گرژیی نێوان پاکستان و هیندستان: لیژنەی چەکی ئەتۆمی پاکستان کۆدەبێتەوە

گرژی نێوان هیندستان و پاکستان توندتر دەبێتەوە. پاکستان ڕایگەیاند کە لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی چەکی ئەتۆمی کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.

ئەو گرژییەی کە ٢٢ی نیسان لەنێوان پاکستان و هیندستان دەستی پێ کرد، لە ٦ ی ئایارەوە بە هێرشەکانی هەردوولا بەردەوامە. پاکستان ڕایگەیاند لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا هیندستان سێ هێرشی مووشەکی ئەنجامداوە و ئەم هێرشانە بۆ سەر بنکە سەربازییەکان پووچەڵکراونەتەوە. پاکستان ڕایگەیاند وەک وەڵامێک بۆ ئەم هێرشانە، هێرشی کردووەتە سەر ٤ فڕۆکەخانەی هیندستان.

"ژمارەیەک فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە"

سوپای هیندستان ڕایگەیاند هێرشی فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی پاکستان گرژییەکانیان زیاتر کردووە. وەزارەتی بەرگریی هیندستان دوێنێ ڕایگەیاند کە پاکستان بە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی تورکی هێرشی ئەنجامداوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆیدا دووپاتی کردووەتەوە کە ژمارەیەک فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە.

لیژنەی چەکی ئەتۆمی کۆدەبێتەوە

لەبەرئەوەی هەردوو وڵاتەکە هێزی ئەتۆمیین، نیگەرانییەکان زیاتر بوون. ئاماژەی شەڕی ئەتۆمیی‌ لەلای پاکستانەوە دەرکەوت. وەزیری بەرگری پاکستان ڕایگەیاند کە لیژنەی باڵای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی (دەسەڵاتی فەرماندەیی نیشتیمانی) کۆدەبێتەوە. لە ڕاگەیاندراوی سوپادا هاتووە کە ئەمۆ کۆبوونەوەکە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی پاکستان شەهباز شەریف ئەنجام دەدرێت.