مانگرتنی زیندانیان لە ٩هەمین ڕۆژیدایە: بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین

زیندانیانی مانگرتوو کە ماوەی ٩ ڕۆژە لە پێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد مانیان لە خواردن گرتووە و دەڵێن "ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، جاری داهاتوو چالاکییەکانمان هێندەی تر ڕادیکاڵتر دەکەین."

مانگرتنی نەوبەتی زیندانیان کە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد دەستی پێکرد لە ڕۆژی ٩ هەمیندایە.

زیندانیانی بلۆکی(A) زیندانی ژمارە ٢ی ئاسایشی باڵای ئامەد پەیامێکیان سەبارەت بە مانگرتن لە خواردن کە لە ٢٧ی تشررینی دووەمەوە دەستی پێکردووە بڵاو کردەوە.

زیندانیان وەبیریان هێنایەوە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نزیکەی ٢٥ ساڵە لە زیندانێکی تاکە کەسی ئیمرالی بە شێوەیەکی نایاسایی ڕاگیراوە و ڕایانگەیاند:"ماوەی ٢٥ ساڵە ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی کەیفی و هەڕەمەکی بووەتەوە. لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری بنەڕەتیدا مامەڵەیەکی بەو جۆرە بوونی نییە."

'با مافە بنەڕەتییە دەستوورییەکان رەچاو بکرێن'

زیندانیان داوا دەکەن گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و بارودۆخی تەندروستی و تەمەنی لەبەرچاو بگیرێت و لەو چوارچێوەیەشدا لە ماڵەوە بمێنێتەوە، هەفتانە لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی کۆببێتەوە و مافە دەستوورییەکانی بۆ بگێڕدرێتەوە زیندانیان بەردەوام دەڵێن:"وەک دەزانرێت بەڕیز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ برایەتی گەلان، بۆ چارەسەرکردنی قەیران و شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی گرینگی هەیە. لە پرۆسەی ساڵانی نێوان ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ بە هۆی سیاسەتەکانی ئاشتی و هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجالان خوێن لە لوتی هیچ کەسێک نەهات، بەڵام ئەوانەی پشتیوانی شەڕیان کرد، بەریان بە پڕوسەکە گرت و جارێکی دیکە شەڕیان دەستپێکردەوە، لەو ڕۆژ تا ئێستا، شەڕ بەردەوامی هەیە و زیانێکی زۆری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و مرۆڤایەتی لێکەوتووەتەوە."

 "ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، چالاکییەکانمان هێندەی تر ڕادیکاڵتر دەبن"

زیندانیان ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت دەوڵەت بە پێی تێگەیشتنی "گەڕانەوە لە هەڵەکان باشە" مامەڵە بکات و پەیامەکەیان بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا:"با پرۆسەی شەڕ ڕابگیرێت، گۆشەگیریی ڕەها لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت، مەرجەکانی زیندانی ئیمرالی لەبەرچاو بگیردرێت و لە ماڵەوە بهێڵرێتەوە، مافە یاسایی و مرۆییەکانی جێبەجێ بکرێت و پرۆسەیەکی نوێی گفتوگۆ دەست پێ بکرێت، مانگرتنەکەمان ئێستا بەنۆرەیە و هەر ١٠ ڕۆژ جارێک گروپێکی جیاواز ماندەگرن، ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، ئەوە چالاکییەکانمان بە شێوەیەکی ڕادیکاڵتر بەردەوام دەبن، دەمانەوێت ڕێگری لە مردن بکەین، پرۆسەی شەڕ ڕابگیردرێت، داوا لە هەموو گەلی خاوەن ویژدان و دامەزراوەکان دەکەین دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگمان، بە دڵنیاییەوە پێکەوە بە بەرفراونکردنی چالاکییەکانمان سەردەکەوین، ئەو سەرکەوتنە بە تێکۆشانەو دەبێت."