لە ناحیەی خورماڵ بازاڕێک بۆ خواردن و بابەتە کوردەوارییەکان کراوەتەوە

بە مەبەستی پاراستنی کلتووریی کوردەواری و دابینکردنی سەرچاوەیەکی بژێوی بۆ خانمانی دەستڕەنگین، لە ناحیەی خورماڵ بازاڕێک بۆ بابەتە کوردەوارییەکان کراوەتەوە.

بازاڕی بەرهەمی خۆماڵی لە خورماڵ

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، لە ناحیەی خورماڵ، بە مەبەستی پاراستنی کلتوری خواردن و جلوبەرگ و کاری دەستی کوردەواری، هەروەها دابینکردنی بژێوی ژیانی خانمان و کاسبکاران، بازاڕێک کراوەتەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوام بوو.

لە بازاڕەکەدا چەندین جۆری خواردنی کوردەواری و کاری دەستڕەنگینی خانمان، گیا و بەرهەمە خۆماڵییە کوردەوارییەکان بەشداربوون و پێشوازییان لە سەردانیکاران دەکرد.

بەشداربووانی بازاڕەکە باسیان لەوە دەکرد کە هەبوونی ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵانە زۆر گرنگە بۆ بژێوی ژیانی ئەوان و پاراستنی کلتوریی هاوکاریی و پێکەوە کارکردن.