پەردە لەسەر پەیکەری فەرماندە پیر چەکۆ لادرا

فەرماندەی یەبەشە پیر چەکۆ لە ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٣ لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەڵ ئاگر جەفری هاوڕێی شەهیدبوو، ئەمڕۆ بە مەراسیمێک پەردە لەسەر پەیکەرەکەی لادرا.

لە ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٣ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر ڕێگەی گوندی بەحراڤا ئۆتۆمبیلی فەرماندەی یەبەشە پیر چەکۆی کردە ئامانج، بەهۆیەە فەرماندە پیر چەکۆ و ئاگر جەفری شەهیدبوون.

ئەمڕۆ لە ناوەندی یەبەشە لە خانەسۆر بە مەراسیمێک پەردە لەسەر پەیکەری پیر چەکۆ لادرا.

دەیان نوێنەری ڕێکخراو و دامەزراوەی شەنگال، گەلی عەرەب و پارت و لایەنە سیاسییەکانی شەنگال بەشداربوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، بنەماڵەی شەهید پیر چەکۆ پەردەیان لەسەر پەیکەرەکە لابرد.

باوکی پیر چەکۆ، عەلی بەدەل سەرەخۆشی لە تەواوی گەلی ئیزدی کرد و ڕایگەیاند پیر چەکۆ بۆ تەواوی جڤاکی ئێزدی تێکۆشا و گوتی: "بۆ تۆڵەکردنەوەی کچ و ژنانی ئێزدی، لە شنگال تا ڕەقە لەناو بەرخۆدانندا بوو، بەڵام بەداخەوە بە هۆی خیانەتەوە شەهید بوو".

لەسەر ناوی فەرماندەیی یەبەشە و یەژەشە ئاخین ئینتیقام، گوتی: "پیر چەکۆ وەک فەرماندەیەکی گەنج، هەموو ژیانی خۆی خستە خزمەتی گەلەکەیەوە و گیانی خۆی بۆ گەلەکەی بەخشی".

هەروەها ئاخین گوتی: "ئەمڕۆ سەدان گەنجی ئێمە لەناو ڕیزەکانی یەبەشە و یەژەشە تێدەکۆشن، چەکی چەکۆکانیان هەڵگرتووە و بەدوای تۆڵەکردنەوەیەوەن، ناهێڵین خوێنی پێشەنگەکانمان بەفیڕۆ بڕوات، یەک بە یەک حیساب لە خیانەتکاران دەپرسین".

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال خودێدا ئیلیاس لە مەراسیمەکەدا ئاماژەی بەوە کرد دوژمن پێشەنگانی جڤاکەکەمان دەکاتە ئامانج، گوتی: "بەداخەوە دوژمن دەست دەخاتە نێو گەلەکەمانەوە، هەندێک کەسی دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی هاوکاری دوژمن دەکەن و پێشەنگەکانمان شەهید دەکەن. بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین، ڕێگە بە دەستوەردانی دوژمن نەدەن، کەسێکمان شەهید بێت لە هەموو جڤاکەکەمان دەچێت، ئەم هەڤاڵە بۆ خۆی نا بەڵکو لەپێناو تەواوی گەلەکەی کار و خەباتی کرد".

لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) عەدول شەمۆ ڕایگەیاند پێویستە گەل بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، گوتی: "ئێمە قوربانی زۆرمان بۆ ئەم خاکە داوە، بۆیە دەڵێین ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین و خاوەنداری لە خاکەکەمان دەکەین".

پاش دابەشکردنی خێری شەهید پیر چەکۆ، مەراسیمەکە کۆتایی هات.