پەژاک ٧ەم کۆنگرەی خۆی لە چیاکانی کوردستان بەڕێوەبرد

پەژاک بە شێوەیەکی سەرکەوتوو حەوتەم کۆنگرەی بە دروشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کوردستان ئازاد دەکەین و نەتەوەی دیموکراتیک دادەمەزرێنین" سازکرد. ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەک هاوسەرۆکانی نوێی پارتەکە هەڵبژێردران.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) کۆنگرەی حەوتەمی خۆی بە دروشمی "ئێمە بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کوردستان ئازاد دەکەین و نەتەوەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین" و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموو بەش و پێکهاتەکانی لە چیاکانی کوردستان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەبرد. لە ئەنجامنامەی کۆنگرەکەدا بڕیاری، "ئازادی جەستەیی بۆ رێبەر ئاپۆ و چارەسەر پرسی کورد، وەک پلانێکی سەرەکی کارکردن لە ماوەکانی داهاتووی پارتەکەدا پەسەند کراوە. هەروەها ئاماژە بە "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی"یش کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو؛ "ژن، ژیان، ئازادی فەلسەفەی هەبوونی و بناغەی پارادایمی تێکۆشانمانە".

لێدوانی ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حەوتەمی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)

بۆ ڕای گشتی و گەلی وڵاتپارێز:

دوای تێپەڕینی چوارساڵ بەسەر کۆنگرەی شەشەمی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، کۆنگرەی حەوتەمینی حزبمان لە چیا ئازادەکانی کوردستان پێکهێنا. پەژاک لە کۆنگرەی حەوتەم دا بە دروشمی " بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، کوردستان ئازاد بکەین و نەتەوەی دێموکڕاتیک بونیاد بنێین" ئاسۆی خەباتی داهاتووی خۆی دیار کرد. لەکاتێکدا لە هەستیارترین قۆناغی مێژوومان داین و لە هەموو  کوردستان تێکۆشانێکی بەهێز لە ئارادایە و گەلمان بە هەموو هێز و توانایەوە بۆ بەفەرمی ناساندنی هەبوون و  ناسنامەی کولتوری و سیاسی خۆی بەرخۆدان دەکات و هاوکات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی گێژاوێکی قووڵ بۆتەوە، پارتیمان، کۆنگرەی حەوتەمینی خۆی پێکهێنا. کۆنگرە بە بەشداری نوێنەرانی سەرجەم مەیدان و بوارەکانی خەبات و تێکۆشان و بە ئامادەکارییەکی بەرفراوان و بەرنامەیەکی ڕێکوپێک بوو بە هەنگاوێکی گرینگ لە تێکۆشانی چەند ساڵی دواییمان دا. کۆنگرە وێڕای یادکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی تێکۆشانی سەرجەم شەهیدان و بەتایبەت شەهیدان ڕێزان، بەرخۆدان، سارا، ئاریەن و تۆڵهەڵدان و بە پێداگری لەسەر ڕێبازی هەموو هەڤاڵانی شەهید بەڕێوەچوو. کۆنگرە بە پێداگری لەسەر ڕێبازی خەباتی ئەوان هەوڵی دا بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی ئەو شەهیدانە لە پێناویدا گیانیان فیدا کرد قووڵ بێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک دابڕێژێ و پەسەندی بکات.

سووربوون لە بەردەوامی خەبات، پێویستی هەڵسەنگاندنی کار و تێکۆشانمان، پێویستی بە ڕەخنە و ڕەخنەدایین بە مەبەستی نوێبوونەوە و کۆتایی هاتنی وادەی ئەرکداری ڕێوەبەری هەڵبژێردراو لە کۆنگرەی پێشووی حیزبەکەمان، وایکرد بە بڕیارداری و ئیرادەیەکی پتەوی هەڵقوڵاو لە خەباتی ئەو چەند ساڵەی دوایی، کۆنگرە پێکبێنین. کۆنگرە لە هەلومەرجی نالەباری ئەمنی و لە ژێر گوشار و هێرشی بەردەوام، سەخت و دوژمنکارانەیەکی وادا بەڕێوەچوو کە لە ئان و ساتی وادا چاوەڕوانی کاری ئاسایی ش نەدەکرا. چوارساڵ بەسەر کۆنگرەی شەشەمی پارتیمان تێپەڕی بوو. لەماوەی ئەو چوارساڵەدا بە قۆناغێکی تێکۆشاندا تێپەڕیوین کە پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن هەبوو. پێویست بوو کەم و کووڕیەکانی ئەو سەردەمە تاووتوێ بکرێ و لە ڕووناکایی ئەنجامەکانی وتوووێژێکی بونیادنەردا، ڕێبازی تێکۆشانی داهاتوومان دیاری بکەین. لە کەناری ئەو هۆکارانەش، سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕێوەبەری حیزب پێویستیەک بوو.

لەهەلوومەرجێکی وەها هەستیاردا، پارتیمان پەژاک حەوتەمین کۆنگرەی خۆی پێکهێنا و ئەوەیکرد بە هەنگاوێکی مێژوویی لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا. کۆنگرە بە لێکدانەوەیەکی قوڵ و بەرفراوان لە هەلوومەرجی سیاسی جیهانی و ناوچەیی لەسەر ڕەچاوکردنی سیاسەتی هێڵی سێیەم و چارەسەری دێموکڕاتیکی پرسی کورد پێداگر بوو. هەروەها کۆنگرە پاراستن و پارێزگاری لە هەبوون و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران وەک سەرتۆپی سیاسەتەکانی خۆی دانا و هاوکاتی سووربوون لە چارەسەری دێموکڕاتیکی پرسەکانی ئێران، لە ئەگەری هەڕەشە لەسەر هەبوونی گەلمان جەختی لە کەڵک وەرگرتن لە مافی پاراستنی ڕەوا کردەوە.

لە کۆنگرەدا بەوردی بارودۆخی سیاسی سەردەمی ڕابردوو بە بەشداری هەڤاڵانی هەموو مەیدانەکانی خەبات و بە سرنج دانە دۆخی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەڵسەنگێندرا. بارودۆخی سیاسی و مەترسیداری سەردەم، دۆخی گەلمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان، دۆخی شۆڕش لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان و ئێران و جێگەی هێزە جەماوەرییەکان و ئەگەرەکانی بەردەممان لە داهاتوو قسەیان لەسەر کرا. لەسەر کردەوەی هێزە دژبەرەکان، بارودۆخی سەردەمی شۆڕش و کاردانەوەکانی ڕژێم گفتوگۆ کرا. هەروەها گۆڕانکارییە هەرێمیەکان و بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمڕالی و هەڵوێست و پێگەی بەڕێزیان  لە بەرامبەر هێزەنکۆڵیکەرەکان و ئەو بەرخۆدانە مێژووییەی بەڕێوەی دەبات،  وەک بنەمای بەرخۆدانی گەلانی ناوچە و هەوڵدان لە پێناو بەدەستخستنی ئیرادەی سەربەخۆ و خۆبەڕیوەبەری گەلان لێکدرایەوە. بۆیە تێکۆشان بەمەبەستی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ  و پێوەست بوونی دۆخی کورد بە دۆخی ڕێبەرمان پێداگری لەسەر کرا. ئەو گۆشەگیرییە زەحمەتەی لە زیندانی ئیمرالی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕیوە دەچی لێکدرایەوە و ئەو گۆشەگیری و هێرشانەی سەر ڕێبەرمان وەک هەڵوێست و ڕوانگەی ڕژێمی سیاسی ئێستا بەرامبەر پرسی کورد دیترا. ئەو زەختەی سەر ڕێبەرمان، نمونەی زەخت و گوشاری هەمەلایەنەی بەرامبەر گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستانە. هاوتەریبی ئەوەش، بەرخۆدان و خۆڕاگری مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ  بەرامبەر فاشیسم و تۆتالیتاریسم، هەوێنی سەرەکی تێکۆشانی گەلمان لە کوردستان و گەلانی جیهانە. لەسەر ئەو بنەمایە کۆنگرە سوور بوو لە بەشدارییەکی چالاک لە کەمپینی "ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد" و وەک بەرنامەیەکی سەرەکی پێشەڕۆژ پەسەند کرد.

هەروەها هەڵوێستی سیاسی پارتیمان لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەوڵدان بۆ وێناکردنی ڕووی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە هەڵسەنگێندرا و کەم و کووڕییەکانی ئەو سەردەمە بە ڕوونی و دیاریکراوی باسیان لێکرا. سەرجەم ئەو ڕەخنانەی گەل، بیرمەندان، ڕووناکبیران، هۆگران، لایەنگران و دۆستانمان باسیان کردبوو  قسەیان لەسەر کرا و بوونە ناوەرۆکی وتووێژەکانمان. هەوڵدرا سەردەمی نوێ و شەڕی هێزە هەرێمی و جیهانیەکان وەک خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و هەروەها جێگە و پێگەی گەلی کورد وەک فاکتەرێکی کاریگەر لەو دۆخەدا بە وردی باسی لێوە کرا و هەڵوێستی دروستی سیاسیش دیاری کرا. سیاسەتەکانی ڕژێم لە دژی خەباتی نەتەوەی کورد و سەرجەم نەتەوەکان و  هەروەها مەترسییەکانی سەر بزووتنەوەکەمانیش بەشێکی گرینگ لەو بابەتە سیاسیانە بوون کە لە کۆنگرەی حەوتەمی حیزبەکەمانی هاتنە بەرباس. 

حەوتەمین کۆنگرەی ئێمە دوابەدوای سەرهەڵدان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەچوو. بنەڕەتیترین باسەکانی کۆنگرە، لە سەر شۆڕشی نوێی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران و تاووتووی کردنی خەباتی پارتیمان و هەڤاڵانمان لەو سەردەمی ئەو شۆڕشەدا بوو. لەو پێناوەدا بە ڕوانگەیەکی کراوە و دوور لە دەمارگرژی هزری، کارنامە و کەم وکووڕیە سیاسی و کردەیەکانی خۆمان هەڵسەنگاند. خاڵە بەهێزەکان هێنرایە زمان و کەمکاریەکان بە ڕاشکاوی هێنرایە زمان و ڕەخنە کران. لەناو بابەتەکانی کۆنگرەدا باس لە دەستکەوتەکانی گەل لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا کرا و بەبەشداری ئەو هەڤاڵانەی لە مەیدانی تێکۆشانی ڕێکخستنی و کرداری خەباتەوە لە کۆنگرەدا بەشداریان کردبوو بە شێوەیەکی واقعیتر لەسەر ڕێبازی کردار، ڕێکخستنی گەل و کەموکووڕیە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخستنی و خەبات لە کاتی سەرهەڵدانەکاندا تاووتوێ کرا. دژەکرداری ڕژێم لەو سەردەمە لێکدرایەوە بەجەختکردنەوە لەسەر بڕیاری گەلمان لە پێناو ژیانێکی ئازاد لە سەر بنەمای ئازادی ژنان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان، بۆ شێوازەکانی خەبات گەلێک پێشنیار کران. لەسەر بنەمای ئە حەقیقەتە کە ژن، ژیان، ئازادی فەلسەفەی هەبوون و پاڕادایمی خەباتمانە، ڕێوەبەری و ئەندامانی پارتیمان لەسەرچۆنیەتی کاروخەباتیان لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا ڕەخنەدایینێکی بنەڕەتیان دا. کۆنگرە بە کۆدەنگی دانی بەو ڕاستیەدانا کە سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ، وەدیهاتنی سەرجەم داخوازی و داواکارییە دێموکڕاتیکەکانی کۆمەڵگەکانی ئێرانە و لەو پێناوەشدا پەژاک بە بەرفراوان کردنەوەی هاوکاری لەگەڵ سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکانی گەلانی ئێران، بەتایبەت ژنان و گەنجان، بۆ وەدیهێنانی ئەو سەرکەوتنە سەرجەم هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بخاتە گەر.

کۆنگرەی حەوتەم مان بە بەشدارییەکی بەرچاوی هەڤاڵانی ژن بەڕێوەچوو. کۆنگرەی حەوتەم، بە پێی پاڕادایمی هزری-فەلسەفی حیزبمان، ئازادی ژنان وەک ژێرخانی خەبات و تێکۆشان هەڵسەنگاند و جەختی کردەوە کە ئازادی ژنان، مەرجی ئازادی کۆمەڵگەیە و  پێویستی سەرەکی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دێموکڕاتیک، تێکۆشان بەرامبەر چەمک و دەرکەوتەکانی پیاوسالاری و دەسەڵاتە.

پرسی لاوان یەکێکی دیکە لە پرسە سەرەکییەکانی کۆنگرەی حەوتەم بوو. بەشداری چالاکانەی لاوان لە کۆنگرەدا ڕوویەکی گەنجانەی دا بە کۆنگرە. بە تاووتوێکردنی پرسەکانی لاوان و نەوەی نوێی کۆمەڵگە و تواناکانیان، ڕێزگرتن لە ماتەوزەی گەنجان وپاراستن و یەکخستنی ئەو ماتەوزەیە لەگەڵ ڕەوتی خەبات و تێکۆشان وەک ئەرکی حیزبی بەناو و جەخت کرایەوە. گەنجان پێشانیان دا دەستبەرداری ئامانجەکانی ژیانی ئازاد نابن و ئەوەش هۆکارێکی بەهێزە بۆ خەبات بە ڕووحێکی گەنجانە. لەو ئاراستەیەدا کۆنگرە هەندێ بڕیاری پەسەند کرد.

کۆنگرەی حەوتەم بە هێنانە بەرباسی بارودۆخی قەیراناوی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و سیاسەتە ڕووخێنەرەکانی ڕژێمی ئێران، جەختی کردەوە کە کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتانە لەسەر هەبوونی کۆمەڵگەکانی ناوخۆی ئێڕان کێشەیەکی جدییە. کۆنگرەکەمان پێداگربوو لە هاوکاری هەمەلایەنە لەگەڵ سەرجەم بزوتنەوە و خەباتکارانی ژینگەپارێز بەمەبستی بەرفراوان کردنەوەی خەباتی ئیکۆلۆژیکی بەرامبەر سیاسەتەکانی دژایەتی ژینگە و هەروەها لەسەر فراوان کردنەوەی کولتوری ئیکۆلۆژیکی و هاندانی ژیانی تاک و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ژینگەپارێزی جەختی کردەوە. بۆ ئەو مەبەستەش جەختی کردەوە پێویستی بە چاوەڕوانی سەرکەوتنی قوجبنەکانی دیکەی تێکۆشان نییە و پێویستە وەک ئەرکێکی سەرەکی ژیان و خەباتی حیزب و ئەندامانی پێکبێت.

لەدرێژەی کۆنگرەدا ڕاپۆڕتی هاوسەرۆکایەتی پارتی خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە و لە ئەنجامدا بە هەندێ تێڕوانینەوە لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە لە چوارچیوەی بەڵگەکانی کۆنگرەدا پەسەند کرا. لە کۆنگرەماندا بە سرنجدانە ئەو بابەتانەی هێنرانە بەرباس و ئەو ئەنجامانەی لە ڕاپۆڕتەکاندا ئاماژەیان پێکرابوو و لە لە پێناو بەرەو پێش بردنی تێکۆشان و لە چوارچێوەی پێشنیارەکانی بەر لە کۆنگرە و هاوکاتی کۆنگرە کرابوون، چەند پێشنیار-بڕیار لە هەموو بەشەکانی خەبات هەڵسەنگێندران و پەسەند کران و بوون بە بڕیاری کۆنگرە و خسترانە ناو بەرنامەی تێکۆشانی سەردەمی داهاتوومان.

بە پێی کۆتایی هاتنی کاتی هاوسەرۆکایەتی، هاوسەرۆکانی حیزب، نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرەدا لە میانەی هەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆدا و ڕووندا هەڤاڵ پەیمان ڤیان و هەڤاڵ ئەمیر کەریمی وەک هەوسەرۆکانی نوێی حیزب هەڵبژێردران و سپاسی ڕەنج و تێکۆشانی هاوسەرۆکانی پێشوو کرا. هەروەها لە هەڵبژاردنێکی جیاوازتردا ئەندامانی مەجلیسی پەژاک هەڵبژێردران و هەروەها ئەندامانی جێگرەوە و لەبڕی ئەندامانی مەجلیس هەڵبژێردران. کۆنگرە لە کەش و هەوایەکی شایەنی خەتی شەهیدان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەچوو و سەرکەوتووانە کۆتایی هات.

لەسەر وردەکارییەکان و ناوەرۆکی بەڕێوەچوونی کۆنگرە لە پێشەڕۆژدا ، زانیاری زیاتر بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان ڕادەگەیێنین.

بژی خەباتی ئازادیخوازانە و دێموکڕاتیک لە پێناو کوردستانی  ئازاد و ئێرانی دێموکڕاتیک و کۆنفێدراڵ

ژن، ژیان، ئازادی

٢-٤-٢٠٢٤

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)"

هـ .ب