مەجلیسی گەل لە مەخمور: ئیرادەمان ڕادەست ناکەین و بەرخۆدان دەکەین

مەجلیسی گەل لە مەخمور، پاش کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: «ئیرادەمان ڕادەست ناکەین و بەرخۆدان دەکەین».

پاش ئەوەی سوپای عێراق لەڕێگەی دەیان زرێ‌پۆش و کەرەستەی سەربازییەوە هەوڵیدا بچێتە نێو کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بۆ تەلبەندکردنی کەمپەکە، گەل هاتنە پێشی سوپاکە و ڕێگریان لێ کردن.

لەسەر ئەم پرسە، شاندێک لە خەڵکی مەخمور لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوە، پاش چەند کاتژمێرێک لە گفتوگۆ، فیلیز بوداک بەناوی مەجلیسی گەلی دیموکراتیک لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، وتارێکی لەبەردەم جەماوەر خوێندەوە.

«وەک‌بڵێی تاکە پرسی خەڵکی مەخمور دانانی قولەی چاودێری بێت»

بوداک تیشکی خستە سەر ئەم پرسە و گوتی: «سوپای عێراق ویستی بە سەرباز و پۆلیس گەمارۆی کەمپەکە بدات، ئیرادەی ئێمەی پشتگوێ خست. ئێمەی گەلی مەخمور نزیکەی ٣٠ ساڵە ئیرادەمان ڕادەستی هیچ کەسێک نەکردووە، هەرگیزیش نایکەین. حکومەتی عێراق هیچ پرسێکی ئێمە چارەسەر ناکات، ئاسایشی ئێمە ناپارێزێت، ئێستاش دەیانەوێت کەمپەکەمان تەلبەند بکەن و گەمارۆی بدەن، وەک‌بڵێی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەمپەکە نەبێت، هیچ پرسێکی تر نەبێت، هیچ پێویستییەکی ژینەکیی‌ش نەبێت؛ وەک‌بڵێی تاکە پرس دانانی قولەی چاودێری بێت لەدەوری کەمپەکە.

ئیرادەمان ڕادەست ناکەین و بەرخۆدان دەکەین

بۆ ماوەی یەک کاتژمێر گفتوگۆمان لەسەر ئەم پرسە کرد، ئەوان پێداگرن لەسەر تەلبەندکردنی کەمپەکە و دانانی قولەی چاودێری، بەقسەی ئەوان، گەلی مەخمور ئەمەی دەوێت، ئێمەش پێمان گوتن، گەلی مەخمور خاوەنی ئیرادەن و لێرەن. گەل ئەم هەوڵە قبووڵ ناکەن. نزیکەی ٣٠ ساڵە تێدەکۆشن. سەرەڕای هەموو گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان، ئەوان پێداگرن لەسەر دانانی قولەی چاودێری. ئێمە وەک جڤاک، هەنگاو بۆ دواوە نانێین، ئێمە ئیرادەمان ڕادەستی ئەو پێشمەرگانە ناکەین لەسەر قولەکانی چاودێری دەوەستن. گەل لێرەن، بڕیارەکە هی گەلە. تاکە شت لەبەردەستمان مابێتەوە بەرخۆدانە. ئەگەر پێویست بکات، شەو و ڕۆژ تێدەکۆشین. ئێمە ئیرادەمان ڕادەست ناکەین. ئیرادەمان ڕادەستی داگیرکەری تورک نەکرد و ئێستەش ڕادەستی حکومەتی عێراقی ناکەین. بەرخۆدان ژیانە، ئێمە سەردەکەوین. وەک چۆن ڕۆژئاوا و شەنگال سەرکەوتن، مەخموریش سەردەکەوێت».

پاش کۆتایی هاتنی ڕاگەیاندراوەکە، درووشمی «بژی بەرخۆدانی مەخمور» گوترایەوە.

مانەوەی گەل لەژێر خێمەکان بەردەوامە.

ف.ق