شاندی دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕووسیادا کۆبووەوە

لە بەردەوامەی سەردانی و کۆبوونەوەکانیاندا، لە ڕووسیا شاندی دەم پارتی لەگەڵ جێگرانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە کرا.

بە گوێرەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی، شاندەکەی دەم پارتی لە درێژەی کۆبوونەوەکانییدا لە ڕووسیا لەگەڵ جێگرانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەلیکساندەر ڤ. گروشکۆ و میخایل ل. بۆگدانۆڤ‌دا کۆبوونەوەی جیاوازی ئەنجام داوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە کۆبوونەوە لەگەڵ گروشکۆدا پێشهاتەکانی ئەورووپا و ئەمریکا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا، پێشهاتە سیاسییەکان لە تورکیا و کاریگەرییەکانی بانگەوازی 'ئاشتی و دیموکراتیک'ی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە هەڵسەنگێندراوە."

باسکردن لە دەرفەتەکانی پاش بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ

دەستنیشان کرا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بۆگدانۆڤ، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، دوایین هەنگاوەکانی چارەسەری دیموکراتیکانەی پرسی کورد، ئەو دەرفەتانەی کە بەهۆی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕەخساوە و ئەزموونەکانی ئیدارەی خۆجێی و هەرێمی لە فیدراسیۆنی ڕووسیا هەڵسەنگێندرا.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەش بەوەکراوە شاندەکە ئەمڕۆ کۆتایی بە کۆبوونەوەی هێناوە و دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا.