لەبارەی دۆسیەی گرتنی سێ رۆژنامەوانەوە هیچ زانیارییەک بە پارێزەرانیان نادرێت

لە میانی ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی لە وان سێ رۆژنامەوان بە ناوەکانی ئۆکتای جاندەمیر، عارف ئاسلان و لوقمان گەزگین دەستبەسەرکران و تائێستاس هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان بە پارێزەرانیان نەوتراوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسەکان لە وان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەوانان عارف ئاسلان، ئۆکتای جاندەمیر و لوقمان گەزگین و دەستگیریان کردن. بڕیار بە نهێنی هێشتنەوە لە بارەی دۆسیەی ئەو سێ رۆژنامەوانەوە دراوە.

ئەو رۆژنامەوانانە کە بە بڕیاری داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرە دەستگیرکراون، گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبرایەتی ئاسایش و ئەمنیەتی وان. پارێزەرانی ئەو سێ رۆژنامەوانە دوای سەردانکردنیان هەوڵیاندا لەبارەی دۆسیەکەیانەوە زانیاری وەربگرن، بەڵام هیچ زانیارییەکیان پێنەدراوە و هەوڵ دەدەن رۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە زانیاری وەربگرن.

راگەیەندرا کە لە هەمان ئۆپراسیۆندا چەندین کەسی دیکەش لە وان دەستگیرکراون. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورک باسی لەوەکرد کە بە بانگەشەی 'تاوانی دارایی' لە ٥٦ شار ١٤٧ کەسیان دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەوانی  تورکیا لە ریزی ئەو وڵاتانەدا کە بە زیندانی گەورە بۆ رۆژنامەوانان دادەنرێن و بەدەیان رۆژنامەوان کە زۆرینەیان کوردن، لەو وڵاتە لە ژێر ناوی تۆمەتی جیاجیا خراونەتە زیندانەوە.

هـ . ب