مانگرتنی ئەر و داغ لە زیندانەکانی پەدەکە گەیشتە ٥٢ ڕۆژ

بەهۆی مامەڵەی خراپ و نامرۆڤانەی نێو زیندانی هەولێر، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ماوەی ٥٢ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

ڕۆژی شەمە، مانگرتنی ئەر و داغ لە زیندانی هەولێری ژێردەستی پەدەکە گەیشتە ٥٢ ڕۆژ.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، دوێنێ بانگەوازی لە هەمووان کرد هەڵوێست وەربگرن و ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لەپێناو مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، کە نزیکەی دوو مانگە لە زیندانی هەولێر دژی کارە نامرۆییەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە.

دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو، ئاماژەی بەوە کرد، پلانێک هەیە بۆ کوشتنی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر لەنێو زیندان، ئاشکرای کرد سیخوڕێک بەناوی یاسین عەلی خدر پێشتر بەڕێوەبەری هەمان زیندان بووە.

جێگەی ئاماژە پێدانە، داغ و ئەر لە ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ مانگرتنیان دەستپێکرد دژی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە، بەڵام لەبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە ڕۆژی ١٤ هەمین مانگرتنەکیان شکاند.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٣ ی شوبات ٢٠٢٢ دژی پێشێلکارییەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، بەڵام لە ڕۆژی نۆهەمین پاش نەمانی پێشێلکارییەکان مانگرتنەکەیان شکاند.