پارتی (پەدەکە) لە زاپ ڕێگا بۆ سوپای تورک دروست دەکات

سوپای تورکی داگیرکەر لە بەرامبەر گەریلادا شکستی هێناوە، بەڵام پارتی (پەدەکە) بە هانای سوپای تورکەوە دەڕوات و لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ لە نێوان شاخی هەکاری و شاخی ئامێدی بە حەفارە و شۆفڵ ڕێگا بۆ سوپای تورک دروست دەکات.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا لە ١٤ی نیسانی ئەمساڵەوە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

هێزە داگیرکەرەکان لە زاپ بە بنبەست گەیشتوون، لە ٢٤ی ئایارەوە زیانی قورسیان بەردەکەوێت و یەک لەسەر یەک لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە گورزیان لێدەدرێت، بۆیە شەوی ٢٦ی ئایار داگیرکەران هێرشەکانیان بۆ سەر ڕۆژئاوای زاپ بەرفراوانتر کرد.

لەو کاتەوە شەڕی قورس لە نێوان سوپای تورک و گەریلاکان لە ڕۆژئاوای زاپ و لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی هەکاری، شاخی جودی، شاخی ئێف ئێم و شاخی ئامێدی بەردەوامە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی گەریلاوە بە دەستمان گەیشتووە، سوپای تورک بە ٤ هەلیکۆپتەر سەدان سەربازی لەو ناوچانەدا دابەزاندووە، سەربازەکان گورزی قورسیان لێدراوە و تەرمی چەندین سەرباز و کەرەستەی سەربازیی ئەو سوپا داگیرکەرە کەوتوەتە ژێر کۆنترۆڵی گەریلا.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، هێزەکانی پارتی (پەدەکە) جارێکی تر بە هانای دەوڵەتی تورکەوە ڕۆیشتوون، کە سەربازەکانی لە  گۆڕەپانەکانی جەنگ دا بێهیوا بوون و بە بنبەست گەیشتوون.

هێزەکانی پارتی (پەدەکە) لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ هاوکاریکردنی سوپای تورکی داگیرکەر و بە هاناوەچوونی ئەو سوپا داگیرکەرە لە ٢٧ی ئابدا دەستیان کردووە بە دروستکردنی ڕێگایەک لەنێوان شاخی هەکاری و شاخی ئامێدی.

لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا، کە لە ٢٧ی ئابدا تۆمارکراون، هێزەکانی پارتی (پەدەکە) بە ٢ حەفارەی گەورە و ٢ بلدۆزەر (شۆفڵ) و ٥ ئۆتۆمبێلەوە بەرەو ناوچەی بەرخودان و بەرهەڵستیی هێزەکانی گەریلا ڕێگا دروست دەکەن.

دروستکردنی ئەو ڕێگایە خزمەتکردنە بە سوپای تورکی داگیرکەر. ئەو سوپا داگیرکەرە لە زەمینەوە ناتوانێت بگاتە ئەو ناوچەیە و لە رێگەی ئاسمانیشەوە ناتوانێت بە ئاسانی بەرەو ئەو ناوچەیە پێشڕەوی بکات، چونکا گورزی زۆر گەورەی لێدەدرێت، بۆیە پەدەکە بە دروستکردنی ئەو ڕیگایە دەیەوێت بە هانای سوپا داگیرکەرەکەى دەوڵەتی تورکەوە بڕوات و هاوکارییان بکات لە داگیرکردنی خاکی کوردستاندا.

ژ.ت