بە دیمەن

بۆڵداش: زیهنیەتی تاڵانکردنی کانە کانزاییەکان کارەساتی ژینگەی لێکەوتووەتەوە

سکرتێری دەستەی کوردیناسیۆنی شارەکانی TMMOB جانفداڵ بۆڵداش لە بەرانبەر دەرهێنانی کانزاکانی چەولیگ ناڕەزایەتی نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا کارەساتی ژینگەیی لێکەوتووەتەوە.

لە چەولیگ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کانە کانزاییەکان و پڕۆەژەکانی بەنداو لە زیادبووندایە ئەمەش زیانێکی زۆر بە سروشت و دارستانەکانی هەرێمەکە دەگەیەنێت. لە هەرێمەکانی گێخی و دۆژەها ڕەش دەرهێنانی کانزا هەیە و لە هەرێمەکەش دارەکان دەبڕدرێنەوە. بەهۆی پێکهاتەی جوگرافیای شارەکەوە وێستگەی وزەی خۆر (GES) دروست دەکرێت و گۆڕەپانە سروشتییەکان یەک بە یەک لەناودەبرێن.

سەرەڕای ناڕازیەتی گەل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی پڕۆژەکان لە زیادبووندایە و لە ئەنجامدا دارستانەکانی شارەکە کەم دەبێتەوە. بڕینی دارستانەکان کاریگەری خراپ لەسەر هەنگەوانی و بەخێوکردنی ئاژەڵداری دەکات کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی شارەکەن و ئەمەش ڕێ بۆ کۆچکردن لە هەرێمەکە دەکاتەوە.

لە چەولیگ ١١٣ گۆڕەپانی کانی کانزایی هەیە. لە شارەکە کانزاکانی زێڕ، مس و پۆڵا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەردەهێنرێت و گۆڕەپانەکانی کانگاکان زیادیان کردووە، بە تایبەت لە دەوروبەری گوندی سەرڤین لە ناوچەی دارا هەنی و ناوچەی گێخی زیادی کردوە.

سکرتێری کۆمیتەی کوردیناسیۆنی شارەکانی TMMOB جانفیداڵ بۆڵداش سەبارەت بەو پرسە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد. بۆڵداش ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتەکانی دارستانبڕین بە شێوەیەکی سیستماتیکی جێبەجێ دەکرێن.

'کانەکان مەترسی ژیان لە هەرێمەکە دروست دەکەن'                       

بۆڵداش گوتی: "چەولیگ بە شێوەیەکی سیستەماتیک بووە بە ئامانجی سیاسەتەکانی بێ دارستانکردن. ئەم تاڵانکردنە نەک هەر مەترسیە بۆ سەر سامانە سروشتییەکان، لە هەمانکاتدا لە بەرانبەر ژیانی هەرێمەکەش مەترسییە."

'لە ژێر ناوی کانزادا هەندێک شتی دیکە ئەنجام دەدرێت'

لە بەردەوامی قسەکانییدا بۆڵداش ئاماژەی بەوەشدا لە چەولیگ چەندین کانزا دەردەهێنرێت و گوتی: "لە گوندی ئۆڵمەزی ناوچەی گێخی کانزای زێڕ دەردەهێنرێت. ئەم کارانەی لە ژێر ناوی کانزادا ئەنجام دەدرێن، ئامانجیان دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیاکان، لەناوبردنی دارستانەکان و چۆڵکردنی هەرێمەکەیە. کاری کانگاکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و ئاوی هەرێمەکە هەیە. هەروەها هاوسەنگی ئیکۆلۆژیش بە خێرایی تێکدەچێت.

ئەو تەقینەوەیانەی لە پرۆژە کانگاکان ئەنجام دەدرێن، خۆڵ و ئاوی پیس سەرچاوەی ئاوی سەر ڕووی زەوی و ژێر زەوی پیس دەکات. ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی گەل و هەرێمەکە دروست دەکات. هەروەها کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش لەناو دەبات."

'دەبێت کانگایەک کە ڕێز لە سرووشت و کۆمەڵگە دەگرێت پەرەی پێدرێت'

لە کۆتایی قسەکانییدا جانفیداڵ بۆڵداش ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە کانگاکان بە شێوەیەک پەرەی پێبدرێت کە ڕێز لە سروشت و کۆمەڵگە بگرێت و گوتی: "کانگا بە داگیرکاری نابێت؛ پێویستە لە چوارچێوەی پێداویستییەکانی گەل و بەبێ زیانگەیاندن بە سروشت ئەنجام بدرێت. ئەگەر ئەمە نەکرێت هەم قەیرانی ئیکۆلۆژی و هەم کارەساتی کۆمەڵگەی زیاتر دەبێت. دەبێت دەوڵەمەندی سامانی سروشتی چەولیگ بپارێزرێت و لە بەرانبەر ئەم تاڵانکارییە گەل هۆشیار بکرێتەوە."