چالاکی دانیشتن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤی سویسرا بەردەوامە.
چالاکییەکە لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە بەردەوامە، هەموو چوارشەممەیەک ئەنجام دەدرێت. لەم هەفتەیەدا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکرا، داوا لە دەوڵەتی ئێران کرا دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵوەشێنێتەوە.
لە چالاکییەکەدا بەبۆنەی ١٣ هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی یەک لە دامەزرێنەرانی یەپەگە خەبات دێرک خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدان نیشان درا.
فەیسەڵ کوشکاندی لەسەر ناوی کۆمیتەی چالاکییەکە قسەی کرد و خەبات دێرکی بیرهێنایەوە، گوتی: "لەسایەی فیداکاری ئەو و هەزاران شەهید، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەسکەوتەکان بەدەست هاتوون و دەپارێزرێن".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لەماوەی ٤٠ ڕۆژدا ٩٢ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٤٣ هاوڵاتی بریندار بوون، تیشکی خستەسەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و ئاماژەی بەوە کرد، گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و شەڕ لە کوردستان و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێکەوە گرێدراون، گوتی: "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان نەک بە تەنها بۆ گەلی کورد، بۆ ئاشتی و دیموکراسی و خوشک و برایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بووەتە سیمبولێک".
هەروەها تیشکی خستەسەر سیاسەتی لەسێدارەدانی دەوڵەتی ئێران و داوای لە دەوڵەتی ئێران کرد، سزای لەسێدارەدنای پەخشان عەزیزی هەڵوەشێنێتەوە، هەروەها ئاماژەی کرد بە بەرخۆدانی ژنان دژی سیاسەتەکانی فشاری دەوڵەتی ئێران، گوتی: "دەنگی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بووەتە دەنگی هەمووان. بە ڕۆحی خەونی ئەحمەدی خانی و ئازادی، کاتی یەکگرتنە دژی سیاسەتی سێدارەی دەوڵەتی ئێران. کاتی ئەوەیە هەمووان بەرگری لە بەرخۆدان و ئازادی بکەن دژی سیاسەتی فشار و سێدارە".
ئەندامی یەکێتی ژنانی کورد لە سویسرا (یەژەکە_سە) یەکبوون گونەش ڕایگەیاند هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کورد و دژی هەموو گەلی کورد و شۆڕشی ژنانە، هەروەها کۆمەڵکوژی پاریسی بیرهێنایەوە و گوتی: "پێویستە گەلی کورد بە ڕۆحی سەفەربەری خاوەنداری لە دەسکەوتەکان بکات و پشتگیری لە ڕۆژئاوا بکات، پێشهاتەکان بگەیەنن بە ڕای گشتی جیهان. بەهەمان بەرپرسیارێتی خاوەنداری لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا دەکەین و دەبێت لە گۆڕەپانەکان دەنگی خۆمان هەڵبڕین".
دواتر چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا.