کۆمیتەی راگەیاندنی ئازادی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە بۆنەی ١٢٦ەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو رۆژەی لە رۆژنامەنووسان و سەرجەم گەلی کورد پیرۆز کرد.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
١٢٦ ساڵ بەر لە ئێستا لەگەڵ چاپ و بڵاوبوونەوەی یەکەم رۆژنامەی کوردی دەست بە قۆناغێکی نوێی پڕ هەوراز و نشێوی مێژوویەکی شکۆدار کرا. کۆمیتەی راگەیاندنی ئازادی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری کوردی، پیرۆزبایی لە سەرجەم گەلەکەمان دەکات.
تێپەڕبوونی ١٢٦ ساڵ بەسەر رۆژنامەگەری کوردی، دەستکەوتی رۆشنبیرانە و زانستی لە سەر بنەمای پەرەپێدان و گەشەپێدانی وشیاری، ئازادی و دیموکراسی بەدوای خۆیدا هێناوە. گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون لە بواری رۆژنامەگەری لە سەر بنەمای چەمکی ئازادی واتاکەی ئاوێتەی تێکۆشانی بێ وچانی ئازادیخوازیی بووە. ئەرکی ئەم بوارە، دانانی بناغەی شێوازێک لە رۆژنامەگەری لە سەر بنەمای راگەیاندنی ئازادە کە ئامانجی سەرەکی هەموومانە.
گەلی کورد لە ژێر ستەمدا پێویستی بەوە هەبوو کە تێکۆشانی خۆی بە زانیاری و روانگەی ئازاد بڕازێنێتەوە، هەربۆیە بواری رۆژنامەگەری کوردی بەم ئاراستەیەدا توانی یارمەتیەکی بەرچاو بە بوژاندنەوەی کولتوری گەلەکەمان بگەیەنێت. بێ گومان پەرەپێدان بە شێوازێک لە راگەیاندنی ئازاد لەپێناو وشیارکردنەوە و باگاهێنانەوەی گەل لە بەرامبەر لێشاوەکانی جینۆساید لە بەشەکانی کوردستان پێویستییەکی ژیانیی بووە و هەیە. راگەیاندنی ئازاد کە لەپێناو هەموارکردنی بەستێن و بواری گەشەی هزری و کولتوری کۆمەڵگە، ئەرکی قورسی لە ئەستۆ گرتووە و تائێستاش رێگەیەکی پڕ تەنگ و چەڵەمەی لەبەردەمدا ماوە. تێکۆشان دژی رەوتەکانی تواندنەوەی کولتوری لە بەشەکانی کوردستان تائێستاش پێویستی بە گەشەپێدان بە رۆژنامەگەری و میدیای ئازاد هەیە. هێشتاش لەم بوارەی وشیاری و گەشەپێداندا، کەموکورتی بوونی هەیە، کە دەبێت تێپەڕێندرێن.
چاپی یەکەم ژمارەیک رۆژنامەی توردی بە ناوی "کوردستان"ەوە لە ٢٢ی ئاپریلی ١٩٨٩ جۆرێک لە هێزی ئەندێشە و کرداری بە کەسایەتی کورد بەخشیوە. بە هۆی بوونی پلانەکانی دوژمنانی گەلەکەمان لە بەشەکانی کوردستان، کۆمەڵگەی رۆژنامەنووسانی کوردیش نەوە لە دوای نەوە بە درێژایی زیاتر لە یەک سەدەی رابردوو کراونەتە ئامانجی هێرش و سەرکوتکاری قڕکاری. گوشارەکانی بۆ سەر بواری رۆژنامەگەری کوردی بە ئامانجی رێگری لە پێکهاتنی راگەیاندنی ئازاد بووە و تائێستاش هەڕەشەکان یەکجار زۆرن. سەرکوتی رۆژنامەوانانی کورد و سەپاندنی سیاسەتی دەمکوت بە مەبەستی لەپمەرسازکردنی لەبەردەم راگەیاندنی ئازاد لە ١٢٦ ساڵی رابردوودا بەردەوام بووە، بەڵام نەیتوانیوە رێگری لەم گەشەپێدانە کولتوریە گەورەیە بکات. سیاسەتە فاشیستییەکانی دەوڵەتانی سەردەست لە کوردستان هەموو ساڵێک زیانی گەورەی بە کۆمەڵگەی رۆژنامەگەری کوردی گەیاندووە، بەڵام نەیتوانیوە کاروانی خەباتی ئەوا بوارە رابگرێت.
سەرباری دروستبوونی مێژوویەک بە ناوی رۆژنامەگەری کورد، کار و کردەوە دژە میدیایی و نادیموکراتیکەکانی دەسەڵات کە ناوەندەکەی هەولێر، مایەی قەبوڵ کردن نییە. بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر ئەو هێڵەش جۆرێک لە رۆژنامەگەری شۆڕشگێڕانە، ئازاد و دیموکراتیک بوونی هەیە کە کۆڵەکە و پایە بەهێزەکانی زیاتر لە یەک سەدەیە دانراون و دەستکەوتەکانی سەرکوت ناکرێن و لەناوناچن.
لەئێران لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بواری رۆژنامەگەری کراوەتە ئامانجی هێرشی سەرکوتکارانە و هێشتاش شەپۆلی دەستبەسەرکردنی رۆژنامەوانان بە بیانووی رۆشنگەری لە میانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوامە. بە دڵنیاییەوە تەواوی هەوڵی سیستمی ستەمکاری ئێران، رێگرییە لە گەیشتنی دەنگی رۆژنامەگەری ئازاد و دیموکراتیک بە گوێ جیهان.
کۆمیتەی راگەیاندنی ئازادی "پارتی ژیانی ئازای کوردستان (پژاک)" وێڕای پیرۆزبایی ١٢٦ەمین ساڵرۆژی رۆژنامەگەری کوردی لە کۆمەڵگەی رۆژنامەوانانی ئازادی دیموکراسیخواز، تێکۆشان لە پێناو گەشەی هزری و کولتوری گەلەکەمان بەرزدەنرخێنێت. ئەرکی راگەیاندنی کوردی پەرەپێدان بە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی گەلی ستەملێکراو، بەڵام هەموو کات تێکۆشەری کوردە. لەمرۆدا دەتوانین بەکەڵکوەرگرتن لە توانا مۆدێرن و تەکنەلۆژیاییەکانی بەردەست لە بواری میدیا و راگەیاندندا زیاتر ئەم بوارە بەرەوپێش ببەین. بزوتنەوەی ئاپۆیی بزوتنەوەی راگەیاندنی ئازاد و دیموکراتیکە و بانگەواز لە سەرجەم گەلەکەمان دەکەین لەپێناو ئازادی رۆژنامەوانانی زیندانی پەرە بە تێکۆشان بدەن. بە دڵنیاییەوە پەیوەندی قووڵی نێوان شۆڕشی گەلەکەمان و رۆژنامەگەری ئازاد و دیموکراتیک ناپچڕێت و لەبن نایەت و ئەم تێکۆشانە تا گەیشتن بە لوتکە و ترۆپی پێشکەوتنی رۆشنگەران بێ وچان و بێ پسانەوە بەردەوام دەبێت".
هـ . ب