ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە لە ٧ـەمین ڕۆژیدا بەردەوامە

"رێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە" کە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ دەستیپێکردووە، لە ٧ـەمین ڕۆژیدا بەردەوامە. هاوسەرۆکی گشتی SYKP، فەرای مەرتۆغڵو وتی: "با هەمووان دەنگی خۆیان لە دژی ئەم بێ ماف و نادادپەروەرییە بەرز بکەنەوە.

"ڕێپێوانی ڕێز لە ئیرادە" کە دژی دانانی قەیوم لە شارەوانی جۆلەمێرگ دەستی پێکردووە بەردەوامی هەیە. لە ناوچەی ئەلباکی شاری وان، ٣٥٠ کەس لە نێویاندا هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر، پەرلەمانتاران، هاوسەرۆکانی شارەوانی، نوێنەری ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، شەو لەوێ مانەوە. چالاکوانانی ڕێپێوانەکە لە سەرەتای بەیانیدا لە ناوەندی شارۆچکەکە کۆبوونەوە و بە دروشمی "ژن ،ژیان، ئازادیی"، "جۆلەمێرگ هی ئێمەیە"، "بژی بەرخۆدانی زیندانیان"، "ڕۆژ دێت و دەوران تێپەڕ دەبێت، ئاکەپە باجی ئەم تاوانانەی دەداتەوە" بە ناوەندی شارۆچکەکەدا ڕێپێوانیان کرد دوای سێ کیلۆمەتر ڕێپێوان گردبوونەوەی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

فەرای مەرتۆغڵو، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی بنیاتنانەوەی سۆسیالیست لە بەردەم پانکارتی "رێزگرتن لە ئیرادە، ڕێگە بە قەیوم مەدەن" لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و بەربەستەکان، بەردەوامین لە ڕێپێوانەکەمان، ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتی سەرکوت لەلایەن حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بەرامبەر بە گەلی کورد و گەلان بەردەوامی هەیە و ماوەی سێ دەورەیە مافی دەنگدانی گەلی کورد پێشێل دەکرێت. دەسەڵات ڕێگە نادات گەلی کورد خۆی بەڕێوە ببات و سەرۆکی شارەوانی خۆی هەڵبژێرێت. قەیوم لە کوردستاندا هۆکاری چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردە بە ڕێگەی دیموکراسیانە. دەبێت هەموو بیروڕای گشتی، شۆڕشگێڕان و ئۆپۆزسیۆن کە لەم دۆخە نیگەرانن، بێدەنگ نەبن. ئەگەر بێدەنگ بین، کێشەکانی کۆمەڵگا تا دێت ڕوو لە پەرە سەندن دەکات، بۆیە پێویستە ئەم ڕێپێوانە هەرچی بە‌هێزتر بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی هەمووان لە هەلومەرجێکی ئازاد و یەکساندا پێکەوە بژین.

لە کۆتایی قسەکەنیدا فەرای مەرتۆغڵو وتی: "ئێمە دەمانەوێت هەمووان دەنگی خۆیان لە دژی ئەم نادادپەروەری و بێ یاساییە بەرز بکەنەوە. سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە ڕێپێوانەکەدا لەگەڵمان بوون و دەرگای ماڵەکانیان بەڕووماندا کردەوە و پشتگیریان لێکردین."

دوای لێدوانەکان، چالاکوانان بەرەو سنووری جۆلەمێرگ بەڕێکەوتن.