قەرەیلان بەشداری لە رادیۆی دەنگی گەلدا کرد و رایگەیاند، کە لە مەتینا سوپای تورک لەو گۆڕەپانانەی کە گەریلای تێدا نییە، جێگیر بووە و پەدەکە و دەوڵەتی عێراق رێگەیان بۆ ئەوە کردووەتەوە و وتی، بەو جۆرە هەوڵ دەدرێت کە گۆڕەپانەکانی گەریلا گەمارۆ بدرێن.
قەرەیلان ئەوەشی خستەڕوو، کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی نێوان بامەڕنێ و کانیماسی بازگەی داناوە و داوای ناسنامە لە خەڵک دەکات و وتی: "نێچیرڤان بارزانیش لێرەوە تێپەڕدەبێت، داوای ناسنامە لە ئەویش دەکەن".
بەشی دووەمی دیداری ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان لەگەڵ رادیۆی دەنگی بەم جۆرەیە:
پێشتر بانگەوازتان بۆ جەردەوانەکان هەبوو. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی بەردەستمان، هێشتاش جەردەوان هەن کە بەشدارن لە داگیرکردنی خاکی باشوور. چ شتێکی نوێ لەم بارەیەوە دەڵێن؟
بابەتی جەردەوانەکان، ئەوانەی خیانەت دەکەن، ئەوانەی هاوکاری دوژمن دەکەن یان چەکی دوژمن هەڵدەگرن، مەسەلەی بانگەواز نییە، ئەمە دەزانم. ئەمە بابەتێکی مێژووییە. ئەمە برینێکی تاڵە و ڕەشە بۆ گەلی کورد کە هێشتا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە. ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی گەلی کود لە دیلێتی و لەسایەی سیستەمی کۆیلایەتییدا بژی.
بانگەوازم لێ کردن، بە هیچ شێوەیەک نەیەنە باشووری کوردستان. ڕوونە کە دەوڵەتی تورک لە داگیرکردنی باشووری کوردستان دووچاری دژوارییەکی سەخت دەبێتەوە. هەر بۆیە دەیەوێت سەرباز بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەم شەڕەی بۆ بکەن. دەیەوێت سەربازی بەکرێگیراو لە تورکیا پەرە پێبدات و ئەو ئامانجە بەدی بهێنێت، هەروەها دەیەوێت کورد لە باکوور و باشوور بدات بەگژی یەکتردا. لەم چوارچێوەیەدا بە پێی ئەو زانیاریانەی تازە پێمان گەیشتووە؛ جەردەوان لە بەدلیس، مێردین، چەولیک، سێرت، دێرسیم - ئەوەندەی من بزانم لە دێرسیم جەردەوان زۆر نین- موش، جۆلەمێرگ و شەرناخەوە دەهێنن. ئێستا ١٥٠٠ جەردەوان هێنراونەتە باشووری کوردستان. بۆیە لەم ڕۆژانەدا بەنیازن ژمارەکەیان تا ١٥٠٠ تەواو بکەن. ئەوانەی هێنرانە باشوور لە مەتینا و ئاڤاشین و زاپ دادەنرێن و دەخرێنە شەڕەوە. هەروەها زۆرێکیان خزمەتیان دەکەن، واتە لەم ڕووەوە کار دەکەن. شوێنەکانیان بۆ درووست دەکەن، حەشارگەیان بۆ درووست دەکەن، ئەوانەی دەزانن ئێستر بەکاربهێنن، بە ئێستر ئاو و ئازووقەیان بۆ دەهێنن، واتە غوڵام و کۆیلەی ئەوانن. وڵاتەکەیان داگیر دەکرێت و خزمەت بە داگیرکەران دەکەن. کەوتن و داڕمان بەو ئاستە زۆر خراپە. دوژمنێک دێت و وڵاتەکەت داگیر دەکات، تۆش هاوکاری دەکەیت و خزمەتی دەکەیت. ئەمە کۆیلایەتییە. بێگومان دەوڵەتی تورک کەمێک زیاتر لە مووچەکانیان پارەیان پێ دەدات بۆ ئەوەی جەردەوانەکان بێنە باشووری کوردستان و بەشداری شەڕەکە بکەن. بەم شێوەیە سیاسەتی بەگژاچوونەوەی یەکتر [کورد] پەیڕەو دەکات.
ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکە. لە سەردەمی عوسمانیدا ڕەوشەکە بەم شێوەیە بووە و ئێستاش بەم شێوەیەیە. واتە، دەبینن لە باکوورەوە جەردەوان دەهێنن، لە باشوور هەندێک کەس دەدۆزنەوە. ئایا پەدەکە بە هەموو شێوەیەک خزمەتیان ناکات؟ دەبینیت هەندێک کەسیان لە ڕۆژئاوا بردۆتە لای خۆیان، لە هۆتێلەکانی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە پێشوازییان لێ دەکەن؛ ئەم کەسانەش پارە وەردەگرن و دواتر دەڵێن "ئێمە ئەنەکەسەین". دەوڵەتی تورک سەرەتا ئەو هاوکارانە دەگرێتەخۆ کە خیانەتیان لە گەلەکەیان کردووە. لە سەردەمی عوسمانیدا ئەمەی دەکرد و ئێستاش وا دەکات. لە مێژوودا هیچ بزووتنەوەیەک کە بۆ ئازادی لە کوردستان سەریهەڵدا تەنها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شکستی پێ نەهێنراوە. بە گشتی کورد لە هەموویاندا ڕۆڵی هەیە. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆچی تا ئێستا کورد بووەتە کۆیلە. ئەمە ئاوێنەیە، وێنەی ئەو شتانەیە کە ڕوویانداوە. ئەمڕۆ ئەوانەی دژی ئێمە شەڕ دەکەن، زۆربەیان کوردن، ناتوان خۆیان شەڕ بکەن، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک بەشێوەی جیاواز کورد لە دژی ئێمە بەکاردەهێنن.
بەڵام ئەمجارە دەوڵەتی تورک ئەنجامێک بەدەست ناهێنێت. بۆچی؟ ئیتر هۆشیارییەک پەیدابووە. ڕامان و زیهنیەتی ڕێبەر ئاپۆ بڵاو بووەتەوە و ئیتر ژنان و گەنجانی کورد ئاگاداری ڕاستییەکانن. بۆ ئەمەش دەوڵەتی تورک ناتوانێت گەلی کورد بکاتە دوو پارچە و بیاندات بەگژی یەکدا. ئێمە دەزانین ئەو جەردەوانانەی هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکەن و لەگەڵیان دەوەستن، ژمارەیان کەمە، هێزی ئێمە مەزنترە. بڕوام وایە، ئەو بانگەوازەی من کە ئێوە باسی دەکەن، بێگومان کاریگەری هەبووە لەسەر ماڵی جەردەوانەکان و مناڵەکانیان. ئەوان وەها بە ئاسانی نایەن، بێگومان ڕووبەڕووی دژواری دەبنەوە. پێویستە سەرهەڵدان بکەن، دەست لەم کارە هەڵبگرن. خۆیان پاک بکەنەوە لەم خیانەت و چارەڕەشییە؛ دەبێت خاوەن هەڵوێست بن. ڕەنگە هەندێکیان هەڵوێستیان نیشان دابێت. جاروبار ئاگادارین هەندێک کەس ئەم هەڵوێستە نیشان دەدەن، بەڵام دواجار هەندێکیان هەر دێن.
ئەمە گرێدراوی تێکۆشانی جڤاکییە. پێویستە دژی ئەمە تێبکۆشین. پێویستە وڵاتپارێزان و ژنانی ئازادیخواز و گەنجانی کورد و لایەنگرانی دیموکراسی و گەلی وڵاتپارێزمان، دژی سیخوڕی و جەردەوانی و خیانەت تێبکۆشن. تەنها بە بانگەواز نابێت، پێویستە تێکۆشان هەبێت. بانگەوازی هەمووان دەکەم بۆ تێکۆشان. تێکۆشان لە ماڵەوە، لەسەر شەقام، لە هەموو شوێنێک ئەنجام بدرێت. جگە لەوەش پێویستە تێکۆشان لە ماڵی جەردەوانەکان هەبێت. بەم شێوەیە پێویستە ئەو مرۆڤانەمان ڕاست بکەینەوە کە تووشی هەڵە و کەموکوڕی هاتوون. بناغەی ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ چییە؟ ئێمە جڤاکی کوردی تێکشکاو، بخەینە سەر پێی خۆی؛ سەرلەنوێ کەسێتی کورد بئافرێنین. لەسەر ئەم بناغەیە شۆڕشی ژیانەوە پێکهات. بۆیە دەبێت ئەوانەی لەسەر ڕێگای هەڵەن ڕێنمایی بکەین بۆ سەر ڕێگای ڕاست. ئێمە بۆ ئەمە لە هەوڵ و تێکۆشانداین. ئەم تێکۆشانە سەردەکەوێت و ئەم سیاسەتە دوژمن تێکدەشکێنێت.
لە شوێنی جیاوازەوە زانیاری دێت، هەندێک کەس هەوڵدەدەن بە ناوی پەکەکە-هەپەگەوە پارە کۆبکەنەوە. لەم بارەیەوە چ دەڵێن؟
پێم خۆش بوو ئەم پرسیارەت کرد. لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت بانگەواز و هۆشدارییەک بخەمەپێش گەلەکەمان. ئەگەر هاوڕێیەکانیشمان گوێبیستن، با ئەوانیش هۆشیار بن:
بەڵێ دەزانین کەسانێک هەن بە ناوی پەکەکە و هەپەگەوە پارە کۆدەکەنەوە. ئەم زانیارییانە لە چەند شوێنەوە دێن، نەوەک لە یەک شوێنەوە. پێویستە گەلەکەمان و هەموو وڵاتپارێزێک ئەم ڕاستییە بە ڕوونی ببینن: ئێمە وەک پەکەکە و هەپەگە لە باکوور پارە و هاوکاری لە کەس کۆناکەینەوە. ڕاستە پێویستمان پێیەتی، بەڵام بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمە و فێڵەکانی دوژمن، بڕیارماندا هیچ هاوڕێیەکمان لەڕێگەی چەند کەسێکەوە پارە کۆنەکەنەوە، واتە کەس ئەرکدار نەکەن بۆ هاوکاری و کۆکردنەوەی پارە. ئەمە ڕوونادات. پێویستە هەمووان ئەمە بزانن. سەرەڕای ئەمەش، ئەوانەی بۆ کۆکردنەوەی پارە دێن و داواتان لێ دەکەن، بە ئەگەرێکی زۆر سیخووڕی میتن و لەسەر ئەم بناغەیە ئەرکدار کراون. دەشێت هەندێکیان بەرژەوەندیخواز بن، هەندێکیان چەتە بن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئەم کارە بکەن. پێویستە گەلەکەمان بەرامبەر ئەم کەسانە هۆشیار بن. بە هیچ شێوەیەک هاوکاری نەدەنە ئەم کەسانە و نەکەونە نێو ئەم گەمەیەوە.
بێگومان ئەگەر وڵاتپارێزێک بە چاوی خۆی گەریلا ببینێت و تێبگات کە گەریلا پێویستی بە هاوکارییە، دەتوانێت بەدەستی خۆی هاوکارییەکە ببەخشێت. ڕەنگە هەندێک هاوڕێمان پێویستیان بە هاوکاری هەبێت، دەشزانم کە پێویستیانە. بەڵام بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمەکانی دوژمن، دەستمان هەڵگرت لە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان. پێشتریش نەبوو، بەڵام ڕەنگە هەندێک لە یەکینەکانمان جاروبار هاوکاریان کۆ کردبێتەوە. دوژمن بەم کارانە هەوڵدەدات گەلەکەمان بێزار بکات، ناوی بزووتنەوەکەمان پیس بکات و گەلەکەمان تاڵان بکات. بۆ ڕێگرتن لەمە، ئەم ڕێبازانە ناهێڵین. بەڵام وەک باسم کرد، ئەگەر وڵاتپارێزێک بە چاوی خۆی گەریلا ببیینێت و بزانێت هاوڕییەکەمان پێویستی بە هاوکارییە، دەبێت هاوکاری هاوڕێیەکەیان بکەن. کاتی بینینی هاوڕییان ئەمە ڕێی تێ دەچێت. بێجگە لەمە، نابێت کەس بکەوێتە نێو گەمەی لەم شێوەیەوە. ئێمە لەسەر ناوی خۆمان کەس دەستنیشان ناکەین و بڵێین "بچن پارەمان بۆ کۆبکەنەوە". پێویستە کەس بەم یاریانە فریو نەخوات و هەمووان هۆشیاربن.
چەند ساڵێکە شەڕ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بێ پچڕان بەردەوامە. لەلایەکی دی، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە باکووری کوردستان لە ڕۆژانی دواییدا زیاتر بوون. شەڕ هەبوو، لە بەرنامەی پێشوو باسمان لەوە کرد، شەهیدتان هەبووە. لەسەر تێکۆشانی گەریلا لە باکوور بە گشتی چ دەڵێن؟
وەک ئێوەش گوتتان، لە باشووری کوردستان، واتە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، بەردەوام شەڕێکی دژوار هەیە. لەم چوارچێوەیەدا ئێستە لە زاپ شەڕێکی مەزن و دژوار دەقەومێت. ڕۆژانە ڕاگەیاندراو بڵاودەکەینەوە. دوژمن هەموو جۆرە چەکێک بەکاردەهێنێت، گازی کیمایی و چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت، چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بەکاردەهێنێت. لە دژی تونێلەکان، ئامێری هەڵکەندنی لە کۆنیاوە هێناوە و دەیەوێت هەندێک شوێن هەڵبکەنێت. کارێکی بەرفراوان دەکەن، شەڕێکی دژوار هەیە. هەروەها دەمەوێت ئەمە بڵێم: پرۆفێشناڵبوون لە گەریلاشدا زیاتر و زیاتر پەرەی سەندووە. لە ناوچەکانی پاراستنی مەدیا ئاستی پرۆفێشناڵبوون و ڕۆحی فیداکاری لای گەریلا قووڵتر بووەتەوە. بۆ نمونە لەم شەڕەدا شەهیدی کەممان هەیە. ئێمە دەستبەجێ ئەو شەهیدانە ڕادەگەیەنین. شەهیدی ترمان نییە. بە تایبەت لە شەڕی زاپدا بۆ نموونە لە دوو مانگی ڕابردوودا ئەوەندە چەک بەکارهاتووە، بەڵام شەهیدمان نییە. چونکە پرۆفێشناڵیبوون پەرەی سەندووە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە هێزێکی پرۆفیشناڵ دەتوانێت بەبێ زیانی ئەوتۆ گورزی مەزن لە دوژمن بدات. گەریلای ئەمڕۆ ئەمە دەکات. شەڕێکی مەزن هەیە.
لەم ڕۆژانەی دوایی، هەوڵی داگیرکاری لە مەتینا زیاتر بوون. بۆ نموونە، دوێنێ شەو دوژمن گوندی بازێ و دەوروبەری، هەروەها شوێنی وەک قەسرۆک و دەرگەڵێیان داگیرکرد. چالاکی هاوڕێیەکانمان هەبوو، بەڵام دوژمن چۆن ئەمە دەکات؟ بەزۆری ئەو شوێنانە دەگرێت کە هەڤاڵانی لێ نییە. ئێستە لە مەتینا تاکتیکێکی وەها دەگرێتەبەر. واتە لەو شوێنانەی دەزانێت هەڤاڵانی لێ نییە، لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە دێت. ئۆتۆمبیلەکانیان لە دەروازەی سنووری سەرزەرێ تێدەپەڕن و هەر کوێیان بوێت بە ئازادی بۆی دەچن. پەدەکە و دەوڵەتی عێراق ڕێگەیان بۆ خۆش کردوون. بەکورتی لە مەتینا هەردوو تاکتیکەکە بەکاردەهێنێت. سەرەتا ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج و داگیر دەکات کە هەڤاڵانی لێ نییە؛ بەم شێوەیە گەمارۆدان پێش دەخات. با ئەمەش بڵێم: لەسەر ڕێگەی نێوان بامەڕنی و کانی ماسی، ئێستە دەوڵەتی تورک بازگەی داناوە و ناسنامەکان دەپشکنێت. باوەڕم وایە، ئەگەر نێچیرڤان بارزانیش بەوێدا تێپەڕێت، داوای ناسنامەی لێ دەکەن. چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانی پێی گوتم، پێش ساڵی ٢٠٠٥ چووەتە تورکیا، لە شوێنێک دانیشتوون، لەسەر مێزەکە لەبەردەم هەر کەسێک پیشەکەی نوسرابوو، لە ئەویان پرسیبوو پیشەکەی تۆ چییە، ئەویش گوتبووی سەرۆکوەزیرانە، بەڵام ئەو کەسەی پرسیاری کردبوو پێی گوتبوو نابێت، لە باشووریش ناتوانیت ببیتە سەرۆکوەزیران، بەمەش کێشە ڕوویداوە. بۆچی بەم شێوەیە مامەڵە دەکەن؟ چونکە بەلای ئەوانەوە، سیستەمی کوردان و سەرۆکوەزیرانی کورد مایەی قبووڵکردن نییە و نابێت درووست ببێت. لەسەر ئەم بناغەیە، ئەوکات دەوڵەتی تورک وا حسابی دەکرد، پەکەکە لە شەڕی چەکداری بەردەوام نابێت بۆیە فشاری لە باشوور دەکرد. بۆ نموونە، لە دهۆکیش تەحەمولی ئاڵای باشووری کوردستانیان نەدەکرد و دەیانگوت "ئەم پارچە قوماشە لێ دەکەینەوە". بەمەش فشاریان بۆ سەر باشووری کوردستان دەست پێ کرد، بەڵام کاتێک گەریلا دیسانەوە دەستی بە شەڕی چەکداری کردەوە، دەستیان لەمە هەڵگرت و هاتنەوە بۆ دژایەتی ئێمە.
ئێستە لە بنەڕەتدا دەوڵەتی تورک باشووری کوردستان داگیر ناکات، بەڵکو سیاسەتی لکاندن بەڕێوەدەبات. ڕەنگە ئێستە ڕووی ڕاستەقینەی نیشان نەدات، نایەوێت بەڕوونی سیاسەتی خۆی ئاشکرا بکات، بە حکومەتی عێراق و باشوور دەڵێت "دژی پەکەکە شەڕ دەکەم، بۆیە دەبێت هاوکاریم بکەن". لەم ڕووەوە لەگەڵ پەدەکە ڕێککەوتوون، پێکەوەن. لەسەر ئەم بناغەیە، لکاندن ئەنجام دەدات. بۆ نموونە، هەموو سێشەممەیەک لە پەرلەمانی تورکیا سەرۆکی پارتەکان قسە دەکەن. ئەمڕۆ سەرۆکی گشتی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی قسەی کرد. پێشنیاردەکەم بەرپرسانی باشوور و عێراق گوێ لە وتەکانی بگرن. هەمووان دەزانن ئەمڕۆ دەوڵەت باخچەلی دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەبات. ئەو ستراتیژ دیاری دەکات، ئەردۆگان و دەوروبەرەکەی تەنها جێبەجێی دەکەن. بەڵام ئەوەی ستراتیژ دیاری دەکات دەوڵەت باخچەلییە. بۆ نموونە، ئەمڕۆ چی گوت؟ باسی موسڵ و کەرکووکی کرد. قسەیەکی ئەتاتورک دەربارەی موسڵ و کەرکووک دەهێنێتەوە. بەڵام لەبنەڕەتدا نیازی خۆی دەردەبڕێت. ئێمە هەردەم دەڵێین "دەیانەوێت میساقی-میللی داگیربکەن، ئەمە لە دڵی ئەوان حەشاردراوە، ئەم داگیرکارییە دەگۆڕێت بۆ لکاندن". ڕەنگە بەرپرسانی عێراق و باشوور زۆر گوێ بە قسەکانی ئێمە نەدەنە، بەڵام با گوێ لە باخچەلی بگرن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت باشووری کورستان بلکێنێت بە خۆیەوە. وەک چۆن عەفرینی داگیر کرد و زۆربەی کوردەکانی لەوێ دەرکرد و سیستەمی خۆی سەپاند، دەیانەوێت هێدی هێدی لە باشووری کوردستان هەمان شت بکەن. ئامانجی ئەوان ئەوەیە، ئەم کارە لە هەموو ڕۆژئاوا بکەن، ئەم نیازەشیان نەشاردۆتەوە.
ئەگەر نرخاندن بۆ باکووری کوردستان بکەین؛ لەوێ چەندین ئۆپەراسیۆن دەکرێت. بەتایبەت هەندێک دەزگای چاپەمەنی تورکیا و باشووری کوردستان دەیانەوێت چۆن ئەم ڕەوشە پیشان بدەن؟ سەرەتا دەیانەوێت داگیرکاری تورک بە نەرمی نیشان بدەن. بەڵام ڕوونە هەندێک دەزگای چاپەمەنی باشووری بەشێوەیەکی تایبەت ڕاسپێردراون تا ئەم داگیرکارییە بە نەرمی پیشان بدەن. ڕاستی ئەوان دەیانەوێت داگیرکاری و لکاندن ئەنجام بدەن، بەڵام ئەم دەزگایانە دەیانەوێت نەرمی بکەنەوە. لەلایەکی تر، دەیانەوێت وەها پیشانی بدەن، گوایە پەکەکە ئێستە تەنها لە باشوور شەڕ دەکات. هەم چاپەمەنی سەر بە ئاکەپە-مەهەپە لە تورکیا، هەمیش هەندێک چاپەمەنی لە باشووری کوردستان هەوڵدەدەن وەها پیشانی بدەن. بەڵام دوورە لە ڕاستییە. ئێمە لە هەموو جێگەیەک دژی ئەم دەوڵەتە داگیرکەر-قڕکەرە شەڕ دەکەین. شەڕەکەی ئێمە شەڕێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی و جڤاکی و چاندی و سەربازییە. بەڵێ هەموو شتێک سەربازی نییە، بەڵام شەڕی سەربازیش لە هەموو جێگەیەک هەیە. دەوڵەتی تورک بۆ شەڕ لە باکوور، تەنها باسی شەهیدەکانی ئێمە دەکات. لەبەرئەوەی ئێمە زانیاری وەرگرتنمان لەسەر تەکنیک ڕاوەستاندووە، لەکاتی خۆیدا ناتوانین زانیاری وەربگرین. زانیارییەکان کەمێک درەنگتر دەگەنە دەستمان. بۆیە زۆر نابێتە ڕۆژەڤ، لە باکووری کوردستان شەڕێکی دژوار هەیە.
بۆ نموونە، بەرپرسانی تورک ئاماری ساڵی پێشوویان بڵاوکردەوە، لەماوەی ساڵێکدا لە تورکیا و باکووری کوردستان، ٣١ هەزار ئۆپەراسیۆنیان دژی ئێمە ئەنجامداوە. بڕوانن، ئەوان خۆیان ئەمەیان ڕاگەیاندووە. یانی شەڕێکی قورس لەنێوانمان ڕوودەدات. هەموو کات دژی ئێمە هێرش هەیە و لەبەرامبەردا بەرخۆدانێکی مەزن هەیە. ئەم هێرشانە لە زیندانەکان، لەسەر شەقامەکان و لە چیاکان هەن. لە هەموو شوێنێک هەیە. پێویستە گەلەکەمان ئەم ڕاستییە بە باشی ببینێت، بەتایبەتی لە پارچەکانی تردا. شەڕێکی هەمەلایەنە لە دژی دەوڵەتی قڕکەری تورک بەڕێوەدەچێت. بۆ نمونە لە دێرسیم و جودی و زۆر شوێنی تر دەوڵەتی تورک بە ملیارەها پارەی بۆ دروستکردنی ڕێگاوبان خەرج کردووە و بنکەی لەو شوێنانە دروستکردووە. بە واتایەکی تر قەڵایەکیان بۆ پاراستنی خۆیان درووست کردووە. چونکە لەوێدا ناتوانن خۆیان بپارێزن. بە کورتی لە باکوور هەوڵێک هەیە؛ ئەوان دەیانەوێت لەناومان ببەن، ئێمەش بەرخۆدان دەکەین، ئێمە دەیانەوێت هەوڵەکانیان پووچەڵ بکەینەوە و دواتریش تێکیان بشکێنین. تێکۆشانێکی لەم جۆرە هەیە.
لەم شەڕەی باکووردا، دەوڵەتی تورک هەموو ڕێ و ڕێبازێک بەکاردەهێنێت. دەتوانین بڵێین شەڕەکە لە سێ ئاستدا بەڕێوەدەبەن: هەواڵگری، تەکنۆلۆژی، شەڕی سایکۆلۆژی. هەواڵگرییان بەهێزکردووە، دەیانەوێت سیخوڕیکردن قووڵتر بکەنەوە و دەیانەوێت ئامرازە هەواڵگرییەکانی وەک کامێرا زیاد بکەن. بۆ نمونە ئێستا تەنها بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژمان بەکارناهێنن. ئێستا دەوڵەتی تورک گرنگییەکی زۆر بە کامێرای زەمینی دەدات. گرنگی بە شتەکانی وەک وێنەگر و کامێرا و کامێرای چاودێری دەدات. دیسانەوە ئەگەر کۆمەڵێک هاوڕێیان لە شوێنێکدا دەستنیشان کرد، تەنانەت ئەگەر ٢ هاوڕێ هەبن، سەرەتا فڕۆکە و هێلیکۆپتەر دەنێرن؛ بە تۆپ و هەموو جۆرە چەکێکی قورس هێرش دەکەن؛ پاشان دەچنە شەڕ و بێشەرمانە پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن. هەمیشە بە تەکنیکە دوورەکان شەڕ دەکەن؛ هیچ فیداکارییەکتان نەبووە! واتە هەزاران سەرباز و جەردەوان و سیخوڕ و کۆنترا و ئەوەندە تەکنەلۆژیا دژ بە ٢ کەس بەکاردەهێنرێن. دەوڵەتی تورک ئێستا شەڕێکی ئاوا ناهاوسەنگ لە دژی ئێمە بەڕێوەدەبات.
بۆ نموونە، بۆ ئەوەی گەنجان بەشدارنەبن، دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی فەرمی هیرۆین و تریاک و حەبی هۆشبەر لە هەموو جێیەک بڵاودەکاتەوە. دەیانەوێت گەنجان ئالوودە بکەن. تەنها بۆ ئەوەی گەنجان نەبنە وڵاتپارێز و نەبنە گەریلا. بەم شێوەیە، شەڕی دژی ئێمە، شەڕێکی سایکۆلۆژییە، شەڕێکی جڤاکییە، شەڕێکی چاندییە. شەڕێکی وەها فراوان و دژوار دەکرێت.
گەریلایەتی سەردەمی نوێ دەبێت بە گوێرەی ئەم شێوازە نوێیە بەرەوپێش بچێت. هاوڕێیان کە لە باکور لەسەر ئەو بابەتە وردبوونەوەیان کردووە، ئەوان دەزانن. لە سەردەمی نوێدا گەریلا بۆ ئەوەی شێوازێکی نوێ بەرەوپێش ببات گۆڕانکاری کردووە. بەڵام تائێستاش شێوازی کۆن بەردەوامە. واتە ئەو گۆڕانکارییە وەک پێویست نییە. بەڵێ، هاوڕێیان لەبابەتی خۆحەشارداندا و نهێنیبووندا گوڕیان؛ لەو رووەوە هەندێک بەرەوپێشچوون هاتووەتە کایەوە، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی توانیومانە بەدەستیان بهێنین، لەم سێ رووداوەی ئەم دواییەدا هەواڵگری دوژمن رۆڵی هەیە. لە رووداوەکەی گلیداخدا پێکدادانێکی کورت هەیە، دیارە کە تەنیا هاوڕێ شێخموس شەهید دەبێت، بەڵام لە بۆتان و هەمیش لە پیرۆسا هەمیش لە ماوا شەڕ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت. ئاشکرایە کە دوژمن هەوڵێکی بەرفراوانی هەواڵگری بەڕێوەدەبات. چاودێرییان کردوون، لەبەر ئەوەی بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەردەستمان کەوتوون، دوژمن چاودێری کردوون. لە راستیدا دیارە کە ئەو شێوازە بەس نییە. بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدە قارەمانە بەنرخانە دەبێت ئێمە ئەو شێوازە بگۆرین بۆ شێوازێکی سەرکەوتوو. ئەو هاوڕێیانەی سەرجەمیان هاوڕێی بژاردەن. ئەوان بەهای ئەم گەلەن. ئەوانە فیداکارترین کوڕ و کچی کوردستانن. دەبێت وڵاتپارێزان و هاوڕێیانمان ئەو راستیە بەم جۆرە بزانن. هەموو هاوڕێیانمان لە باکوری کوردستان گیانبازی گەورە دەکەن. بەڵێ، دەکرێت ئێستا لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لەسەر تونێلەکان شەڕێکی بەردەوامی ٢٤ کاتژمێری لە ئارادابێت، بەڵام بەرخودانێک کە هاوڕێیان لە باکور نیشانی دەدەن، هێندە شەڕی تونێلەکان واتادار و گرنگە. بەڵام دەبێت هاوڕێیان ئەوە بزانن، دەبێت زیاتر رەنج، فیداکاری و نوێبوونەوە پەرەپێبدەن. ئێمە داوادەکەین کە لەو رووەوە نوێبوونەوە، قووڵتر بکەنەوە. بە تایبەتیش دوای بەخشینی ئەم شەهیدانەی ئەم دواییە، دەبێت ئێمە بەشێوەیەکی راست خاوەنداری لە یادی ئەو قارەمانانە بکەین و گەریلایەتی باکوری کوردستان بە شێوازێک کە هەرگیز گورزی بەرنەکوێت، نەبێتە ئامانجی هەواڵگری و تەکنەلۆژیای دوژمن، رێکبخەین. ئاشکرایە کە پێویستی بە شێوازێکی نوێی جموجۆڵ هەیە. لەم بابەتەدا هەموومان بەرپرسیاڕێتیمان هەیە. هاوڕێیانمان لەوێ و ئێمەش بەرپرسیارێتیامان هەیە. درک بەوە دەکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێواز و رێبازی جموجۆڵ ئەنجام بدەین. نابێت ئەو گۆڕانکاریە یەک لایەنە بێت، دەبێت لە زۆر لایەنەوە گۆڕانکاری بە بنەما بگیرێت.
بۆ نمونە، دوژمن و کەسانی دیکە دەزانن کە لە هەڕێمەکەدا هەندێک هاوڕێمان بوونیان هەیە، بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی مانەوەیان، بۆ چەندین مانگ چاودێریان دەکات. لە هەردوو شوێنەکەش دەکرێت کە بەو جۆرە بووبێت، رەنگە لە گلیداغیش بەو جۆرە بووبێت، دوژمن شوێنەکەی دەستنیشان کردووە. بەتایبەتی لە پیرۆسا وماوا دوژمن سەرەتا بە هێزی تەکنەلۆژیایی و ئاسمانی خۆی شوێنی هاوڕێیان دەکاتە ئامانج. خۆی ئەگەر بە تەکنەلۆژیای و فرۆکە لەو شوێنانە نەدەن، هەرگیز ناتوانن بجنە سەر هاوڕێیانمان. ئەگەر بچن دەزانن کە دەمرن. ئەو هێزەیان نییە کە راستەوخۆ لە رێگەی زەمینیەوە بێن. بەر لەوەی بێن بە تەکنەلۆژیا لەو شوێنی هەماهەنگیە دەدەن. ئەگەر دوژمن شوێنی هەماهەنگی کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی دەستنیشان کردبێت، بە واتای ئەوەیە کە لەوێ هەڵەیەک هەیە. واتە دوژمن لەبارەی هاوڕێیاندا زانیاری هەواڵگری کۆکردووەتەوە. دەبێت شێوازی جموجۆڵ رێگە بۆ ئەوە نەکاتەوە. دەبێت رێگە بەوە نەدەین. پێویستە ئێمە ئەو کەموکوڕیانە تێپەڕینین.
دەژمن کاردەکات، مرۆڤەکان بەکاردەهێنێت، سیخوڕەکان رێکدەخات. بۆ ئەوەش چاودێری و بەدواداچوون دەکات. لەم نێوەدا دەڵێم: تاڕادەیەک هەندێک لەو بەشانەی لە کردنە ئامانجی هەڤاڵاندا رۆڵیان هەبوو دەزانین. ئێمە زانیارییەکانمان روون دەکەینەوە وئەو ژیانەش بۆ ئەوان ناهێڵین. دەبێت باش ئەوە بزانرێت. ناهێڵین خوێنی ئەو هاوڕێ بەنرخانەمان بە فیڕۆ بچێت. ئەوە قەرزە لە ئەستۆمان. ئەم بزوتنەوەیە تۆڵەی خوێنی هاوڕێکانی کردووەتەوە و دەیکاتەوە. لەسەر خوێنی ئەو قارەمانانە ژیان پێکەوەنان و بوون بە خاوەنی ماڵ و دەوڵەمەندی، بۆ کەس نامێنێتەوە. با کەس خەون بە شتێکی لەو جۆرەوە نەبینێت؛ ئەمە بەسەریانەوە ناچێت! لێپێچینەوەی ئەمەیان لەگەڵ دەکرێت. هەڵبەتە ئەمە لایەنێکە، بەڵام لێرەدا بابەتێکی سەرەکی کە دەبێت راوەتەی لەسەر بکەین شێوازی جموجۆڵە. واتە دەبێت لە شێوازی جموجۆڵدا گۆڕانکاری بێتە ئاراوە.
لەم خاڵەی کە تێکۆشان پێی گەیشتووە، جگە لە تێکۆشانی گەریلا پەیوەست بە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی ئێوە چی دەڵێن؟ بە تایبەتی وڵاتپارێز چۆن خاوەنداری لە ئەرکەکانی دەکات؟ هەروەها ژنان و گەنجان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەرکەکانیان دەکەن؟
وەک گەریلا ئێمە لەسەر کەموکورتیەکانمان وردبوونەوە دەکەین؛ ئاشکرایە کە لە شێوەی جموجۆڵماندا کەموکورتی هەیە و زیاتر پێویستیان بە نوێبوونەوە هەیە. بەڵام کەموکورتی لایەنە وڵاتپارێزەکانیشمان بوونی هەیە. زۆر لایەنی دروست و پاک، خۆیان لەلایەکەوە گرتووە و هەرگیز دەرناکەون؛ هەڤاڵانیش بە ناچاری دەچن و ئەوانەی لەبەر چاون بە بنەما دەگرن و بە داخەوە ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی بکەونە ژێر چاودێرییەوە. هەربۆیە لەم رووەوە دەتوانم بڵێم کە وڵاتپارێزانیشمان کەموکورتییان هەیە. بۆ نمونە وڵاتپارێزی بەهێزی بەو جۆرە هەبن، کەسێک دەتوانێت لە هەرێمێکدا بە یەک گەشت بیناسازی پەیوەست بە خەباتی ساڵێکی گەریلا جێبەجێ بکات و رۆڵی خۆی بگێرێت. لەم کاتەدا بە راستیش ئەرکی گرنگ دەکەوێتە ئەستۆی ئەو وڵاتپارێزانەی لەو گۆڕەپانانەدان کە گەریلا لەوێ دەمێننەوە. پێویستی بە روخساری نوێ هەیە. نابێت ئاشکرا ببن؛ نابێت هەڤاڵانیش ئاشکرا بکەن. وڵاتپارێزانمان دەبێت کەسانی ئاسایی نەبن. مادام کوردە و خاوەنداری لە وڵاتپارێزی خۆیان دەکەن، دەبێت رۆڵی خۆیان بگێرن و جیان لەدەست دێت ئەنجامی بدەن. بڕوانن مادام خەڵکەکەمان بە مەڕوماڵاتەکەیان و هەموو شتێکیانەوە سوتێندران و دەوڵەت خاوەنداری لێنەکردن، مادام دەوڵەتێکی بەو جۆرە دەبێت نەمێنێت و دەبێت بگۆرێت، کەواتە دەبێت هەموان خاوەنداری لە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن. پەیوەست بەوە لە زۆربواردا کەموکورتی هەیە.
دەمەوێت داوا لە هەموو وڵاتپارێزان، هەڤاڵانی گەنج و هاوڕێیانی گەنج بکەم، ئەوانە لە چوارچێوەی بزوتنەوەی سەرهەڵدانی کۆمەڵایەتیدا خەباتی جیاجیا بەڕێوەدەبەن، بەڵام زیاتر لە شارەکان، خەباتی بەو جۆرە بەڕێوەدەبەن. ئەمڕۆ ناساندنی رۆڵ و ئەرکی گەنجان بەرفراوانە. ژنان و گەنجان لە شۆڕشەکەماندا پێشەنگن. بەڵام ئەرکی هاوبەشی هەموو وڵاتپارێزان ئەوەیە کە لە دژی سیخوڕی تێبکۆشن. دەبێت هیچ کەسێک رێگە نەدات لە گوندەکەی سیخوڕ بوونی هەبێت، ئەگەر هەبێت دەبێت هەوڵەکانیان بۆ ئاشکراکردنی بخەنەگەڕ. دەبێت هەمووان لە گەڕەکەکانیان لە دژی سیخوڕانی زیندوو و نازیندوو بە هەستیارییەوە بجوڵێنەوە. سیخوڕی نازیندوو کامانەن؟ سیخوڕی نازیندوو کامێران. لامێراکان لە شارەکان، گەڕەکەکان، دەوروبەری گوندەکان و حەشارگەی کامێران هەر کامێکیان سیخوڕێکن. ئەرکی هەموو وڵاتپاڕێزێکە کە ئەو کامێرایانەی لە دەوروبەری ئەوان هەن، لەناویان ببەن، کامێرا لایەک دەبینێت، کەواتە لەلاکەی ترەوە بچو و لەناوی ببە. ئەرکی هەموو وڵاتپاڕێزان، گەنجانی هێژا و هەمووان کە لە دژی سیخوڕەکان تێبکۆشن.
دەبێت لە دژی سیخوڕە زیندووەکان، لە دژی کامێراکان، ئامێرەکانی گوێگرتن و چاودێری خاوەن تێکۆشان بن. ئێمە لەبیرمان نەچێت؛ لە دژی چالاکی هەواڵگری دوژمن کە بە هەموو شێوەیەک ئەنجامی دەدات، وەک کۆمەڵگا ئەگەر نەبینە خاوەنی بەرخودانێکی ریشەدا، ئێمە ناتوانین بەهاکانی خۆمان بپارێزین و هیچ شتێک بە شاراوەیی بەرێوەببەین. بڕوانن؛ دیسان گورز لە فەلەستینیەکان دەدرێت. ئێمە لەوە دەڕوانین، لەوێش ئەوانەی خراپترین رۆڵ دەگێڕن سیخوڕەکانن. ئەگینا ئەوان لەکوێوە دەزانن کە شەڕڤانێک لە کوێیە! کەواتە سیخوڕ هەیە. ئەو بابەتەی سیخوڕ لە پرسی نەتەوەییدا بابەتێکی زۆر گرنگە. هەربۆیە دەبێت وڵاتپارێزان، بە شێوەیەک کە 'سیخوڕ هەیە، ئێمە زانیاری بدەینە هەڤاڵان' نەجوڵێنەوە. خۆی هەڤاڵان ناتوانن هەموویان بکوژن. کەواتە دەبێت تۆ راوەستەی لەسەر بکەین و ئەو سیخوڕە لە گوندەکە دەربکەیت. دەبێت تۆ بە شێوەیەک بێکاریگەری بکەیت، ئەگینا هەڤاڵان ناتوانن خۆیان بگەیەننە هەموویان! هەروەها هەندێک کەس لە ناو کۆمەڵگادا لە خشتەدەبرێن، بۆ وێنە گەنجە دوژمن لەخلیسکی بردووە و خستوویەتیەداوەوە، دەبێت ئێمە ئەو گەنجە رزگاربکەین و قازانجی بکەین. ئێمە ناڵێین هەموویان لەناو دەبەین. یان ناتوانین رزگاریان بکەین، با قازانجیان بکەین. واتە دەبێت هەموو وڵاتپارێزان، رۆشنبیران و کوردان بزانن کە دەبێت تێکۆشان لە دژی سیخوڕەکان وەک ئەرکی خۆیان دیاری بکەن.
گەنجانی مافی ئەوەیان هەیە لە دژی هەموو ئەوانەی لە گەڕەکەکان مادەی هۆشبەر دەفرۆشن، بەکاریدەهێنن، لەشفرۆشی رێکدەخەن و سیخوڕی دەکەن، تێبکۆشن. بانگەوازی من بۆ گەنجانی هێژا ئەوەیە کە بەشداری ریزەکانی گەریلا بکەن. لەم کاتەدا بەشداربوون لە ناو ریزەکانی گەریلادا، لە ناو خەباتی شۆڕشگێریدا گوزارشت لە لە ئاستی هێژا و شکۆمەند دەکات. دوژمن ماوە ماوە ئەم بابەتەی بەشداربوونیش دەکاتە کەرستەی پرۆپاگەندە، بەڵام بەشداربوون هەیە و بەردەوامە، بەڵام، لە ئاستێکی دیاردا رێگری هەیە، بەڵام دەبێت هەڤاڵانی گەنج لەگەڵ هەڤاڵانیان ئەو بەربەستانە تێپەڕێنن. هەڤاڵانی گەنج دەبێت ئەوە بزانن کە چەندە خۆیان بکەنە خاوەی تێکۆشان- کە ئەوە لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیشدا دەبێت، لە خوێندنگەکانیش دەبێت یاخود بە بەشداری لە ریزەکانی گەریلاش دەبێت- و لە خەباتەکانی خۆیاندا چەندە قووڵببنەوە، بەو رادەیە هیواکانی دوژمن تێکدەشکێنن. گەنجان ئایندەی کۆمەڵگان. گەنجان رۆحی سەردەمن. هەربۆیە دەبێت گەنجانی کوردستان لەم سەردەمە مێژووییەدا، خاوەنداری لە بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن. بانگەوازی من بۆ کوڕان و کچانی گەنجی کوردستان ئەمەیە: لەم سەردەمە مێژووییەدا لە سەر هێڵی رێبەر ئاپۆ، وەک گەنجانی بەنرخی ئاپۆیی ببنە خاوەن رۆڵ و بەرپرسیارێتی و بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا بکەن. لەسەر ئەو بنەمایە سڵاوی خۆم ئاراستەی هەمووان دەکەن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.