەربازییەوە کورد خاوەنی هێزە، بەڵام تەنها پێویستە کورد هێزەکانیان کۆبکەنەوە و پێویست ناکات گەلی کورد خۆی بەتێکشکاوی و بێ هێزی ببینێت، چونکە کورد هێزی هەیە تەنها یەکگرتووی نییە، لەدوای جەنگی جیهانی و پارچەکردنی ناوچەکە قورسایی سیستەم لەسەر گەلی کورد پراکتیزە دەکرێت، بەهۆی جوگرفیاکەی لەلایەنی سیاسی، روحی و زهینیەتیش کورد پارچەکراوە، عەقڵیەتی پارچەگەری زۆر زاڵە بەسەر کوردا کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان هەیە".

هەروەها ناوبراو وتیشی: "کورد لە سیستەمی حوکمی جیهانیدا خراوەتە دەروەی نەخشەی سیاسی، لەبەر ئەوەی لەنێو سیستەمی جیهانیدا دەوڵەتی نییە و لە سیستەمی جیهانیدا نەتەوە و دەوڵەت لەیەک فۆڕمدا فۆڕمیڵە کراوە، پرۆژەی عوسمانی نوێش مەترسیدارتین پرۆژەیە بۆسەر گەلی کورد، چونکە دەوڵەتی تورکیا لەسەربنەمای نکۆڵی کردن لە کورد دامەزراوە و لەئیستادا لە سێ پارچەی کوردستان تورکیا بەڕاستەوخۆ دژایەتی کورد دەکات".

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەشکرد: "پەیوەندی نێوان پەدەکە و تورکیا پەیوەندیەکی تەکتیکییە، مەسەلەی ریفراندۆم پەیوەندی بە تورکیاوە هەبوو کە هەوڵیدا باشوری کوردستان بلکێندرێت بە تورکیاوە، بەپێی ئامانجی عوسمانی نوێ لەچوارچیوەی گەڕانەوەی ولایەتی موسڵ و حەلەب، بزوتنەوەی پەکەکە سنورەکانی ڕێککەوتنامەی سایکس بیکۆی تیپەڕاندووە و ئامانجەکانی بزوتنەوەی ئاپۆچی دژ بەیەکە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا، بۆیە بزوتنەوەی ئازادیخوازیان قبوول نییە".

لە کۆتاییدا سەبارەت بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان وتی: " رێبەر ئۆجالان کە لەناو سیستەمی ئیمڕالی زیندانیکراوە، نوێنەرایەتی دۆزێکی ڕەوای گەلێک دەکات، بێدەنگی وڵاتان بەرامبەر تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تورکیا لەسەر پەتی دوو جەمسەری یاری دەکات، بەڵام تا سەر نابێت، چونکە پێکدادان دەکەوێتە نێوانیان زلهێزەکان. لە خاڵێکدا کە تورکیا ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت بەرگەی پێکدادانی زلهێزەکان بگرێت".

ف.ق