پرۆفیسۆر کاڤالی: دەبێت رۆژئاوا بپارێزین
پرۆفیسۆر فرانکۆ کاڤالی ئەوەی خستەڕوو کە بۆ رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دیموکراتیک و ئاشتیانە مۆدێلی رۆژئاوا تاکە هیوایە و وتی، دەبێت ئەو مۆدێلە بپارێزین".
پرۆفیسۆر فرانکۆ کاڤالی ئەوەی خستەڕوو کە بۆ رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دیموکراتیک و ئاشتیانە مۆدێلی رۆژئاوا تاکە هیوایە و وتی، دەبێت ئەو مۆدێلە بپارێزین".
پرۆفیسۆر فرانکۆ کاڤالی رایگەیاند، کە مۆدێلی رۆژئاوا بۆ هەمووان نمونەیەکی ناوازەیە و ئەوەی خستەڕوو کە کوردەکان لە دۆخێکی زۆر دژواردا توانیویانە سیستمێکی دیموکراتیک بونیادبنێن و بۆ سەرتاسەری جیهان ببنە نمونە. پرۆفیسۆر فرانکۆ کاڤالی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان بە هۆی نیازی ئەردۆغان بۆ قڕکردن نیگەرانن و وتی، "جیهانی دیموکراتیک و پێشکەوتنخواز دەبێت زیاتر لەئێستا بۆ پاراستنی رۆژئاوا تێبکۆشێت".
دوابەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە سوریا و هاتنەسەرکاری بەرەی تەحریر شام (هەتەشە)، تورکیا و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چڕکردەوە و زیاتر لە مانگێکە شەڕڤانانی قەسەدە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق بەرەنگاری ئەو پەلامارانە بوونەوە. زانای سویسری و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و سیاسەتمەدار پرۆفیسۆر فرانکۆ کاڤالی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکان لە سوریا کرد.
'بڕوام بە زمانی نەرمی جیهادیستەکان نییە'
پرۆفیسۆر کاڤالی لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو رژێمە نوێیەی لە سوریا دروست بووە لە تورکیاوە نزیکە و پێش مانگێک هاوشێوەی داعش بە تیرۆریست دادەنرا، بەڵام ئەمرۆ هەر ئەوانە زمانێکی نەرم بەکاردەهێنن، بەڵام من بڕوام پێیان نییە. مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە ئەو دۆخە کاریگەری ئیسلامییەکانی نزیک لە داعشی زیاتر کردووە. رووداوەکانی ئەم دواییە لە سوریا هێزی ئەردۆغانی زیاتر کردووە کە بەردەوام دەڵێت، هەموو شتێک لە رۆژئاوا دەبێت لەناوببرێت".
'رەنگە ئەردۆغان داوای قڕکردنی کوردان بکات'
پرۆفیسۆر کاڤالی سەرنجی راکێشا بۆ سەر مەترسییەکان بۆ سەر لایەنگرانی دیموکراسی لە سوریا و کوردەکان و جەختی لەوەکردەوە کە هەرگیز باوەڕی بەوە نییە کە رژێمی نوێی سوریا دیموکرتیک ببێت، مافەکانی ژنان یاخود کەمایەتیەکان بپارێزێت. پرۆفیسۆر کاڤالی لە درێژەدا وتی، "لەبەر ئەوەش زۆر نیگەرانم. بە درێژایی ١٠ ساڵی رابردوو هەرگیز هێندە نیگەران نەبووم. بەتایبەتی مەترسی دۆخەکە لەوەدایە کە ئەردۆغان نیەت و نیازی مەترسیداری خۆی پێشتر بە راشکاوی راگەیاندبوو. رەنگە بیەوێت وەک چۆن بەر لە ١٠٠ ساڵە ئەرمەنیەکانیان جینۆساید کرد، ئەمڕۆ کوردەکان قڕ بکەن و نیگەرانییەکانم لەو بارەوە زۆرن".
'سەرەکیترین شت بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی بەرژەوەندییەکانیانە'
پرۆفیسۆر کاڤالی ئاماژەی بەوەکرد کە وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ پاراستنی هێزی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەنابۆ هەموو رێبازێک دەبات، ئەگەر تەنانەت پێویست بکات قڕکەر و کۆلۆنیالیستەکانیش دەپارێزێت و وتی، "جیهانی رۆژئاوا وەک ئەوەی لە بیری کردبێت کە ئەو رژێمەی لە سوریایە کێیە، دەڵێت هەموو شتێک ئەرێنییە. ئەوەی بەلای وڵاتانی رۆژئاواییەوە سەرەکییە و لە پێشینەیە، بەرژەوەندییەکانیانە".
تاکە نمونەی راستەقینەی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پرۆفیسۆر فرانکۆ کاڤالی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد رۆژئاوا کە لەئێستادا لە ژێر هێرش و پەلاماری دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدایە، تاکە نمونەی راستەقینەی دیموکراسییە لە رۆژهەڵآتی ناوەڕاست و دەبێت هەمووان ئەو مۆدێلە بپارێزن و وتی: "تاکە دیموکراسی راستەقینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رۆژئاوایە. لەوێ هەمووان، هەموو کەمایەتیەکان، ژنان، پیاوان خاوەن مافی یەکسانن. بە بڕوای من مۆدێلەکەی رۆژئاوا دەتوانێت ببێتە مۆدێل بۆ هەمووان.کوردەکان لە ناو بارودۆخێکی زۆر دژواردا سیستمێکی دیموکراتیکیان دامەزراند کە بۆ جیهان بووەتە نمونە، هەموو هێزە دیموکراتیکەکان لە جیهان لەپێناو رزگارکردنی ئەزمونی دیموکراتیک لە رۆژئاوا دەبێت باشتر و زیاتر هەوڵەکانیان بخەنەکار. رۆژئاوا تاکە ئەزمونی دیموکراتیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە درێژخایەندا بۆ بونیادنانی رۆژهەڵآتی ناوەڕاستی دیموکراتیک و ئاشتیانە، مۆدێلی رۆژئاوا تاکە مۆدێلی جێگەی هیوایە. نمونەیەکی دیکە بوونی نییە. دیارە کە تیرۆریستانی راستڕەو بۆ لەناوبردنی ئەو ئەزمونە زیاتر هەوڵ دەدەن، هەربۆیە جیهانی دیموکراتیک و پێشکەوتنخواز لەپێناو پاراستنی رۆژئاوادا دەبێت لە ئێستا بەولاوە زیاتر تێبکۆشێت".