تادێت هەڵوێست و ناڕەزاییەتیەکان بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان زیاتر دەبێت. هاوڵاتییان لەو راستیە تێگەشتوون کە مەرامی دەوڵەتی تورک هەمیشە مەرامێکی داگیرکاری و قڕکردن بووە لەسەر هەموو ئاستەکاندا. بۆیە هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە تەنها ڕێگەی چارەسەری، ڕێگەی 'ئاشتی و دیالۆگ' بێت نەک شەڕ و داگیرکاری. لە درێژەی ئەو هەڵوێستانەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و باسی لە پێشهاتەکان کرد.
نابێت کورد بەشداری پلانی نێونەتەوەیی بێت
پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بە مەترسی بەشداریکردنی کورد کرد لە پلان و داگیرکارییەکانی شەڕ و و وتی: "بۆ کورد لە هەرشوێنێک بن هێڵی سوورە ڕووبەڕووی یەکترببنەوە یان بچنە ناو پلانێکی هەرێمی یا نێونەتەوەیی، لە ئێستادا ئەو جەنگە جیهانییە ڕانەگەیاندراوەی لە جیهاندا بەرپابووە، ئەوەی بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەرخست کە شەڕ تەنها نەهامەتی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زیاتر دەکات و نابێتە بەشێک لە چارەسەر. بۆیە دەوڵەتی تورکیا دووبژاردەی خستۆتە ڕوو و ڕاگەیاندووە ئەویش؛ بژاردەی شەڕە و بژاردەی دیالۆگ و ئاشتییە بە تایبەت لەو وتارەی سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لە ئامەد ڕایگەیاند. بۆیە بە تێڕوانینی من پێویستە کورد تێڕوانینی بۆ هەردوو بژاردەکە هەبێت، وەک کورد لەگەڵ بژاردەی شەڕ نین و هەمیشە بەرگرییمان لەخۆمان کردووە. بۆیە دەکرێت بیر و کار لەسەر میکانیزم و بژاردەی ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتیانە بکەین. کورد هەمیشە بەشێکە لە چارەسەر لە ناوچەکەدا و بەشێک نیە لە سازدانی شەڕ و قوڵکردنەوەی ململانێیەکان."
بۆ کورد گرنگە کار لەسەر دوو بنەما بکات
لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد گرنگە کورد بە هۆشیارییەوە لەم دۆخەدا مامەڵەبکات و وتی: "بۆ کورد گرنگە لە ڕوانگەی دوو بنەماوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکات بنەمای یەکەم کارکردنە لەسەر ناکۆکیە ناخۆیەکان و تێپەڕاندنییانە. بنەمای دووەمیش ئەوەیە نەبێتە بەشێک لە پەرەپێدان و هاوبەشی ئەجیندای شەڕ و پلانە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان، ئاسایشی ئابووری و ژیانی هاوڵاتییانی خۆی مسۆگەربکات.
بۆیە گرنگە وەک کورد لە سۆنگەی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەوە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بڕوانین و بەرژەوەندی ئابووریی کورد لەم چوارچێوەیەدا جێگە بکرێتەوە. چونکە ئەوە دەرکەووتووە هیچ شەڕێک کۆتاییەکی باشی نەبووە و نابێ. بە بڕوای من کورد فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت لە بونیادنانی ئاسایش و سەقامگیری لە جیهان و ناوچەکەدا."
قوربانیانیەکان مەدەنین
پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر پەیوەست بە هێرش داگیرکاری دەوڵەتی تورک ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ لایەنە باڵاکانی دەوڵەتی تورک قسەمانکردووە و ئەوەمان ڕوونکردۆتەوە قوربانیانی ئەو هێرشە ئاسمانیانە مەدەنین و وتی: " بەلایەنی کەمەوە لە چوار هێرشی کۆتاییدا قوربانیەکان مەدەنین و شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایی هاوڵاتیانن کراونتە ئامانج، لەم وەرزەی کشتوکاڵ کردنەدا ڕەز و باخی هاوڵاتییان زەرەر و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. هەروەها بووەتە هۆکاری دۆخێکی ناسەقامگیر لە ناوچە گەشتیارییەکاندا. بۆیە لەو هیوایەداین چیتر کوردستان نەبێتە جێگەیی یەکلایکردنەوەی کێشەکانی وڵاتانی ناوچەکە. وە لە ڕێگەی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانەوە کارێک بکرێت ببێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووری باشووری کوردستان و پارێزگایی سلێمانی. لە بری ئەوەی فرۆکەی جەنگی لە ئاسماندا بسوڕێتەوە، فرۆکەی مەدەنی بسوڕێتەوە و پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی ئاسایشی ئابووری پەرەی پێبدرێت و هەموو ئەو ئابڵوقە ئابووریانە بەکۆتابهێنرێت کە لە دەرنجانی ململانێی سیاسیەوە هاتوونەتەکایەوە."
کورد سەرچاوەی چارەسەری کێشەکانە
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەو ڕاستینە مێژوویە کرد کە لە ناوچەکەدا تەنها لە ڕێگەیی کوردەوە بەدەست دەهێنرێت و وتی: "ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبیێتە هۆکاری ناسەقامگیری لە هەموو جیهاندا، مەترسی هەڕەشە لەسەر ئابووری کوردستان هۆکارە بۆ ناسەقامگیری ئابووری لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا. مێژوو ئەوەی بۆ سەلماندووین کە چارەسەری لە ڕێگەی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی کوردەوە دێتەکایەوە. بۆیە هیوادارم کورد وەک سەرچاوەی چارەسەری کێشەکان تەماشا بکرێت نەک وەک گرفت و مەترسی و هەڕەشە."