په‌ده‌كه‌ له‌ باشوری كوردستان سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ڕێوه‌ده‌بات

نوێنه‌ری زیندانیانی بادینان ئایهان سه‌عید رایگه‌یاند، كه‌ په‌ده‌كه‌ هونه‌رمه‌ند بڵند نه‌بی ئامێدی به‌ هۆی موزیكێكی ٣٠ چركه‌ییه‌وه‌ كه‌ بۆ زیندانیانی بادینانی دروستی كردبوو، بۆ دووه‌م جار ده‌ستگیركردووه‌.

نوێنه‌ری زیندانیانی بادینان ئایهان سه‌عید ئاشكرای كرد كه‌ دوای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند بڵند ئامێدی به‌ موزیكێكی ٣٠ چركه‌یه‌كی به‌شداری له‌ كه‌مپینی ئازادی زیندانیانی بادینان كردووه‌، له‌ ١ی ئابدا له‌لایه‌ن ئاسایشی په‌ده‌كه‌ له‌ دهۆك ده‌ستگیركراوه‌ و دوای هه‌فته‌یه‌ك به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی بێده‌نگ بێت ئازاد كراوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی بێده‌نگ نه‌بوو جارێكی تر ده‌ستگیركراوه‌ته‌وه‌.

نوێنه‌ری زیندانیانی بادینان ئایهان سه‌عید هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "هونه‌رمه‌ند بڵند ئامێدی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و سته‌مه‌ی كراوه‌ بێده‌نگ نه‌بوو،سه‌رله‌نوێ ده‌زگای ئه‌منی په‌ده‌كه‌ له‌ رۆژی ٩ی ئابدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناشارستانی رفاندیان و به‌ره‌و ئاسایشی گشتی هه‌ولێریان بردووه‌. ئه‌و موزیكژه‌نه‌یان ئه‌شكه‌نجه‌ داوه‌ و تائێستا رێگه‌ نه‌دراوه‌ كه‌س بیبینێت. ته‌نانه‌ت رێگه‌ نه‌دراوه‌ پارێزه‌ریشی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌. له‌و زیندانه‌دا رێگه‌ ده‌درێت كه‌ ته‌نانه‌ت تیرۆریستیه‌كانیش پارێزه‌ریان هه‌بێت، به‌ڵام رێگه‌ به‌ هونه‌رمه‌ندێكی كورد نادرێت پارێزه‌ری هه‌بێت".

هونه‌رمه‌ند بڵند نه‌بی ئامێدی له‌ هه‌مان كاتدا كه‌سێكی كه‌م ئه‌ندامه‌. پێشتر به‌شداری له‌ كه‌مپینی ئازادی زیندانیانی بادیناندا كردبوو.

هـ . ب