لە پێنجوێن پەردە لە سەر مۆنۆمێنتی شەهید کەمالە خڕە لادرا

لە پێنجوێن مەراسیمێک بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی کەمالە خڕە بەڕێوەچوو، هاوکات پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی ئەو شەهیدە لادرا. لە مەراسیمەکەدا بنەماڵە و هاورێکانی بەڵێنی درێژەدا بە رێبازی شەهید کەمالیان دووپات کردەوە.

ئێوارەی دوێنێ لە چوارڕێیانی شەهید کەمالە خڕەی پێنجوێن بە ئامادەبوونی کەسوکار و هاوڕێیانی ئەو شەهیدە مەراسیمی هەشتەم ساڵیادی شەهیدبوونی بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهید کەمال لادرا و تاجەگوڵینە لەبەردم وێنەکەی داندرا.

قەندیل کەمال کوڕی شەهید کەمال لە وتەیەکدا رایگەیاند، هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید كەمال دەکەینەوە، كە بەدەستێكی ڕەش لەشارۆچكەی پێنجوێن شەهیدكرا، ئەمساڵیش ویستمان جیاواز لەساڵانی ڕابردوو یادێكی شكۆمەندانە بێت بۆ باوكم.

وتیشی: ئەمساڵ ئەم مۆنۆمێنەتەمان لەسەر شەقامی گشتی پێنجوێن باشماخ بۆ دروستكردوە، پەردەمان لەسەر وێنەكەی لادا، بەڵێنی ئەوە دەدەین درێژە پێدەری خەباتی باوكمان دەبین، تاوەكوو لەژیان مابین.

هاوكات تارا حسێن هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستان لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەكدا وتی: ئەگەر هەموو ئەم شارە بكەین بەناوی شەهید كەمالەوە ناتوانین وەڵامی ئازایەتی و قارەمانێتی هەڤاڵ كەمال بدەینەوە، شەهید كەمال بەهەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی نوێنەرایەتی خەڵكی پێنجوێن و باشوری كوردستانی دەكرد، هەڵگری زهنیەتێك بوو دوژمنان لێی تۆقیبون.

وتیشی: ئەو مەبدەئەی ئەو لەپێناویدا پێشمەرگەو گەریلابوو پاشەكشەی نەدەكرد، نمونەی هەڵوێستەكانی ئەو دەتوانێت گەلی كورد لەقڕكردن و شەهیدكردن جینۆساید بپارێزێت، هەڤاڵ كەمال ئەركی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی خۆی بەجێگەیاند.

تارا حسێن جەختیشیکردەوە، شەهیدبوونی وەك هەڤاڵ كەمال جێگای ئیرەی پێبردنە كەبەزیندوێتی لەناو دڵی گەل و ڕۆحی مێژووی خۆتدا دەمێنیتەوە، بەهەموو جۆرێك ئێمەش نەفرەت لەخیانەت دەكەین.

لەکۆتاییشدا هاوسەرۆکی تەڤگگەری ئازادیی جەختیکردەوە، وەفاداری ئێمە درێژە پێدانە بەخەباتی هەڤاڵ كەمال و بنەماڵەكەی.

هـ . ب