نەپەگە: هەموو هێزەکانمان لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور کشاندووەتەوە

فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە: بەڕێوەبەری بزوتنەوەکەمان بڕیاریدا کە هەموو هێزەکانمان لە مەخمور بکشێنینەوە. هێزەکانی هەپەگە و یەژاستارمان کشاندووەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا. ئێستا لە کەمپی پەنابەرانی مەخموردا هیچ هێزێکی ئێمەی لێ نییە.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رایگەیاند، "دەوڵەتی تورک لە ٨ ساڵی رابردوودا بۆ پاکتاوکردنی گەریلا و قڕکردنی گەلەکەمان هێرشی هەمەلایەنەی ئەنجامدا. بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا گۆشەگیری و دابڕاندنی لە ئیمراڵی چڕکردەوە و هەوڵیدا گەلەکەمان، سیاسەتی دیموکراتیک و بزوتنەوەی چەپی دیموکراتیکی تورکیا لە رێگەی گوشارەوە لاواز بکات، ئیرادەیان تێکبسکێنێت. حکومەتی ئاکەپە لە بنەڕەتدا لە ساڵی ٢٠١٤ ویستی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی، نکۆڵی و قڕکەری لەسەر دەستی داعش جێبەجێ بکات. بەڵام دوای ئەوەی داعش لە شەنگال، مەخمور، کەرکوک و کۆبانێ تێکشکێندرا، سیاسەتی قڕکەر بۆ یەکەم جار گورزی گەورەی بەرکەوت. وەک دەزانرێت کە گەلی کورد بە تەواوەتی دژی داعش و هەموو گروپە سەلەفیەکان گیانبازی گەورەیان کرد. گەلەکەمان لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی گەل لە ریزەکانی پێشی پێشەوە نەیانهێشت داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ئیمپراتۆر. هێزەکانمان لەو کاتەدا قوربانی زۆریاندا و بە پراتیکی شەڕی خۆیان کە لە دژی داعش ئەنجامیاندا ورە و بوێریان بە هەموان بەخشی، لەپێناو رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە بەڵایەکی گەورە، رۆڵێکی گرنگیان گێڕا  و ئەمەش راستییەکی مێژووییە".

لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگەدا هاتووە: "ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی داعش بەهێزکرا و کۆنترۆڵی زۆر شاری گرنگی وەک موسڵ و رەقای بەدەستهێنا، هێرشی کردە زۆر ناوچەی کوردستان. لەوەها دۆخێکدا لە سەر بنەمای فەرمان و بانگەوازی ئامادەباشی لەلایەن رێبەر ئاپۆوە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە شێوەیەکی چالاک دەستبەکاربوون". راگەیەندراوەکە بەم جۆرە بەردەوامە: "دەزانرێت کە وەک هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە یەکەم رۆژەوە ئێمە هێزمان رەوانەی شەنگال کرد و رێگریمان لە کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدیمان کرد. دواتر لەبەرامبەر هێرشە بەرفراوان و دژوارەکان ئێمە هێزەکانمان رەوانەی کەرکوک، مەخمور، دهۆک، لالەش، شەنگال و کۆبانێ کرد. بەم جۆرە دەستوەردانمان لە دۆخەکەدا کرد. وەک بزوتنەوەکەمان لە ئەیالەتەکانی زاگرۆس، ئامەد، گارزان و ئەرزڕومەوە هێزە گیانباز و بە ئەزمونترینەکانمان رەوانەی ئەو ناوچانە کرد. ئەگەر ئەوەمان نەکردایە ئەستەمبوو داعش رابگیرایە. هەروەها دەزانرێت کە دوای ئەوەی هێزەکانی گەریلامان ئەرکی خۆیان بەجێگەیاند و رێکخستنی خۆپاراستنی گەلەکەمان لەو ناوچانە سازبوو، هێزەکانمان هەنگاو بە هەنگاو کشاندەوە. کاتێک گەلەکەمان گەیشتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت خۆی بپارێزێت و ئیتر پێویستی بە هێزەکانمان نەمێنێت، وەک بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان ئێمە هێزەکانی هەپەگە و یەژاستارمان لە ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ بەدواوە کشاندەوە و ئەوەش دەزانرێت.

دوایین ئەڵقەی ئەم قۆناغەی مێژووییەی هێزەکانمان لە کەمپی پەنابەرانی سیاسی شەهید رۆستەم جودییە لە مەخمور. بەڕێوەبەریی بزوتنەوەکەمان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هێزەکانمان کە لەوێ ئەرکەکانیان تەواو بووە و بڕیاریدا کە هێزەکانمان لە مەخمور بکشێندرێنەوە. لە سەرەتای مانگی ئەیلول بەدواوە ئێمە هێزەکانی هەپەگە و یەژاستارمان لەوێ بە هۆی سەلامەتیانە بە شێوەیەکی شاراوە، رێکخراو و پلاندانراو قۆناغ بە قۆناغ کشاندووەتەوە بۆ هەڕێمەکانی پاراستنی مێدیا. ئێستا هیچ هێزێکی ئێمە لە کەمپی پەنابەرانی مەخموردا نەماوە.

با گەلی وڵاتپارێزمان و رای گشتیی بزانن کە هێزەکانمان ئەرکەکانی خۆیان بە تەواوەتی بە جێگەیاندووە و ئیتر پێویست بەوە نەماوە کە بەردەوام بن لە ئەرکەکەیان. پرسی کشانەوەی هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی مەخمورەوە بەرەو هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لەسەر داوای هیچ هێزێک نەبووە، بەتەواوەتی لە سەر بنەمای فکر و بڕیاری بزوتنەوەکەمان هێزەکانمان لەو گۆڕەپانە کشاندووەتەوە.

هێزەکانمان کە بە هۆی هێرشەکانی داعشەوە رەوانەی ئەو ناوچانە کردبوو، لە کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری، لە رۆژئاوا لە کۆبانێ، دوایین جاریس لە نیسانی ٢٠١٨دا لە شەنگال، لە هەندێک ناوچە بە شێوەی ئاشکرا، لە هەندێک شوێن لەپێناو سەلامەتی و پارزراوبوونیان بە شاراوەیی کشاندەوە. ئێستاش وەک کۆتا قۆناغی ئەوە، ئێمە هێزەکانمان بە شێوەی پارێزراو لە مەخمور کشاندەوە و ئەرکەکانیان لەوێ کۆتاییهات.

لەو بڕوایەداین و دڵنیاین کە خەڵکی وڵاتپارێز و بەنرخی مەخمور وەک پێویست لەو بڕیارەی بزوتنەوەکەمان تێدەگات. ئێمە لەو بڕوایەداین کە خەڵکە وڵاتپارێزەکەمان لە مەخمور کە خۆی گەیاندووەتە ئاستی وشیاری دیموکراتیکی نەتەوەیی، وەک ئەوەی بەر لە ئێستا کردوویانە، لەئێستاس بەدواوە دەتوانێت بە رێکخستنی مەدەنی خۆی بپارێزێت. بەڵام ئەگەر لە ئاستێکی باڵاتردا پێویست بە پارێزگاری هەبێت، گیانبازانی ئاپۆیی بە تایبەتی هەرێمەکانی مەخمور و شەنگال، لە هەموو هەلومەرجێکدا خۆیان دەگەیەننە هەموو گۆڕەپانێک، بەهانای گەلەکەمانەوە دەچن و بە دڵنیاییەوە ئەرکی پیرۆزی بەرگریی بەجێدەگەیەنن.

بەم بۆنەوە ئێمە جارێکی دیکە شەهیدانمان لە شەنگال، کۆبانێ، کەرکوک و مەخمور بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنینەوە کە لەبەرامبەر هێرشە قڕکارییەکانی داعش لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگایەتیان بۆ تێکۆشان لە دژی داعش کرد، بە قارەمانێتی خۆڕاگرییان کرد و هێرشەکانیان تێکشکاند. ئێمە بە رێزەوە بەژنی خۆمان بەرامبەر بە یادی ئەوان دادەنەوێنین، ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانمان داوە دووپاتی دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین کە لە تێکۆشانی ئازادیی گەلاندا خاوەنداری لە یادی ئەوان بکەین. گەلەکەمان کە تائێستا لە سەر رێبازی شەهیدانی قارەمان بەرخودانی مێژوویی دەکات، لەئێستا بەدواوەش ئەو بەرپرسیارێتیەی خۆی لە بەرزترین ئاستدا جێبەجێ دەکات. ئێمە لەوە دڵنیاین. رێز و خۆشەویستیان پێشکەش دەکەین و لە تێکۆشانی ئازادیدا هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین".