لە کەرکوک ڤستیڤاڵی ساڵانەی پێشانگای کتێب کرایەوە

لە شاری کەرکوک، بەبۆنەی رۆژی جیهانی کتێبەوە، ڤیستڤاڵی ساڵانەی پێشانگای کتێب دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ سێ-شەممە لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی کەرکوک، بەبۆنەی رۆژی جیهانی کتێب، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران، شاعير و نووسەرانی شاری کەرکوک، ڤستیڤاڵی ساڵانەی پێشانگای کتێب دەستی بە کارەکانی کرد، بڕیارە ڤستیڤاڵەکە تا ٣ رۆژ بەردەوام بێت، لە ڤستیڤاڵەکەشدا چەندین ناوەندی رۆشنبیری بەشدارن.

جێگای باسە، ڤستیڤاڵەکە بەسەرپەشتی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک ڕێکخراو و لەلایەن کتێبخانەی گشتی کەرکوکەوە بەڕێوەدەبرێت.

کاریگەری هەیە لەسەر ئاشنابوونی گەنجان بە کتێب

باهر مەحمود نووسەرێکی دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستانە، سەبارەت پێشانگاکە و گرنگی کتێب، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات  (ANF)وتی: "بەدڵنیاییەوە کتێب بۆ هەموو سەردەمێک زۆر پێویست و گرنگە، ئاشنابوونی مرۆڤ لەگەڵ کتێب زۆر گرنگە بەراورد بەدابڕان لێی، بەبۆنەی رۆژی جیهانی کتێب خوێندنەوە ئەمرۆ ئێمە کتێبێکی زۆرمان نمایش کردووە، ئەم پێشانگانە کاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئاشنابوونی گەنجان بە کتێب، هەروەها کتێبیش رۆڵی خۆی هەیە لە پێگەیاندن و رۆشنبیربوونی کۆمەڵگا".

کتێب تاکە ئامرازە کە کۆمەڵگا و گەنج هۆشیار دەکاتەوە

هەروەها باهر مەحمود ئاشکراشی کرد: "جاران کتێب کەم بوو بەڵام خوێنەر زۆربوون و بەدوای کتێب دەگەڕان بەڵام بەداخەوە ئیستا کتێب زۆرە بەڵام خوێنەر بەراورد بە ڕابردوو کەمترە، بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگە خەڵکی بگەڕێتەوە لای کتێب، چونکە کتێب تاکە ئامرازە کە کۆمەڵگا و گەنج هۆشیار دەکاتەوە، ئەمرۆ گەنجێکی زۆر سەردانی پێشانگاکەیان کرد بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین بەو گەنجانەی کە لە کافتریا و قاوەخانەکانن بەداخەوە ژمارەی سەردانیکەرانی گەنج کەمترە، ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانەش سەرقاڵ بوونی گەنجان بە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لەبری کتێب خوێندنەوە".

تا خەڵکی ئاشنابێتەوە لەگەڵ کتێب

لە کۆتای قسەکانیدا باهر مەحمود نووسەری دیاری شاری کەرکوک لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ـەوە وتی: "کتێب هیچ کات گرنگی خۆی لەدەستنادات، کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگایە باشترین کارە و هیوادارین ساڵانە چەندین جار بکرێتەوە تا خەڵکی بتوانن زیاتر سەردانی بکەن تا ئاشناببنەوە لەگەڵ کتێب".