لە مەراسیمێکی شایستەدا یادی شەهید هەڵمەت شاهین بەرز ڕاگیرا

ئەمرۆ لە سلێمانی بە ئامادە بوونی سەدان کەس یادی شەهیدی گەریلا هەڵمەت شاهین( کاوە تاکور) بەرز ڕاگیرا، کە لە ٢٣-ی ئەم مانگە لەگەڵ سێ هەڤاڵی تری لە ئۆپرسێۆنە شۆڕشگێریەکانی زاپ و خواکورکدا شەهید بوون.

مەراسیمەکە بە بەشداریی خانەوادەی شەهید هەڵمەت و خانەوادەی شەهیدانی باشوری کوردستان، ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی، کەسایەتی سیاسیی و ئاینی، ئازادییخوازان و وڵاتپارێزان ، بە وتنەوەی درووشمی "شەهید نامرێت کاوە نامرێت" بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی دەستیپێکرد، پاشان لەلایەن خانەوادەی شەهیدانەوە مۆم داگیرسێندرا، کورتە فیلیمیک لەسەر ژیان و تێکۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت شاهین نمایشکرا.

لە درێژەی مەراسیمەکە، ئیبراهیم محەمەدئەمین، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان  وتەی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی  پێشکەشکرد و وتی: "شەهید کاوە بۆیە ئەو مردنەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ژیان بۆ گەلەکەی بنیاتبنێت، گەلی ئێمە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، لە بەرامبەردا گەریلاکانی ئازادیی بەرخۆدانی دەکەن و گیانی خۆیان فیدا دەکەن، ئێمەش دەبێت لەسەر ڕێبازی شەهیدان هەنگاو بنێن، شەهیدان داوای یەکڕیزی لەئێمە دەکەن".

پاشان، پەیامی هەپەگە کە نێردراوە بۆ خانەوادەی شەهید کاوە، لەلایەن هەرێم مەحموودەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: "وەک ڕێبوارانی ڕێگەی شەهیدانمان بەڵێن دەدەین تا ئازادیی کوردستان بەدەست دێنین لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوامبین، بۆ تۆڵەکردنەوەشیان تا دوا هەناسە تێکۆشان دەکەین، بە هەمان هەستەوە سڵاو لە  بنەماڵەی بەڕێزی شەهید دەکەین و سەرساخیان بۆ دەخوازین".

لە بەردەوامی مەراسیمکە، وتەی خانەوادەی شەهید هەڵمەد شاهین، لەلایەن تاکور زەردەشت، باوکی شەهیدەوە پێشکەشکرا و باوکی شەهید سوپاسی گەلی کوردی کرد کە هاوخەم بوونە لە مەراسیمەکە و  وتی: "شەهید لە تەمەنێکی بچووکەوە وەک کەسێی گەورە هەنگاوی دەنا، کاتێک تەمەنی چوارساڵ بوو،  لە خەونمدا بردم بۆ قەندیل، لەوێ هەڤاڵ موراد قەرەیلان پێی گوتم :"کاوە هی ئێمەیە، لەو کاتەوە زانیم کاوە هی ئێمە نییە بەڵکو هی گەلە."

وتیشی: "شەهید کاوە ڕۆحی بە تێکۆشانی شیلادزێ بەخشی، چاوەڕوانکرابوو شەهیدبوونی، گەر ١٠٠ کاوەی دیکەم هەبێت بەهەمان ڕۆحییەتەوە دەیبەخشم بەم خاکە."

باوکی شەهید وتیشی:" شەهید هەڵگری پاشناوی تاکورە، ئەو عەشیەرەتەی کە لە سەرهەڵدانی دۆڵی زیلان لەگەڵ نوری دەرسیمی بەشداریان کردوە، باوانی شەهید هەڵمەتیش لەو سەرهەڵدانە بەشداریان کردوە و شەهید بوونە، بە شێوازێک ناوی تاکوریان سڕیوە بەڵام شەهید جارێکی دیکە ئەو ناوەی زیندووو کردەوەو  بەو ڕووحیەتەوە بەرخودانی کرد".

لە درێژەی پەیامەکان تارا حوسێن هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: "خەباتێک کە هەریەک لە شەهیدان ڤیان جاف، دیار غەریب و کاوە تاکور گیانی خۆیان بۆ بەخشی ئەمڕۆ ڕوونتر و گەشاوەتر بووە، گەلێ خاوەنی وەم شەهیدانە بێت هەرگیز ناکەوێت، بە درێژایی مێژووی کورد، هێڵی خیانەت هەبووە، لە بەرامبەریشدا هێڵی خەبات و تێکۆشان هەبووە، کە پارێزگاری لە گەل کردووە و دژی دوژمن و داگیرکاریی وەستاوەتەوە."

دواتر، حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی بۆ بەرێز ئۆجالان وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: "ئەو سیستەمەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە چارەنووسی ئێمەی بەمڕۆژە گەیاندووە، بەڵام ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ گەلی کورد کراوەتەوە و ئەو ئایدیایەی ئێستا هەیە، وەلامێکی پێویستە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیدی و تێڕوانینەکانی بەڕێز ئۆجالان لە بیرێکی فەلسەفی و داڕشتنی نەخشەڕێیەک بۆ دەربازبوون لە پیلانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، تاکە ڕێگەیە بتوانین لە شەهید هەڵمەتەوە ببینین کە ئەوە تەنها شەڕ کردن نییە، بەڵکو تێکۆشانە بۆ ئازادیی."

لە کۆتاییدا، لەتیف فاتیح، وتەیەکی پێشکەشکرد وتی: "ئەو شەڕەی ئێستا بەڕێوەدەچێت، بە درێژایی مێژوویەکی دوور و درێژ شەڕی مانەوە و بەردەوامییە، شەڕە بۆ ئازادیی هەموو مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوییە."

شەهید كاوە تاكور ناسراو بە هەڵمەت شاهین، لە ساڵی ٢٠٠٢ لە دێرەلوك لە سنووری پارێزگای دهۆك لە دایك بووە، لە ساڵی ٢٠١٩ فكری ئاپۆیی و وڵاتپارێزیی لە ناخیدا چەكەرە دەكات و بەشداری ڕیزەكانی گەریلاكانی ئازادیی دەبێت.

لە ٢٣ی ئەم مانگە، لە ئۆپەراسیۆنێكدا لەگەڵ هەڤاڵانییدا، هێرش دەكەنە سەر بنكە و بارەگانی دەوڵەتی داگیركەریی تورك، لە ئەنجامیشدا ٨٨ سەربازی دەوڵەتی تورك سزا دەدەن، هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا شەهید هەڵمەت لەگەڵ سێ هەڤاڵی تریدا بەشداری كاروانی شەهیدان دەبێت.