نەپەگە: لەسەر ڕێگەی شەهیدان بەردەوام دەبین

ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) یادی شەهیدانی مانگی ئایار دەکاتەوە و دەڵێت: «لەسەر ڕێگەی شەهیدان بەردەوام دەبین، تێکۆشان مەزنتر دەکەین لەپێناو ڕێبەرێتی ئازاد و کوردستانی ئازاد، خاوەندارێتی لە یادی شەهیدان دەکەین و تاجی سەرکەوتنیان لەسەر دەنێین».

نەپەگە بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی مانگی ئایار دەکاتەوە، بەم بۆنەوەیە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە:

«لە یادی ٤٦ ساڵەی شەهیدبوونی، بە ڕێز و شکۆوە یادی ڕۆڵەی قارەمانی گەلی دەریای ڕەش، کادری پێشەنگی تێکۆشانەکەمان، گیانی شاراوەی ڕێبەر ئاپۆ، شۆڕشگێڕی ئەنتەرناسیۆنال، هەڤاڵ حەقی قەرار دەکەینەوە. لە کەسێتی هەڤاڵ حەقی قەرار و شەهیدانی مانگی ئایاردا، یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دەکەینەوە، منەتبارییەکی گەورەیان پیشاندەدەین، بەڵێن دەدەین تێکۆشانەکەیان بگەیەنین بە سەرکەوتن.

بازنەی شەهیدبوون لە ١٨ ی ئایاری ١٩٧٧، بە شەهیدبوونی هەڤاڵ حەقی قەرار دەستیپێکرد. بە تێکۆشانی بەردەوامی نیو سەدە و زیاتر لە دەیان هەزار شەهید، ئیتر گۆڕا بۆ سوپای شەهیدان. حاڵەتی شەهیدبوونی پێشەنگە مەزنەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و تێکۆشانی شۆڕشی تورکی لە مانگی ئایار ڕوویاندا، هەر ڕۆژێکی مانگی ئایار مانایەکی وەرگرت بە شەهیدبوونی ئەو شۆڕشگێڕە قارەمانانەی جێگەیان پڕنابێتەوە. بۆیە پارتەکەمان و گەلەکەمان ڕۆژی ١٨ ی ئایار ناودەبەن بە ڕۆژی شەهیدان و مانگی ئایار ناودەبەن بە مانگی شەهیدان، ئیتر ئەم مانگە بەم شێوەیە هاتە نێو مێژووەوە. بەردەوام گەلی کورد بە مانا و مەعنەویاتێکی بەرزەوە پێشوازی لە مانگی ئایار کردووە، وەک قۆناغی خاوەندارێتیکردن لە یادی شەهیدان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان ئەم مانگەی نرخاندووە.

ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بناغەی خاوەندارێتیکردن لە شەهیدبوونی هەڤاڵ حەقی قەرار گوتی: «ئیتر خوێن ڕژا، بۆیە گەڕانەوە نییە»، گەیشتە بڕیاری دامەزراندنی پەکەکە، ئیتر پەکەکە لەسەر بناغەی دڵسۆزی بۆ ڕاستی شەهیدان و هەڤاڵێتی دامەزرا، دڵسۆزی بۆ شەهیدان بوو بە کەسێتیی سەرەکیی پەکەکە. لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان دەیان هەزار شەهیدمان بەخشی، بوون بە هێزێک لەپێناو بەردەوامبوون لە تێکۆشانە مێژووییەکەمان بە درێژایی نیو سەدە، بوونە سەرچاوەی سودوەرگرتن و مۆڕاڵ و باوەڕ و پێداگری و هەست و هزر و پێشەنگایەتی. ڕێبەر ئاپۆ مانایەکی مەزنی بەخشی بە هەموو بازنەیەکی شەهیدبوون، ئیتر بوو بە شەڕڤانێکی مەزن بۆ پاراستنی بەهای مەزنی شەهیدان، هەر حاڵەتێکی شەهیدبوونی گۆڕی بۆ قۆناغێک، تەڤگەرەکەمان لەسەر بناغەی ئەم دیالەکتیکە ڕۆژ بە ڕۆژ مەزنتر بوو تا گەیشت بەم قۆناغە. ئەو دوژمنانەی پێیان وا بوو بە کوشتنی ڕۆژانەی تاکە فیداکارەکان دەتوانن پەکەکە ببەزێنن و لەناوی ببەن، لەبەردەم دیالەکتیکی شەهیدان شکستیان هێنا، ڕێبەر ئاپۆ ئەم دیالەکتیکەی وەک دەریای ڕاستی و مانا ئافراند. 

ئەمڕۆ کاروانی مەزن و بەرخۆدانی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی بەردەوامە لەسەر بناغەی دڵسۆزی بۆ شەهیدان، وەک ماراسۆنێکی نیو سەدەیی و بێوچان. گەلی کوردستانی وڵاتپارێز، بە ڕێز و شکۆیەکی مەزنەوە پێشوازی لە شەهیدان دەکات، بەو هێزەی لە شەهیدانەوە وەریگرتووە درێژە بە تێکۆشانی ئازادی دەدات، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە دژوارترین هەلومەرجدا بەرخۆدان دەکەن دژی ماشێنی قڕکردنی دڕندانەی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، هەروەها بەرامبەر نوێترین و دڕندانەترین چەک، بەرامبەر چەکی کیمیایی، دڵسۆزانە لەسەر ڕێگەی شەهیدان شەڕ دەکەن.

سوپای نەمری شەهیدانی پەکەکە لە تێکۆشانی ئازادی بێوچانی ئێمەدا بەردەوامە، ڕۆژ بە ڕۆژ مەزنتر دەبێت، هەر حاڵەتێکی شەهیدبوون و هەر داستانێکی قارەمانانە و هەر هەڵوێستێکی فیداکارانە زیاتر لە سەرکەوتن نزیکمان دەکاتەوە. لە مانگی شەهیدان و لە ٤٧ ـەمین ساڵیاددا، هەڤاڵانمان لە هەموو جێگەیەکی کوردستان بوێرانە بەرخۆدان دەکەن، بە هەڵوێست و شەڕی خۆیان، بەشێوەیەکی داهێنەرانە نوێنەرایەتی لە هێڵی شەهیدان دەکەن و بوێرانە بەرەو شەهیدبوون هەنگاو دەنێن. تاوەکو گەلی کوردستان ڕۆڵەی وەهای هەبێت، بەبێ ترس شەڕبکەن و بوێرانە بەرخۆدان بکەن، هەرگیز دۆزی ئازادی ناکەوێت و بێگومان سەردەکەوێت.

وەک هێزەکانی پاراستنی گەلی کوردستان کە بە پێشەنگایەتی پارتی شەهیدان پەکەکە شەڕدەکەین، لەسەر ڕێگەی شەهیدان بەردەوام دەبین، کاروانی خۆمان لەپێناو ڕێبەرێتی ئازاد و کوردستانی ئازاد ڕۆژ بە ڕۆژ مەزنتر دەکەین؛ بێگومان خاوەندارێتی لە یادی شەهیدەکانمان دەکەین و ئامانجەکانیان بەدی دەهێنین. لەسەر ئەم بناغەیە، دووبارە بە ڕێز و شکۆ و منەتبارییەوە یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە، بەڵێن دەدەین لە ئاستی یادی ئەوان بین، بەبێ هیچ سازشێک لەسەر ئەم شتە شەڕدەکەین».

هـ . ب