لێبوردنی نێونەتەوەیی: سزای لەسێدارەدان بۆ دوو ژن هەڵبوەشێننەوە

رۆژێک دوای راگەیاندنی فەرمی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو چالاکوانی ژنی بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، دوو رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دەکەن.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ زەهرا سدیقی و ئیلهام چوبداری بە توندی شەرمەزار کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە کرد.

رێکخراوەکە هەروەها تۆمەت و پاساوی "خراپەکاری لەسەر زەوی" کەبەسەر ئەو دوو زیندانییە راگیراوە لە زیندانی ناوەندی ورمێی بە ساختە و هەڵبەستراو پێناسەکردووە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ئێران دوێنێ بە راگەیەنراوێک باسی لەوەکردبووکە پرۆسەی دادگایی کردنی زەهرا سدیقی و ئێلهام چوبدار نادادپەروەرانە بووە و سزای سەپێنراو بەسەر ئەواندا لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ بووە.

ئەو رێکخراوە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی هەردوو ژنە زیندانیکراوەکەی کردووە و بانگەوازی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە لە بەرامبەری ئەو بڕیارەی سزادانە و شەپۆلی زیادبوونی رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران کاردانەوە نیشان بدات.

هـ . ب