بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەریەک لە دایک و باوکی ژینا، موژگان ئیفتخاری و ئەمجەد ئەمینی و ئەشکانی برای و ساڵح نیکبەخت پارێزەری بنەماڵەکەی بەنیازبوون کاتژمێر ٠٢:٢٥ لە فڕۆکەخانەی خومەینی تارانەوە بەرەو فەرەنسا گەشت بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئێران رێگرییان لە گەشتکردنی بنەماڵەکەی کردووە.
بنەماڵەی ژینا ئەمینی بە فەرمی بانگهێشتی پەرلەمانی ئەوروپا کرابوون، بۆ ئەوەی بەشداری لە مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆفدا بکەن. دوای ئەو رێگرییە لە بنەماڵەی ژینا، تەنیا رێگە بە گەشتکردنی پارێزەری بنەماڵەکە دراوە.
هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوە لە دژی بنەماڵەی ئەمینی دەرچووە، دەستیشیان بەسەر پاسپۆرتی ئەندامانی بنەماڵەکەدا گرتووە.
بڕیارە ساڵح نیکبەخت وەک نوێنەری بنەماڵەی ئەمینی لە مەراسیمەکەدا بەشداربێت و خەڵاتی ئەمساڵی ساخارۆف وەربگرێت.
پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ئەمساڵی ساخارۆف بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤی پێشکەش بە ژینا ئەمینی و بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کردووە و بڕیارە رۆژی سێ شەممە ١٢/١٢/٢٠٢٣ لە مەراسیمێک بۆ بەخشینی خەڵاتەکە سازبکرێت.
ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلول/سێپتەمبری ٢٠٢٢ لە کاتێکدا بە سەردان لەگەڵ بنەماڵەکەی لە تاران بوو، بە پاساوی پابەندنەبوونی تەواوەتی بە رێساکانی حیجابی زۆرەملێ دەستگیر و لە ئەنجامی توندوتیژی و ئەشکەنجەدا کەوتە دۆخی کۆما و پاش سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
گیان لەدەستدانی ئەو کچە کوردە بووە سەرەتای ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکی بەرینی جەماوەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە سەرهەڵدان یاخود بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە و چەندین مانگ بەردەوام بوو، بە هۆی توندوتیژی هێزەکانی دەوڵەتەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران و هەزاران کەسیش بریندار و دەستگیرکران.
هـ . ب