پزیشکێکی شایەتحاڵی ئەنفال: ئەوەی لەو سەربازگەی تۆپزاوا بینیم تووشی شۆکی کردم

دکتۆرە فایزە خەتاب پزیشکی منداڵان، باسی ڕووداوەکانی سەربازگەیەکی تایبەت بە پرۆسەی ئەنفالی کرد و ووتی: " زۆر دڕندانە هەڵسوکەووتیان لەگەڵ گیراوان دەکرد و هەمووان هەناسەی مەرگیان دەدا".

پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال لە هەشت قۆناغی جودادا بە دڕندانەترین و ترسناکترین شێوە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەنجام دراوە بۆ سڕینەوەی بوونی کورد. لەدوای وەستانی شەڕی نێوان عێراق - ئێران لە ٨/٨/١٩٨٨ سوپای عێراق تەواوی هێزەكانی لە ناوچە سنوریەكان كشاندەوە بۆ بەرەكانی ئەنفال لە ڕۆژی ٢٨ی ئابی ١٩٨٨دا، ڕژێمی بەعس دوا قۆناغی پرۆسەی ئەنفالی ئەنجام دا و پەلاماری گوند و چیا و دۆڵەكانی ناوچەی "زاوێتە، ئەتروش، ئامێدی، سەرسەنگ، چیای مەتین، چیای گارە و هەر دوو بەری زێی گەورە"ی دا.

سەرەتای هێرشەكەش بۆ چاوترساندنی‌ خەڵكە بە كیمیابارانكردن دەستی‌ پێكرد، پاش كیمیابارانێكی‌ خەست رژیم هێرشی‌ زەمینی‌ لەرۆژی‌ ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨ دەستی‌ پێكرد، ئەم شاڵاوە لە رۆژئاواوە لە زاخۆوە تا ئامێدی‌ درێژبوەوە لە باشورو رۆژهەڵاتیشەوە شێخان و ئاكرێی‌ گرتەوە.

بەعس بە چەكی كیمیایی گوندەكانی "بێگۆڤە، كانی ماسی، ڕووسی، زیوی، بیرجینی، گیزی، میرگیتی، بالوكە، تیلاكرۆ"ی بۆردومان كرد. ئەنفالی هەشت، پاش وەستانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق‌ ڕووی دا.

پاش روخانی‌ سەرجەم گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیە لە رۆژی‌ ٦ی ئەیلول خاتمەی‌ ئەنفال واتای (ئەنجامی ئەنفال) راگەیەنرا و کۆتایی بە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال هات.

قۆناغەی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بووە هۆی‌ وێران كردنی‌ نزیكەی‌ (٤) هەزار گوند، (٤) قەزا، (٣٠) ناحیە، ( ٣١٠٠) مزگەوت و (١٠٠)كڵێسا، لەڕوی ژەڵدارییەوە بوە هۆی‌ بەتاڵان بردنی‌ (٢) ملیۆن سەر مەڕو ماڵات و ئاژەڵ.

لەلای خۆیەوە لە ٣٤هەمین ساڵیادی کۆتایی هاتنی پرۆسەی ئەنفال، دکتۆرە فایزە خەتاب شایەتحاڵ کە لە سەردەمی پرۆسەی بەدناوی  ئەنفال، ئەو کات ناوبراو پزیشکێکی بەرپرسی بەشی منداڵان بوو لە نەخۆشخانە لە کەرکوک، وەکو کاری پزیشکی فەرمانی پێکرابوو کە سەردانی گوندی تۆپزاوە بکات لە شارەکە کە یەکێک لەسەربازگەکانی تایبەت بە دەستگیرکردنی هاوولاتیانی کوردی تێدابوو بە ئامانجی کۆمەڵکوژکردنیان، دکتۆرە فایزە خەتاب لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وەکو شایەتحاڵێک باسی ئەو کارەساتە دەکات کە بەچاوی خۆی بینیویەتی.

ئەوەی بەچاوی خۆم بینیم ئەزموونێکی زۆر ناخۆش بوو

لەساڵی ١٩٨٨ لەسەردەمی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، ئەوکات من بەرپرسی بەشی منداڵانبووم لە نەخۆشخانەی کەرکوک، ئەو کات لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشانەکەوە بانگ کرام و داوام لێکرا سەردانی ناوچەی تۆپزاوە بکەین بۆ پشکنینی چەند نەخۆشێک و کاتێک کە رۆیشتین دوو کەسی دیکەم لەگەڵ بوو یەکێکیان دەرمانسازێکی کوردی گەڕەکی ئیمام قاسم بوو بەناوی خالید و ئەوی دیکە یەکێکی عەرەب بوو، دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیمان لەگەڵدابوو کاتێک گەشیشتین تەمەشامانکرد، کە ئەمە ناوەندی تەندروستی تۆپزاوە نیە، بەڵکو سەربازگەی تۆپزاوایە، ئەوەی من لە سەربازگەی تۆپزاوە بەچاوی خۆم بینیم ئەزموونێکی زۆر ناخۆش بوو".

ئەوەی لەو سەربازگەیە بینیم تووشی شۆکی کردم

لەدرێژە قسەکانیدا باسی لە دۆخی سەربازگەی تۆپزاوەکرد و ووتی: "کاتێک چووینە ناوسەربازگەکەوە بینیمان خەڵکی بەسەر چەند هۆڵێکدا دابەشکرابوون، کە پیاوان بەجیا و ژنان و منداڵانیش بەجیا، هەروەها هەمووان دەترسان و بەشێکیان هاواریان بوو بەهۆی ئەوەی ئازاریان هەبوو و دەیانووت دەمرین، من چوومە یەکێک لە هۆڵەکانەوە، کە نزیکەی ٨٠ ژن و منداڵی تێدابوو، کە ژنانی دووگیانیشان تیدابوو، ئەو دیمەنەی لەوێ دیتم تووشی شۆکی کردم، کاتێک وویستم بچم لە دۆخی ئەو کەسانە بپرسم ئەفسەری بەرپرسی هۆلەكە ڕێگەی نەدا".

هەناسەی مردنیان دەدا

دەربارەی دۆخی هاووڵاتیانی نێو سەربازگەکە دکتۆرە فایزە خەتاب ووتی: " ئەو هاووڵاتیە کوردانەی کە لەنێو سەربازگەدابوون زۆر دڕندانە هەڵسوکەووتیان لەگەڵ دەکرا و هۆڵەکان بۆنی زۆر ناخۆش بوو و بۆنی رشانەوە و سکچوونیان لێدەهات، هەموویان نەخۆشی پیس و خراپیان تووشبووبوو و لەشیان ووشکبووبووەوە و پێستیان ووشک بوو و چاویان چووبوو بە قوڵا، هەناسەی مردنیان دەدا، یەکێک لە ژنە دووگیانەکان لەماوەی ئەو هەفتەیە منداڵی دەبوو، ئەفسەرەکەم ئاگادارکردەوە، کە ئەو ژنە پێویستی بە چاودێری هەیە، بەڵام ئەفسەرەکە ووتی، پەیوەندیت نەبێت، کاتێک گەڕاینەوە لە سەربازگەکە من و کاک خالیدی دەرمانساز بەشێوەیەک تووشی شۆک بووبووین، کە لەکاتی گەڕاندنەوە هیچ قسەمان نەدەکرد، تا ماوەیەکی زۆر بەهۆی ئەو شۆکەوە لەماڵەوەش قسەم نەدەکرد".

بەداخەوە چارەنووسی ئەو منداڵانە زیندەبەچاڵ بوو

هەروەها دکتورە فایزە خەتاب باسی لە چارەنووسی ئەو نەخۆشانە کرد و ئاشکرای کرد: "بۆ رۆژی دووەم، کە گەڕامەوە بۆ کار وویستم دۆخی ئەو نەخۆشانە بزانم، بەڵام تەمەشام کرد کە نەماون کاتێک پرسیارم کرد، کە بۆکوێ براون، ووتیان، نازاندرێت تەنها کاتژمێر چواری بەیانی سوپای بەعس بردیانیان و دۆخی تەندروستیشیان زۆر خراپ بوو، زۆر بەداخەوە هەموومان دەزانین چارەنووسی ئەو مندالانە زیندەبەچاڵ بوو، کاتێک کە گواسترانەوە بۆ بیابانەکانی خواروی عێراق و قەڵای (نووگرە سەلمان) لە نزیک بیابانەکانی سنوری سعودیا، ئەمەش کارەساتێکی زۆر گەورەبوو".

رژێمی بەعس لەناوچوو و کورد بەسەربەرزی مایەوە

لەکۆتایدا ئەو شایەتحاڵە ووتی: "دوای ئەو کارەساتە زۆر پرسیار هات بەمێشکمدا، کە بۆچی حزبی بەعس هەوڵی سڕینەوەی کورد دەدات لەکاتێکدا برایەتی لەنیوان نەتەوەکانی عێراق هەیە و بۆچی جیهان بێ دەنگە؟، حزبی بەعس بەشێوەیەکی پلان بۆدارێژراو هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کوردی دەدا، بەڵام خەیاڵیان خاوبوو رژێمی بەعس لەناوچوو و گەلی کورد هەر بەسەربەرزی ماویەوە".

ژ.ت