پەدەکە بکوژی وڵاتپارێزانی کورد دەپارێزێت

لە سێ ساڵی ڕابردوو لە باشوری کوردستان، بەتایبەت لە شاری سلێمانی، ٦ هێرش بۆ سەر وڵاتپارێزانی کورد ئەنجامدراوە، تا ئێستا تاوانبارەکان لەلای پەدەکەوە (پاراستن) داڵدە دەدرێن و هێشتا دەستگیر نەکراون.

ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی زەکی چەلەبی، بەڵام هێشتا بکوژان دەستگیر نەکراون. لەم دواییانە، تاوانەکانی کوشتنی سیاسی لە باشور کوردستان ڕووی لە زیادبوونە، بەتایبەت لە سلێمانی، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو ٦ هێرش ئەنجامدراوە و ٥ وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕ بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی وڵاتپارێزی کورد محەمەد زەکی چەلەبییە، کە لەبەردەم چێشتخانەکەی بەناوی دەنیز تیرۆرکرا، هەرچەند لە ڕاگەیاندنەکانەوە وێنەی بکوژان بڵاوکرایەوە، کەچی هێشتا دەستگیر نەکراون.

دواتر دەرکەوت، بکوژەکە بەرەو هەولێر هەڵهاتووە و دەزگای پاراستن داڵدەی داوە. 

سەرەتا، لە ١٦ ی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی، هاوڵاتییەک بەناوی فەرهاد باریش کۆندو خەڵکی باکوری کوردستان کرایە ئامانج، بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بوو. 

لە ١٧ ی ئایاری ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی، ئەندامی کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پەکەکە، یاسین بولوت، بە ناسناوی شوکری سەرحەد، کرایە ئامانجی هێرشی دەزگای میت، بەو هۆیەوە شەهید بوو.

لە شەوی ١٧ ی ئەیلوولی ٢٠٢١، لە گەڕەکی بەختیار شاری سلێمانی، وڵاتپارێزی خەڵکی باکوری کوردستان و خاوەنی چێشتخانەی دەنیز، محەمەد زەکی چەلەبی تەقەی لێ کرا، بەو هۆیەوە لە ١٨ی ئایار لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی چووە ڕیزی شەهیدان، لەوکاتەوە تا ئێستا، هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕووداوەکە و تاوانباران ئاشکرا نەکراوە.

لە بەرواری ٢٨ ی ئابی ٢٠٢٢، وڵاتپارێزی خەڵکی باشوری کوردستان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی، سوهەیل خورشید عەزیز (مامۆستا شەماڵ) بە دەستی نۆکەرانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تیرۆرکرا.  

هەروەها لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، لە ٤ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی و چالاکوان و ئەکادیمیست، ناگیهان ئاکارسەل شەهیدکرا.

بەم دواییانەش، لە شاری دهۆکی باشوری کوردستان، لە ١٧ ی نیسانی ٢٠٢٣، لەڕێگەی هێرشێکی چەکدارییەوە حوسێن تورلی شەهیدکرا. پێشتر هێرشێکی چەکداری تر کرابووە سەر حوسێن تورلی و بریندار کرابوو.

سەرباری هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بکوژان، کەچی هێزە ئەمنییەکان هیچ زانیارییەک لەم بارەیەوە ناخەنە بەردەست. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی دەزگا ئەمنییەکان، بەشێک لە بکوژەکان لە باشوری کوردستان دەستگیرکراون، بەڵام هێشتا ناسنامە و چارەنووسیان ئاشکرا نەکراوە.  

هـ . ب