ماوەی ١٧ رۆژە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن پەدەکەوە بێسەروشوێنکراوە

سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی رۆژنیوز ماوەی ١٧ رۆژە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە بێسەروشوێنکراوە و تائێستا چارەنووسی دیار نییە.

سلێمان ئەحمەد کە خەڵکی ناوچەی جندرێسی عەفرینە و دوای داگیرکردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بنەماڵەکەی ئاوارەی حەڵەب ببوون، بەمەبەستی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و بەشداری لە پرسەی باوکی بە شێوەیەکی فەرمی سەردانی ئەو شارەی کردبوو، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرابوو، ماوەی ١٧ رۆژە بێسەروشوێنە.

پاش شەش رۆژ و لە ژێر گوشاری رای گشتیی و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنووسان، ئاسایشی پەدەکە درەنگانی شەوی ٣٠ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر ناچاربوو دان بەوەدا بنێت کە ئەو رۆژنامەنووسەی رفاندووە، بەڵام بە بڵاوکردنەوە و داتاشینی تۆمەتێکی ناڕەوا و چەواشاکارانە دەیانەوێت سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن.

لە راگەیەندراوە چەواشەکارانەکەیدا، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک رایگەیاندووە، گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد "پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە و بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە" هەروەها بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەن لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە بێ بنەما و هەڵبەستراوە.

جێگەى ئاماژەیە، ئاژانسی ڕۆژنیوز پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردبووەوە، "ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە".

رفاندن و بێسەروشوێنکردنی ئەو رۆژنامەنووس لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان کاردانەوە و ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەنووسانی لێکەوتووەتەوە و وەک هەوڵێکی نوێی پەدەکە بۆ سەرکوتی ئازادی رادەربڕین و گوشار بۆ سەر رۆژنامەنووسان لێکدراوەتەوە و داوا دەکرێت دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسە ئازاد بکرێت و کۆتایی بە سەرکوک و دەمکوتی رۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان بهێندرێت.

هـ . ب