پەیوەست بە دۆزی بولبون ٢ تۆمەتباری تورک دەستگیرکران

لێکۆڵینەوە دەربارەی شەهیدکردنی نوێنەری کەنەکە لە باشوری کوردستان، دەنیز جەودەت بولبون بەردەوامە. پارێزەری بولبون ڕایگەیاند، ٢ کەسی تورک دەستگیرکراون و بکوژەکەی هەڵاتووە بۆ بەغدا.

لە ١٨ ی ئەیلول هێرشکرایە سەر نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە هەولێر، لە ئەنجامدا، نوێنەری کەنەکە لە هەولێر دەنیز جەودەت بولبون شەهیدکرا.

پارێزەری دۆزی دەنیز جەودەت، ئاسۆ هاشم ڕایگەیاند، ٢ تۆمەتبار بە تۆمەتی کوشتنی دەنیز جەودەت دەستگیرکراون، بەڵام بکوژی دەنیز جەودەت هەڵاتووە بۆ بەغدا. پارێزەر ئاسۆ هاشم دووپاتی کردەوە، سێ کەس دەستییان لە تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت هەیە و گوتی: "دوو تۆمەتباریان دەستگیرکراون، کە هەردووکیان پیلانگێڕی تاوانەکەن، تەمەنی یەکێکیان ٤٥ ساڵە و ئەوەی تریان ٣٨ ساڵە، هەردووکیان بە ڕەگەز تورکن".

پارێزەرەکە هەروەها گوتی: "تاوانباران دانیان بە تاوانەکانی خۆیان داناوە و بکوژی دەنیز بە کرێ گیراوە و بە ڕەگەز عەرەبە، بەڵام هەڵهاتووە بۆ بەغدا، دەزگا ئەمنییەکان خەریکن بکوژەکە دەستگیر دەکەن. ڕێکارەکان بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوە چووە، بەپێی مادەی دوو لە یاسای تیرۆر مامەڵە لەگەڵ تاوانبارەکان دەکرێت."

لە درێژەی قسەکانیدا، ئاسۆ هاشم گوتی: "پرۆسەی دادگاییکردن دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بەڕێوە دەچێت، چونکە یەکێک لە تاوانبارەکان دوێنێ دەستگیر کراوە، بۆیە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامی هەیە، ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون تەنیا پیلان داڕێژەری کوشتنی دەنیز جەودەتن، کەسێکی ڕەگەز عەرەبیان بە بڕێک پارە ڕازی کردووە، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. بەڵام هەڵاتووە بۆ بەغدا و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە".