رێگری لە رۆیشتنی قەڵغانی مرۆیی بۆ قەندیل کرا

لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، گەنجان خواستیان بڕۆن بۆ قەندیل و دەست بە چالاکیی قەڵغانی مرۆیی بکەن، بەڵام رێگرییان لێکرا.

کۆمەڵەى گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و بزووتنەوەى ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، خواستیان ئەمڕۆ لە قەندیل دەست بە چالاکیی "قەڵغانی مرۆیی" بکەن.

بۆ ئەوەش دەستەیەک لە گەنجان ئەم بەیانییە روویان لە قەندیل کرد و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیش بە مەبەستی پشتیوانیکردن لەگەڵیان رۆیشتن بەرەو قەندیل، بەڵام لە دوا بازگەى پشکنینی شارۆچکەى سەنگەسەردا رێگرییان لێکرا. سەرباری هەموو هەوڵەکان رێگا بە رۆیشتنی گەنجان نەدرا.

لە دوای رێگرییەکە، گەنجان خواستیان بە رێپێوان بەرەوە قەندیل بڕۆن، بەڵام هێزەکانی ئاسایش دەستێوەردانیان کرد و رێگایان پێ نەدان.

لە کاتی دەستێوەردانی هێزەکانی ئاسایش دا گەنجێک بە سوکی بریندار بوو. هەروەها رێگری لەو رۆژنامەنووسانەش کرا، کە خواستیان رووداوەکە رووماڵ بکەن و لێیاندان.

دەستەیەک لە ئەندامانی شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی، کە لە ئەوروپاوە هاتوون بۆ باشووری کوردستان، خواستیان پشتیوانی لەو چالاکییەى گەنجان بکەن، بەڵام رێگا بەوانیش نەدرا تێپەڕن.

لە دوای ئەو رێگرییانە گەنجان لە بەردەم خاڵی پشکنینەکەدا کۆبوونەوە و چاوەڕێ دەکرێت کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی رێکبخەن.

ژ.ت