قایمقامی چەمچەماڵ: لە هێرشەکەی کۆرمۆردا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە

قائیمقامی چەمچەماڵ رەمەک رەمەزان رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر چوارکەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش برینداربوون، داواشی لە حکومەتی عێراق بۆ رێگری لە هێرشی لەو جۆرە پارێزگاری لە کایەی ئاسمانی وڵاتەکە بکات.

ڕەمەک ڕەمەزان قایمقامی شارۆچکەی چەمچەماڵ، لەبارەی هێرشەکانی ئێوارەی دوێنێی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا.

لە سەرەتای کۆنگرەکەدا وتی: لە هێرشەکانی ئێوارەی دوێنێی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، کە تەواوی قوربانییەکان لە کۆمپانیای پترۆئۆیڵ کاریان کردووە، خۆشبەختانە بریندارەکان برینیان سوکە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە هێرشەکان لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدراون و بووەتە هۆی کوژران و بریندار بوونی ئەو ژمارە قوربانییە، تەواوی قوربانییەکان کارمەندی کارامە و پسپۆڕی کۆمپانیای ناوبراو بوون.

سەبارەت بە درووست بوونی کێشەی کارەبا بە هۆی هێرشەکەوە وتی، هەر وەک لە ڕاگەیەنراوی هاوبەشی وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکاندا باسکرا، بە هۆی هێرشەکانەوە بڕی ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەمی کردووە، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا هەوڵی چارەسەر کردنی بدرێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا قایمقامی چەمچەماڵ وتی: داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین پارێزگاری لە ئاسمانی وڵات بکات تا چیتر کارەساتی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، ئومێدەوارین لایەنە سیاسییەکانی باشوور یەکگرتووبن بۆ ڕێگریکردن لەم ڕووداوانە.

هـ . ب