ڕەمزی کارتال، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، کە بەشداری بەرنامەیەکی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر بوو، لەسەر بەڕێوەچوونی ١٢ـەمین کۆنگرەی پەکەکە قسەی کرد، کارتاڵ ڕاستکردنەوەیەکی سەبارەت بە وشەی 'تەلەکۆنفرانس' کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە وتەکانی سەبارەت بە بەشداربوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لە کۆنگرەکە بە ڕێگەی تەلەکۆنفرانس بە هەڵە لێکدراوەتەوە.
کارتال، کە بەشداری بەرنامەیەکی مەدیا خەبەر بوو ئاماژەی بەوەدا، کە وتەکانی ئەو لە بەرنامەی ڕۆژەڤی ستێرک تیڤی بە هەڵە لێکدراوەتەوە و وتی: "لە وتەکانی من دا هەڵە تێگەیشتنێک دروست بوو، دەبێت ڕاستکردنەوەی بۆ بکرێت، من ویستبووم ئاماژە بەو دیمەنە ڤیدیۆییە بکەم کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووبات بانگەوازی کرد، لەوێ ڕێبەر ئاپۆ پێشتر پەیامی پێویست دەدات، وەک ئەوەی کە تەلەکۆنفرانسێکی جیاواز بەڕێوەچووبێت لێکدرایەوە، من بە پێویستم زانی کە ئەمە ڕاست بکەمەوە، بەشداری کۆنگرە نەبووم، کۆنگرە لە هەلومەرجی جیاواز بەڕێوەچووە، ئێمەش لە چوارچێوەی ئەو زانیارییانەی کە لە ڕاگەیاندن دا بڵاوکراونەتەوە زانیاریمان پێگەیشتووە، تەلەکۆنفرانس هەڵە تێگەیشتنێک بوو، من باسی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆم لە ٢٧ـی شووباتدا کرد."