شاندێکی کەنەکە سەردانی کۆدار و پەژاکی کرد
شاندێکی کەنەکە سەردانی کۆدار و پەژاکی کرد و لە سەردانەکەیاندا باس لە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی، رێگریکردن لەناوچوونی دەستکەوتەکان و بەرژەوەندیی گەلی کورد و نەهێشتنی ناکۆکییەکانی ئێستای باشووری کوردستان کرا.
شاندێکی کەنەکە سەردانی کۆدار و پەژاکی کرد و لە سەردانەکەیاندا باس لە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی، رێگریکردن لەناوچوونی دەستکەوتەکان و بەرژەوەندیی گەلی کورد و نەهێشتنی ناکۆکییەکانی ئێستای باشووری کوردستان کرا.
ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، ئاسیە عەبدوڵا، دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین و زەینەب لە ئەندامانی کەنەکە لەگەڵ گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و نوژین بێریتان و ئامەد شاهۆ ئەندامانی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و رۆهات شاین ئەندامی کۆمیتەى دیپلۆماسیی پەژاک لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا لە ناوچە شاخاوییە ئازادەکانی کوردستاندا کۆبوونەوە.
شاندەکەى کۆدار و پەژاک پشتوانیان لە هەوڵەکانی کەنەکە بۆ رێگریکردن لە جەنگی ناوخۆیی نێوان کوردان و نەهێشتنی ناکۆکییەکانی ئێستای باشووری کوردستان کرد و لەوبارەیەوە گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار رایگەیاند، "پێویستە گەلی کورد بە یەکگرتووی لە بەرامبەر دوژمنان و هێرشە جۆراجۆرەکانیاندا بەرەنگاری و تێکۆشان بکات. دوژمنانی گەلی کورد لە هەوڵدان بە پیلانگێڕی رێگری لە گەیشتن بە ناسنامە و پێگە و ئامانجە دیموکراتیکییەکان بکەن. دەستگیریی بەرفراوانی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە باکووری کوردستان، داگیرکەری و هێرشی دەوڵەتی فاشیستیی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و گەمارۆدانی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن داگیرکەران و ئەو تێکۆشان و شەهادەتانەى لە رۆژهەڵاتی کوردستان روویاندا، دەرخەری ئەو راستییەن.
فەهیم گوڵان ئاماژەی بە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی لەم دۆخەى ئێستادا کرد و رایگەیاند، رووداوەکانی ئێستای کوردستان پێویستیبوونی یەکێتیی نەتەوەیی بۆ دەرخستووین. پێویستە لەو پێناوەدا بۆ چارەنووسی گەلی کورد بە یەکێتی و یەکگرتوویی نەتەوەی هەنگاوی گەورە بنرێت و بەرپرسیاریی خۆمان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی بە ئەنجام بگەیەنین. لەم نێوانەدا رۆڵی کەنەکە بۆ ئەم دۆخە مێژوویی ئێستا لە پێناو یەکێتیی نەتەوەییدا بە کاریگەرییەکی چارەنووسساز دەزانین. جگە لەوەش ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی ئاپۆیی ئامادەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی خۆمانین لەوبارەیەوە.
هاوسەرۆکی کۆدار لەبارەی گرژییەکانی ئێستا لە باشووری کوردستان وتی، بۆ رێگریکردن لە جەنگی ناوخۆ لە نێوان کورداندا ئامادەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەرک و بەرپرسیاریی خۆمانین بۆ بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی. پێویستە لەمبارەیەوە تاک بە تاکی هاووڵاتییانی کورد لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورددا رۆڵی خۆیان بگێڕن.
شاندەکەی کەنەکە لە دیدارەکەدا پێشوازیی بزووتنەوەى ئاپۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکێتیی نەتەوەی و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەى بارگرژییەکان بە گرنگ زانی و لەوبارەیەوە ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە رایگەیاند، باسەکانی ئەم دیدارە گرنگ بوون، چونکە پەیوەندیی بە داهاتوو و چارەنووسی گەلی کوردەوە هەیە. دوژمنانی گەلی کورد لەم قۆناغەدا بە بنبەست گەیشتوون و بۆ رێگریکردن لە داڕمانی خۆیان و شاردنەوەى قەیرانەکانیان دەیانەوێت بە دووبەرەکی و گرژی لە نێوان کورداندا دروست بکەن.
قەرەمووس ئاماژەى بە هەڵوێست و رێککەوتنی نێوان کەنەکە و پەژاک - کۆدار لە پەیوەند بە گرژییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و گەریلا کرد و وتی، بارگرژییەکانی ئێستا دەستکەوتەکان و بەرژەوەندیی گەلی کورد دەخاتە مەترسییەوە. لە ئەگەری روودانی هەر شەڕێکدا زیانی هاوشێوەی لە دەستدانی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بە دوای خۆیدا دەهێنێت. دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان چارەسەرە.
قەرەمووس ئەوەشی وت، گەلەکەمان لەم قۆناغەدا لە باشووری کوردستان ئەوە قبوڵ ناکات و ناڕەزایەتیی بەرامبەر نیشانداوە، چونکە کوردان هیوایان بەوە هەیە بارگرژییەکانی ئیستا کۆتاییان پێ بێت. ئێمەش هیوادارین لە ئەنجامی دیدارەکانی خۆماندا لەگەڵ هەموو حیزبە کوردستانییەکاندا وەڵامێکی پۆزەتیڤ و باش لە هەر دوولایەن لەپێناو پێشگرتن لە جەنگی ناوخۆیی وەربگرینەوە.
ژ.ت