شاندێکی باڵای سەربازی عێراق لە مەخمورە

شاندێکی باڵای سەربازی عێراق گەیشتە فەرماندەیی ١٤ لە هەرێمی مەخمور.

وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی فەرماندەی سوپای عێراق عەبدولمیر ڕەشید یارەلە لەگەڵ یاریدەدەری ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی هێزی زەمینی و بەڕێوەبەری هەواڵگری گەیشتنە هەرێمی مەخمور.

هەروەها ڕاگەیەندرا کە سەردانەکەی وەفدی سەربازی عێراق بۆ ناوچەکە بۆ وەرگرتنی زانیارییە لە بارەی دۆخی ئەمنی مەرزی مەخمور و ڕۆڵی سوپا لە ناوچەکەدا.

تا ئێستا دیارنییە کە ئایا ئەو وەفدە سەردانی کەمپی پەنابەرانی مەخموور و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەن یان نا.

شایانی باسە، لە 19ی تیشرینی یکەم، کاتێک نەپەگە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور کشاندۆتەوە. دوای ڕاگەیەندراوەکەی نەپەگە، لە هەمان ڕۆژدا هێزەکانی فیرقەی 14ی سوپای عێراق بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بۆشایی ئەمنی ڕوویان لەو شوێنانە کرد کە چۆل کرابوو و لەو شوێنانە جیگیر بوون.