لە ٢٥ی تشرینی یەکەمەوە سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز لە دەروازەی سنووری پیشخابور لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و لە رێگەی داتاشینی تۆمەتی بێبنەما و ساختەوە هەوڵ دەدرێت هاوشێوەی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان سزای قورسی بەسەردا بسەپێندرێت.
سلێمان ئەحمەد، کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی فەرمی و لە رێگەی دەروازی سنووری پیشخابورەوە بەمەستی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی، سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردبوو، لە ٢٥ی ئەو مانگەدا و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە کە دەروازەی سنووری پیشخابور رفێندرابوو.
سەرباری چەندین رۆژ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی رفاندنی ئەو رۆژنامەنووسە، دواتر ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک لە ژێر فشارەکاندا ناچاربوو دان بە رفاندنیدا بنێت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ' دەستگیرکردنەکەی پەیوەندی بە کاری رۆژنامەنووسیەوە نییە' ئەمەش بە هەولێک دادەنرێت تا هاوشێوەی چالاکوانان و رۆژنامەوانانی بادینان سزای قورسی زیندان بە سەر رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدیشدا بسەپێندرێت.
لەبەرامبەردا ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردبوو، "ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە".
سەرباری تێپەڕبوونی ٨٠ رۆژ بە سەر رفاندن و بێسەروشوێنکردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و سەرەڕای کاردانە و ناڕەزایەتیەکان لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، تائێستا پەدەکە رێگەی نەداوە پارێزەرەکانی چاویان پێی بکەوێت.
ڕۆژى ٢٢ى مانگى ١١ى ساڵى ڕابردوو نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە کاتی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەدەوە ئێمە هەوڵدەدەین بیبینین و دۆسییەکەی بخوێنینەوە، سەردانی ئاسایشی گشتیی لە دهۆکمان کرد، سەرەتا بە بیانووی ئەوەی، کە لەوێ نییە ڕێگرییان لێ کردین، هەرچەندە دڵنیابووین، کە لەوێیە و زانیارییمان هەبوو لە چی شوێنێکە لەناو ئاسایشی دهۆک، دواتر وتیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە ناتوانن بیبینن.
باسى لەوەشکرد، لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی خۆمانەوە زانیارییمان پێگەشت، کە کەیسەکەی لە ژێر دەستی دەزگای پاراستنە، وەکو تیمێکیش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵی خۆمان بەگەڕ دەخەین.
ماوەی چەند ساڵێکە گوشارەکانی پەدەکە بۆ سەر رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیادی کردووە و بەدەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان دەستگیر و راپێچی زیندان کراون و ئەو مامەڵە و بەربەستکردنەی ئازادی رادەربرین و ئازادی کاری رۆژنامەوانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە رووبەڕووی کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆر بووەتەوە.
هـ . ب