دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە شاری کەرکوک کە دوای هەژدە ساڵ ئەنجامدرا و لای زۆربەی لایەن و پێکهاتەکان ئەم هەڵبژاردنە بە چارەنوس ساز درایە قەڵەم، نیاز حامد چاودێری سیاسی سەبارەت بە گرنگی و کاریگەری ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و گوتی: "لە ۱٨ی ۱۲ی ۲۰۲۳، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە شاری کەرکوک بەڕێوەچوو، لەوێدا کۆمەڵێک لە لیستە کوردیەکان و عەرەبەکان و تورکمان تێیدا بەشداری کرد، ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە کە لەو هەڵبژاردنەدا کۆمەڵێک دەرهاویشتە لە ئەنجامەکان بەدەستهات، کە لەوانەش سەلمێنرا کورد زۆرینەیە لە کەرکوک. وێڕای ئەوەی ڕوداوەکانی کە لە ۱٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ پەدەکە ئەنجامی دا لەگەڵ هەردوو دەزگای میت و ئیتلاعات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەرکوک کوردبوون و کوردستانیبوونی خۆی سەلماند، ئەوەش بە ڕوونی لە ژمارەی کورسییەکاندا دیارە. دەکرێ کاریگەری کورد و کوردوستانیبوونی شارەکە بۆ داهاتوو بسەلمێنێت، ئەوە گرنگییەکەی بوو."
'پلانگێڕییەکی هەرێمی لە دژی کەرکوک هەیە، بۆ ئەوەی لە کوردستانیبوونی دابماڵن'
لەبارەی ڕوداوەکانی دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر و ئیدارەکردنی کەرکوک بەهێزی شۆڤینی و سەربازی، هەروەها سیاسەتی بەتەعریبکردنی نەتەوە جیاوازەکان لە کەرکوک و کاریگەرییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەسەر ئەو پڕۆسانە، نیاز حامید وتی: "دەبێ ئەوەمان لەبیربێ ڕووداوەکانی دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر پیلانگێڕییەک بوو، دەیانویست کەرکوک بە حەلەب بکرێ، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان، ئەوکاتە نوێنەری ئەمریکا بۆ شەڕ دژی داعش و حوکمەتەکەی عەبادی ڕێگربوون لەوەی ئەو سیاسەتەی تورکیا و ئێران بە هاوکاری پەدەکە و پارتیەکانی ناو یەکێتی سەربگرێت. توانرا ئەو پلانە هەڵبوەشێندرێتەوە و کەرکوک بپارێزرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و تورکیا بەهاوکاری پەدەکە نەوەستا و بەردەوامبوو و پیلانگێڕییەکەیان لە کەرکوک کۆتایی نەهات. ڕێگربوون لەوەی پارێزگای بۆ دابنرێت، بە هەماهەنگی دەزگا جاسوسیەکان و پشتیوانی حکومەتی دوای عەبادی توانیان پارێزگایەکی ناسراو بە شۆڤینی بۆ دابنێن، هەر کە دەستبەکاربوو هەوڵیدا سیاسەتی بە تەعریب کردن لەسەر کورد ئەنجام بدات، کە زۆر دژوارتربوو لە تەعریبکردنەکەی بەعس. نوسراوێکی دەرکرد بۆ قەدەغەکردنی پیرۆزکردنی نەورۆز لە کەرکوک، بەڵام لە ژێر فشاری خەڵکدا کشاندییەوە، زۆر نمونە و بەڵگەی تر هەن کە دەریدەخات پلانگێڕییەکی هەرێمی لەسەر کەرکوک هەیە. دەیانەوێن لە کوردستانیبوونی دابماڵن، کە ئەمەش بە پلانگێڕی پەدەکەیە، بە هەماهەنگی هەندێک دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی کە من ناوم ناون پانیکەکان (پارتەکانی ناو یەکێتی)، تا کۆنگرەی چەند ساڵێک لەمەوپێش ئەوان زۆر کاریگەر بوون بە هەماهەنگی پەدەکە و میت و ئیتلاعات بۆ ئەوەی کەرکوک لە کوردستانی بوونی خۆی دابماڵن."
ناوبراو سەبارەت بە ئیدارەدانی شاری کەرکوک لەلایەن لایەنە کوردییەکان و تاراندنی خەڵکی خاوەن نەتەوەی جیاواز لە بەڕێوەبردنی پارتە کوردییەکان و نەژادپەرستی و دروستکردنی ڕق بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردیش وتی: "سەرباری ئەوەی کە ئیدارەدانی کەرکوک لە ٢٠٠٣ وە تا ٢٠١٧ ئیدارەدانێکی زۆرکلاسیکانە بوو، پەدەکە ڕۆڵی کاریگەری لە تاراندنی وێگربوونی کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحییەکان هەبوو لەناو کەرکوکدا، ئەوان لەڕێی چەکدارەکانی پارتی ئاسایشیان پێشێل دەکرا و ڕێگریان لێدەکرا و پارەیان لێوەردەگیرا، پارتەکانی ناو یەکێتیش هەمان سیاسەتیان بەکاردەهێناو ئەمەش وایکرد کە دەسەڵاتی بەڕێوبردنی کورد وێنایەکی ناشرین و ڕق و قین و نەژادپەرستی نیشان بدات و نەتەوەکانی تر کاردانەوەی باشیان لەبەرامبەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کورد نەبێت، دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر کە بریتیبوو لە پلانگێڕی بۆ بە حەلەب کردنی شاری کرکوک، بەڵام شکستی هێنا، دوای گۆڕینی حوکمەتەکان، عەرەبی شۆڤینی و هەروەها بەرەی تورکمانیش لەژێر کاریگەری دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و بەتایبەت تورکمانە تیرۆرستەکان کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر هێشتنەوەی کەرکوک لە حاڵەتێکی ناسەقامگیر، بەتایبەت چەندەها کردەی تیرۆرستی لەلایەن تورکمانە تیرۆرستەکان و داعش و بەعسیە شۆڤینییەکان لەناو کەرکوک ئەنجامدرا."
'پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکان بەشێکن لە دەوڵەتی تورکیا'
سەبارەت بەوەی کە پەدەکە و حزبە ئیسلامییەکان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕازی نەبوون بچنە پاڵ لیستی یەنەکە-حزبی شیوعی و بەشێکبوون لە پەرتکردنی ناو ماڵی کورد نیاز حامید، چاودیری سیاسی وتی: "ئێمە دەزانین لە کاتی دروستبوونی لیستەکان پەدەکە و حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان کە بەشێکن لە دەوڵەتی تورکیا کەوتنە پەرتکردنی ماڵی کورد و نەهاتنە ژێرباری ئەوەی لیستێکی هاوبەش دروستبکەن بۆ ئەوەی زۆرینەی کورسییەکان بەدەست بهێنن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەلمێندرا کە کەرکوک شارێکی کوردستانییە و زۆرینەی کوردە. ئەگەر پارێزگاری کەرکوک بەدەست کوردەوەبێ، ئەو لایەنانەی کە تورکیا لە کەرکوک پشتیوانیان لێدەکات و چەکداری کردوون پشێوی دەنێنەوە، وە داعشیش نزیکە و لە چیای قەرەچۆغە، دەتوانێت بە هاوکاری لۆجستی پەدەکە زۆر کردەی تیرۆرستی لەناو کەرکوک ئەنجام بدات. بەڕاستی دەوڵەتی تورکیا وەک چۆن توانی لە ڕێی داعشەوە لە ئێران تەقینەوە ئەنجام بدات، دەتوانێ لە کەرکوکیش زۆر کردەی تیرۆرستی ئەنجام بدات و خەڵکی کەرکوک نیگەران بکات و ئەمن و ئاسایشی شارەکە نەهێڵێت."
هەروەها لە چوارچێوەی پلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ڕێگری کردن لەوەی کورد پارێزگاری خۆی لە کەرکوک دابنێ، ئەم چاودێری سیاسیە پێیوایە کە پەدەکە ڕێگە بۆ تورکیا خۆشدەکات دژی کوردە و بەشێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ماڵوێرانی کورد، وتیشی: "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی بەرەی تورکمانی تیرۆریست لە تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان بوو، کە داڕێژەری تیرۆرە دژی کورد و لە لێدوانەکانیدا بە ئاشکرا ئاماژەی بەوەدا کە دەبێ پارێزگاری کەرکوک تورکمان بێت و ناشبێت پەدەکه پشتگیری لەو لیستەی یەکێتی بکات. بەمەش دوو مەرجی هاویشتە ناو کایەی سیاسەتوانان لە باشووری کوردستان و بەتایبەت لە کەرکوک. یەکەم ئەوەیە کە دەبێ پارێزگاری کەرکوک تورکمان بێت لە کاتێکدا ژمارەیان زۆر کەمە، دووەمیش نابێت پەدەکە پشتگیری لە لیستی یەکێتی بکات و دوو هێڵی سوریان دانا. پێشموانییە پەدەکە بتوانێت لە چوارچێوەی مەرجەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بێتەدەر، چونکە ئەو پارتە وەک گروپێکی سیاسی کارناکات و ئەڵقە لەمست و مولتەزەقەی دەوڵەتی تورکیایە، وەک قروجییەکانی باکوری کوردستان ئەویش بەهەمان شێوە قروجی باشوری کوردستانە، وە دەیەوێت سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە کەرکوک جێبەجێ بکات، ئێمە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ مان لەبیرە کە چ پلانگێڕییەکی کردن کە لە ئەنجامدا چوار گەنجی ئەو شارە بوونە قوربانی. هاوکات لەگەڵ هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران بۆسەر شەڕڤانانی ڕێگای ئازادی قەسەدە، پەدەکە و بەرەی تورکمانی تیرۆریست لەوێ پشێوییان نایەوە بۆ ئەوەی زەمینە بڕەخسێنن تا ئەو هەڵبژاردنە دوابکەوێ، چونکە ئەوان دەیانزانی کورد دەتوانێ ژمارەیەکی زۆر کورسی بهێنێت و خۆی پارێزگار بۆ خۆی دابنێت. هەر بۆیە پەدەکە داردەستی داگیرکەرانە و سیاسەتی تورکیا لێرە جێبەجێ دەکات، وەک چۆن ئێستا پێش سوپای داگیرکەر کەوتووە و ڕێگەوبانیان بۆ خۆشدەکا بۆ هێرشکردنە سەر گەریلا، بەهەمان شێوە دەیەوێ لە کەرکوکیش بچێتە سەر کوردی بەناموس و ماڵیان وێران بکات."
'پارادایمی پێکەوە ژیانی گەلان تاکە چارەسەرە'
نیاز حامید، چاودێری سیاسی پێیوایە لەبەرئەوەی کە کەرکوک شارێکی فرە ئاین و نەتەوەیە، دەکرێ لیستی یەنەکە -حزبی شیوعی لەگەڵ عەرەب و تورکمان و مەسیحییە میانڕەوەکان ڕێبکەون و پارێزگار بۆ خۆیان دابنێن و لەم بارەیەوە بۆ ئەوەی بتوانن مۆدێلێکی گونجاوی پێکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکان ڕێکبخەن و وتی: "دەبێ ئەوە لەبیرنەکەین کە تەڤگەری ئازادی دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی لیستی یەنەکە-حیزبی شیوعی، کە ئەمەش وایکرد کە بەشێکی بەرچاوی دەنگدەران، هەواداران و دەنگدەرانی تەڤگەری ئازادی بن، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە، چونکە تەڤگەری ئازادی هێڵی پاراستنی وڵاتە و هەمیشە پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورک پوچەڵ دەکاتەوە.
هەربۆیە پێویستە لە کەرکوک کە شارێکی کوردستانی فرە نەتەوە و ئایینە، پارادایمی پێکەوە ژیانی گەلان کە ئێستا لە ڕۆژئاوا بەرقەرارە، جێبەجێ بکرێت و جگە لەوە هیچ ڕێگەیەکی ڕزگاربوون نییە و گەر وانەکەن دەوڵەتی تورکیا ئاشتی و ئاسایشی شارەکە پەشێو دەکات".