پەیەدە بانگەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی دەروازی پیشخاپوور ڕەتدەکاتەوە

نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، ڕاگەیاندراوەکەی دەروازەی پیشخاپوور ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت: «پێویستە لەم سنوورە بوەستن و بەها نەتەوەی و نیشتیمانییەکان نەبەزێنن».

بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی پیشخاپوور ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پەیەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی دەروازەکەی بۆ مەبەستی نامرۆیی بەکارهێناوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارتەکە ئەم ڕاگەیاندراوەی ڕەتکردەوە و بە چەواشەکاری لەقەڵەمی دەدات، بەو پێیەی ئەم ڕاگەیاندراوە لەم ساتە هەستیارەی ناوچەکە و کوردستاندا ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات.  

لە ڕاگەیاندراوەکەی پەیەدە هاتووە:

«بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی پیشخاپوور ڕاگەیاندراوێکی چەواشەکاری بڵاوکردۆتەوە، بەو ئامانجەی کارەکانی ئەم دواییەیان داپۆشن، بەتایبەت داخستنی دەروازەی سێمالکا_ پیشخاپوور لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەرێمی کوردستانی عێراق؛ ئەم دەروازەیە بە ئامانجی مرۆیی بەکارهاتووە و گەمارۆکانی سەر هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریای لە هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سوککردووە».

هەروەها گوتی: «لەوکاتەی ڕاگەیاندراوە ناڕاستەکەتان ڕەتدەکەینەوە، دووپاتی دەکەینەوە، ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکە پابەندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە وەک بەرپرسی هەموو لایەنەکانی ژیانێکی شیاو بۆ هەموو پێکهاتەکانی جڤاک. پارتەکەمان یەکێکە لە پارتەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی دەبینێت لەو شۆڕشە جڤاکییەی چەندەها دەسکەوتی بەدەستهێناوە، هەروەها بۆتە مایەی بنیاتنانی پارادیمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، وەک پارادیمێکی کارا، وەک فۆرمێکی پێشکەوتووی چارەسەری قەیرانی سوریا بەگوێرەی بڕیاری نێودەوڵەتی ٢٢٥٤».

نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی پیشخاپوور ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: «ئەم ڕاگەیاندراوە ناڕاستە ڕەتدەکەینەوە کە لەم ساتە هەستیارەی ناوچەکە و کوردستاندا ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات».

هەروەها پەیەدە داوا دەکات چیتر دەستوەردان نەکرێت لە کاروباری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، «چیتر ڕووی دوژمنانی دیموکراسی و پرسی کورد جوان مەکەن».

بانگەوازی لێ کردن، لەبری ئەوە ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی، پارت و کەسێتییەکان پابەندی ڕێنماییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بن کە خزمەتی گەورەی پێشکەش کردووە بۆ بەهێزکردنی ئارامی و ئاسایشی جڤاکی لە باکور و ڕۆژهەڵات و سەرتاپای سوریا و ناوچەکە، ئێستاش بەردەوامە لەم خزمەتانە.

پەیەدە ڕایگەیاند، پابەندە بە ڕێککەوتنەکان و دیکۆمێنتەکانی دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەڵێت: «ئەمانە هۆکاری سەرەکی بوون تا یەپەگە و یەپەژە ئەرکی خۆیان بەجێ بگەینن بۆ پاراستنی شەنگال و بەگژاچوونەوەی هەڕەشەی چەتەکانی داعش، وەک مەترسییەک بۆ سەر تەواوی ناوچەکە و بەتایبەت بۆ سەر گەلەکەمان لە باشوری کوردستان/هەرێمی کوردستانی عێراق».

لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: «لەکۆتاییدا، داوا دەکەین لەم سنوورەدا بوەستن، چیتر بەها نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان نەبەزێنرێن، نەبنە لایەنێکی ڕوون و ئاشکرا دژی گەلەکەمان و دەسکەوتەکانی».

ف.ق