ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتی جیهانیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، بە دەسپێشخەریی کەمپەینی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدار و کەسایەتی و وڵاتپارێزی باشوری کوردستان، ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو.
ڕێپێوانەکە لە جادەی سالم (سەهۆڵەکە) دەستی پێ کرد و بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "لە زیندان بەرخۆدانە، لە شەقام تێکۆشانە" و "ڕووی دەممان لە جیهانە، ئۆجالان ڕێبەرمانە" تا بەردەم باخی گشتی بەردەوام بوو.
لەبەردەم باخی گشتی ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن تانیا کەریم خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژەکرا بە گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە نزیکەی سێ ساڵە زانیاری لەبارەیەوە نییە، گوترا: "ئیدی سەبری گەلی ئێمە و ئازادییخوازن نەماوە! دەبێت ئەو دۆخە کۆتایی پێبێت، لەبەرامبەردا گەلەکەمان و ئازادییخوازان بێ وەستان لەسەرتاسەری جیھان لەچالاکییدان کە دەکرێت ئەو ھەڵمەتە شکۆدارە "وەک هەڵمەتی ئازادیی گەلان، ژنان و چەوساوەکان ناوزەد بکرێت"، ئەو چالاکییانە بەپێشەنگایەتیی بزووتنەوەی ئازادییخوایی کورد و دۆستانی جیھان و زیندانییان و دایکانە و ھەر دەبێت بگاتە سەرکەوتن، دەبێت رێبەر ئاپۆ ئازادبکرێت و ئاشتیی مسۆگەر بکرێت".
هەروەها دووپاتکرایەوە، ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە ئاشتی و سەقامگیرییە، پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەشە و گوترا: "ئەم تێکۆشانە پێویستی بە رێبەرێکی پێشەنگە کە ئەمڕۆ کلیلی چارەسەرییەکانە بۆ تەواوی کێشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەری پرسی کورد کە ئەویش رێزدار عبداللە ئۆجالانە".
هەر لەوێدا سیاسەتمەدار و نوسەر، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، پشتگیری بۆ کەمپینەکە ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەرکێکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقییە.