پێشەنگ شێخ بورهان: پرۆژەکەی سەدر مەترسییە بۆسەر کەمە نەتەوایەتیەکان

پێشەنگ شێخ بورهان چاودێری سیاسی دەڵێت: " گۆڕانی دەستور مەترسییە بۆسەر مافی گەلی کورد لە عێراق، پێویستە کورد یەکگرتوو بێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە بەغدا".

نزیكه‌ی ١٠ مانگه‌ له‌ عێراق هه‌ڵبژاردن كراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ناكۆكی تایفی، سیاسی، پێگه‌یی و دەسەڵات هێشتا له‌ عێراق بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تی نوێ هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌، پێشتر له‌ عێراق ته‌نیا له‌ نێوان سێ پێكهاته‌ی كورد، عه‌ره‌ب و سوننه‌دا ناكۆكی هه‌بوو به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م ناكۆكییانه‌یش سازانێك ده‌كرا و هه‌ر چۆنێك ده‌بوو حكوومه‌تێك درۆست ده‌كرا، به‌ڵام دۆخی ئه‌مجاره‌ سه‌ره‌مه‌رگی دۆخی ١٩ ساڵه‌ی عێراقه‌ زۆر جیاوازه‌. چونكه‌ نێو ماڵی شیعه‌یش ئه‌مجاره‌ كه‌لێنی تێكه‌وتووه‌ و ئه‌ویش بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی بێ چاره‌سه‌ر له‌ نێو مه‌یدانی سیاسی عێراقدا.

به‌ هۆی كه‌لێنی نێو ماڵی شیعه‌، لەئیستادا په‌رله‌مان په‌ك خراوه‌، حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ریش كاریگه‌ری و سامدارییه‌كی ئیداری نه‌ماوه‌، شیعه‌ له‌ عێراق بووه‌ته‌ دوو به‌ش، به‌شی سه‌ربه‌ ئێران و به‌شی سه‌ربه‌ سه‌در  لایه‌نگرانی سه‌در، نیوه‌ی زۆری به‌غدایان كۆنترۆڵ كردووه‌ و لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش به‌ هه‌مان شێوه‌ هەوڵی كۆنترۆڵ كردنی نیوه‌ی دیكه‌ی ده‌ده‌ن له‌ ژێر ناوی پاراستنی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تدا،

بەپی چاودێران ئامانجی سه‌در بۆنیاد نانی ناوه‌ندێكی مه‌رجه‌عییه‌تی نوێیه‌ بۆ شیعه‌ له‌ عێراق و ده‌یه‌وێت كاریگه‌ری مه‌رجه‌عییه‌تی قوم له‌سه‌ر شیعه‌ له‌ عێراق نه‌هێلێت و خۆی بكاته‌ مه‌رجه‌عی نوێ شیعه‌ له‌ عێراق.

لەنێوان ئەم کێشمەکێشی سیاسییە، كوردیش سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كانی هەردوو حزبی دەسەڵات لەسەر پلەو پۆست، وە لەئیستادا حزبە کوردییەکان تەمەشای دۆخی به‌غدا دەکەن و چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كەن تا بزانێن ئاراسته‌ی رووداوه‌كان به‌ره‌و کۆێ ده‌ڕوات و ماف و شایسته‌كانی خۆی چۆن له‌ نێو دۆخه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، سوونەکانیش بە هەمان شێوەی کورد تەنها تەمەشای دۆخەکە دەکەن.

لەلای خۆیەوە پێشەنگ شێخ بورهان چاودێری سیاسی دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق، سیناریۆ و ئەگەرەکانی بەردەم ململانیەی نێو ماڵی شیعە، و مەترسییەکانی سەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، رۆڵی کورد لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارەی عێراق، یەکگرتووی کورد لەپێناو سەندنی مافی گەلی کورد و چەند پرسێکی دیکە، ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.

پڕۆژەکەی سەدر مایەی قەبوولکردنی لایەنەکان نیە

پێشەنگ شێخ بورهان چاودێری سیاسی، سەبارەت بەدۆخی سیاسی ئیستای عێراق ووتی: "دۆخی سیاسی عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک هەنگا دەنێت، لەئیستاشدا موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بە پرۆژەیەکەوە هاتۆتە مایدانەوە کە هیچ لایەنێک پی قەبووڵ نیە، پرۆژەکەی سەدر مایەی قەبوولکردن نیە چونکە داوا دەکات تەواوی لایەنە سیاسیەکانی عێراق لەشانۆی سیاسی عێراق دەربچن و تەنها خۆی حوکم بکات، کە ئەمەش کارێکی ئەستەمە چونکە هەر لایەنێک هێزی چەکداری تایبەت بەخۆی هەیە و لەلایەن ووڵاتانی هەرێمیەوە پشتیوانی دەکرێن".

مەرجەعیەت ڕێگرە لەبەردەم شەڕی ناوخۆ لە عێراق

سەبارەت بە سیناریۆ ئەگەرەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق، پێشەنگ شێخ بورهان ڕایگەیاند: "لەئیستادا لەبەردەم عێراق چەند سیناریۆیەک هەیە کە یەکەمیان سیناریۆی پێکدادانی چەکداری بەحوکمی ئەوەی لایەنەکانی نێو ململانیەی سیاسی عێراق هێزی چەکداری و چەکی زۆریان لەبەردەستە بەلام روودانی شەڕی چەکداری ئەگەرێکی لاوازە چونکە مەرجعەیەتی شیعە لە عێراق ڕێگرە لەبەردەم شەڕی چەکداری، سیناریۆی دووەمیش هەڵوەشانەوەی پەرلەمانە بەکۆی دەنگی پەرلەمانتاران، چونکە بەپی یاسای تەنها پەرلەمان دەتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، پاشان حکومەتێکی کاربەڕێکەر پێکبهێنرێت، وە پێشبینیش دەکرێت کە لەمانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت".

ئەگەری کودەتای سەربازی هەیە کە عێراق بکاتە سێ فیدڕاڵی

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا ئەو چاودێری سیاسیە ووتی: "ئەگەر بەڕێککەوتن ڕێگە چارەسەری بۆ چەقبەستووی دۆخی سیاسی عێراق نەدۆزرێتەوە ئەوە ئەگەری کودەتای سەربازی هەیە لە عێراق کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەش بوونی عێراق بۆ سێ هەرێمی فیدڕاڵی، کە هەرێمی کوردستان هەیە و هەرێمی سوونە و شیعەش دروست دەبن لە ئەگەری ڕوودانی کودەتای سەربازی لە عێراق".

پرۆژەکەی سەدر مەترسییە بۆسەر کەمە نەتەوایەتیەکان

هەروەها سەبارەت بە پرۆژەی سەدر بۆ دانانی سیستەمی حوکمی تاکەکەسی و هەڵوەشانەوەی سیستەمی ڕێککەوتن لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق، ئەو چاودێرە ووتی: "ئەگەر پرۆژەکەی سەدر لەووڵاتێکی پێشکەوتوو و دیموکرات بوایە زۆر باش دەبوو بەڵام لە ووڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە بیروباوەری جیاوازی وەکو عێراق، پرۆژەکەی سەدر مەترسیەکی هەرە گەورەیە بۆسەر کەمە نەتەوایەتیەکان، هەروەها پرۆژەکەی سەدر مەترسییە بۆسەر هەرێمی کوردستان و مافی گەلی کورد لە عێراق چونکە مافە دەستوری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان پێشەڵ دەکات".

گۆڕانی دەستور مەترسییە بۆسەر مافی کورد

هەروەها پێشەنگ شێخ بورهان ووتیشی: "سەدر داوای گۆڕانی دەستور دەکات، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی دەستور ئەمەش مەترسییە چونکە مادەیەکی وەکو مادەی ١٤٠ چی بەسەردێت لە ئەگەری گۆڕانی دەستور، بەداخەوە لایەنێکی دەسەڵاتی کوردی(پەدەکە) کە نازانم چۆنە چوونەتە نێو پرۆژەی سەدرەوە کە لەئیستادا خودی سەدر ئامادەنیە دانیشتنیان لەگەڵ بکات، روون نیە کە سەدر چ لایەنێک پشتیوانی دەکات و دەیەوێت خۆی بکات بەمەرجەعی باڵا لە عێراق".

دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری

سەبارەت بە رۆڵی لایەنی کوردی لەم دۆخەی ئیستای عێراق، ناوبراو ووتی: "لەم ململانیەی نێو ماڵی شیعە پێویستە کورد بێ لایەن بێت ئەگەر کرا لەپێناو گەیشتن بەچارەسەر هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنەکان بدات لەسەر مێزی گفتوگۆ، چونکە ڕوودانی هەر شەڕێک لە عێراق دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری کە دواجار هاوولاتیانی بێ تاوان تووشی نەهامەتی دەبن و زەرەرمەند دەبن، دەبێت لایەنە کوردییەکان بەیەک پاکێج و یەک دەنگی بچنە گفتوگۆی سیاسی لە بەغداد کە بەداخەوە لەئیستاشدا ئەمە نابینین، وە هەر لایەنێکی کوردی لەپێناو بەرژەوەندی خۆی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق دەکات،

لایەنگریی لایەنێکی شیعە ئەنجامی خراپی دەبێت

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بەرۆڵی کورد لەو دۆخەی ئیستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئەو چاودێرە ووتیشی: "بەبڕوای تەواوی چاودێران دەبوو کورد بە یەکگرتووی بە یەک پاکێچ بەشداری کۆبوونەوەکانی بەغدای بکرادیە و مەرجی خۆی هەبووایە لە ئەنجامی ئەوەی لەئیستادا کە نێو ماڵی شیعە پەرتەوازەیە، سوونەکانی مافی خۆیان وەگرت کە سەرۆکی پەرلەمان بوو لەئیستادا پێویستە ئەم هەلە بقۆزێتەوە بەدەستهێنانی مافی خۆی، ئەگەر کورد لایەنگیری بکات لەشەڕی شیعە – شیعە ئەوەی ئەنجامی خراپی دەبێت و بەسەر کوردا دەشکێتەوە".

پێویستە لەبەرژەوەندییەکانیان خۆش ببن

لە کۆتایدا پێشەنگ شێخ بورهان چاودێری سیاسی، پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە کوردییەکان کرد و ووتی: "پەیامی من بۆ سەرکردە و کاربەدەستانی دەسەڵاتی کوردی ئەوەیە کە ئەمجارەش کورد بەرەو تۆنێڵێکی نادیار نەبەن، پێویستە حزبە کوردییەکان لەپێناو یەکگرتووی نێو ماڵی کورد لە بەشێک لە بەرژەوەندییەکانیان خۆش ببن ودانوستان و ڕیککەوتن بکەن تا بتوانین بە یەک باکێچ بچینە بەغدا و مافی کورد لە بەغدا بستەنین، نەبوونی یەکگرتووی کورد لەبەغدا بەزەرەری گەلی کورد دەشکێتەوە، هەروەها ئەگەر بەیەک پاکێچ نەچینە بەغدا ئەوە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی زیاتر و قوولتر دەبن لەوەی کەئیستا هەیە، ئەوکات مەترسی لەسەر بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت".

ژ.ت