پیر حەیدەر: پەدەکە لە هێزی رۆژنامەوانان دەترسێت
رۆژنامەوان پیر حەیدەر ناڕەزایەتی بەرامبەر گرتنی رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد نیشاندا و لەپێناو ئازادکردنیدا داوای لە هەموو کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی خۆیان جێبەجێ بکەن.
رۆژنامەوان پیر حەیدەر ناڕەزایەتی بەرامبەر گرتنی رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد نیشاندا و لەپێناو ئازادکردنیدا داوای لە هەموو کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی خۆیان جێبەجێ بکەن.
هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز سلێمان ئەحمەد رۆژی ١ی تشرینی یەکەم بەمەبەستی دیدار لە گەڵ بنەماڵەکەی لەگەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب، گەڕابووەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. سلێمان رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی سنووری سێمالکا (پیشخابوور) لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرا و تائێستاش ئازاد نەکراوە.
رۆژنامەوان و ئەندامی ماڵپەڕی زێوە نەوسێ پیر حەیدەر سەبارەت بە گوشارەکانی سەر رۆژنامەوانان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد. هەیدەر ئەوەی خستەڕوو کە پەدەکە لە هێزی رۆژنامەوانان دەترسێت و لەپێناو ئەوەی راستی خۆی بشارێتەوە پەنا بۆ گوشار و پێشێلکاری دەبات.
'راستی هەرگیز لە کۆمەڵگا ناشاردرێتەوە'
پیر حەیدەر باسی لەوەکرد، کە لەم سەردەمەدا رۆژنامەوانی و راگەیاندن رۆڵ و پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەتوانێت رۆڵی سەرەکی بگێڕێت، هەربۆیە دەسەڵاتداران زۆر لە رۆژنامەوانان دەترسن و بە چەندین جۆر هێرش و گوشاری لەسەر دروست دەکەن و لەپێناو بێدەنگ کردنی رۆژنامەوانان پەنا بۆ گرتن و کوشتنیان دەبەن.
ئەو رۆژنامەوانە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژنامەوانانی بەرهەڵستکاری بەبیرهێنایەوە و ئەوەی وت، کە پەدەکەش لە باشووری کوردستان هەمان هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە رۆژنامەوانان دووبارە دەکاتەوە. لە باشووری کوردستان لە دژی رۆژنامەوانان گوشارێکی گەورە لە ئارادایە و رێگە نادرێت کە بە ئازادانە کارەکانیان بکەن. گرتنی هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز نمونەیەکی ئەو گوشارەیە. ئەو گوشار و پەستانە نیشانە و دەرخەری ترسی ئەوانە. بۆ ئەوەی راستی ئاشکرا نەبێت رێگری لە راگەیاندنی ئازاد دەکەن".
'گەل لە دژی دەسەڵاتداری باشوور توڕە و نیگەرانە'
حەیدەر هێمای بۆ کەڵەکەبوونی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری کرد لە باشووری کوردستان و ئەو تەنگەژەیەیشی بەبیرهێنایەوە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا لە سەر پرسی مووچە لەئارادایە و لەئەنجامیدا دۆخی هاووڵاتیانی هەرێم لە رووی داراییەوە تادێت خراپتر دەبێت و هەموو ئەوانەش توڕەیی و بێزاری هاووڵاتیانی دژی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان زیاتر کردووە و بە جۆرەها شێوە ئەو ناڕەزایەتیەیان دەردەبڕن، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشوور بە گرتن و گوشارخستنەسەر رۆژنامەوانان هەوڵ دەدەن رێگری لە گواستنەوەی ئەو راستیانە بۆ رای گشتی بگرن و نایانەوێت کەس لە دژی ئەوان وشەیەکیش دەردببڕێت".
'پێویستە رێکخراو و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن'
رۆژنامەوان پیر حەیدەر لە کۆتاییدا داوای لە رێکخراو و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و وتی، "دەبێت دەستبەجێ هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت. ئێمە وەک رۆژنامەوانانی شەنگال، لە دژی گرتن و گوشاری سەر رۆژنامەوانانین. هەروەها داوای ئازادکردنی رۆژنامەوان سلێمان ئەحمەد دەکەین".
هـ . ب