بە دیمەن

فابیان مۆلینا: ئۆجالان دەرفەتێکی مێژووی ئاشتیانەی پێشکەشی تورکیا کردوە بۆیە دەبێت دەستبەجێ ئازاد بێت

فابیان مۆلینا ئاماژەی بەوەدا ڕێبەر ئاپۆ لە پێناو ئاشتییدا، بۆ تورکیا و تەواوی هەرێمەکە دەرفەتێکی مێژووی پێشکەشکرد و گوتی: "بانگەوازی ٢٧ی شوبات بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتی تورک و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی. دەبێت بەڕێز ئۆجالان دەستبەجێ ئازاد بکرێت."

بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها لە تورکیا و کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دەنگیدایەوە و پاڵپشتیی و پێشوازییەکی دەستەکۆیی بەخۆیەوە بینی، وە لەگەڵ خۆییدا بابەتی هەڵسەنگاندن و گفتوگۆکردنی هێنایەئاراوە. لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتاری سویسرای فیدراڵ و ئەندامی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سویسرا فابیان مۆلینا بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕووداوەکانی دواتری لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە هەڵسەنگاند.

'دەبێت دەستبەجێ بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت'

پەرلەمانتار فابیان مۆلینا ئاماژەی بەوەدا لە نێو ئەو هەلومەرجە سەختەی کە ڕێبەر ئاپۆ تێیدایە بانگەوازێکی مێژوویی کرد و گوتی: "بەڕێز ئۆجالان ماوەیەکی زۆرە لە نیو هەلومەرجێکدا ڕادەگیرێت بە پێی مافەکانی مرۆڤ نییە و پێشلکاریی مافی مرۆڤە. ئەم دۆخەش لە لایەن دامەزراوە نێونەتەوەییەکانەوە هێنراوەتە ئاراوە. ئۆجالان لە پرسی چارەسەری کوردا لە تورکیا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرێت. بەم هۆکارە دەمەوێت دەستبەجێ بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت."

'دەبێت دەرفەتە مێژووییەکە بە جدی ببینرێت'

فابیان مۆلینا لە بەردەوامی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەشدا ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری گەلی کوردە و گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بۆ چارەسەری پرسە کراوەکان (پرسی کورد)، بۆ دیموکراتکبوونی دەوڵەت و کۆمەڵگەیی لە تورکیا پێشنیاری دانوستانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا کرد. بانگەوازەکەی ئۆجالان هەم بۆ هەرێمەکە، هەم بۆ کۆمەڵگەی تورکیا دەرفەتێکە ئاشتی و دیموکراسی دێنێتەئاراوە."

وتیشی: "پرسی کورد تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراوە کە هۆکاری ئازاری سەخت و چەندین قوربانییە. خواستی ئاشتی بەڕێز ئۆجالان و گەلی کورد هەمیشە بە فشارەکانی دەوڵەتی تورک، پێشێلکردنی دیموکراسی لە هەرێمەکەکانی کوردان ڕووبەڕوو بووەتەوە.  ئەم دۆخەی ئێستاش ئەوەی نیشاندا کە پرسی سیاسی بە ڕێبازی فشار و زۆرداری چارەسەر ناکرێت. هەربۆیە بە تێڕوانینی من چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد لە بەرژەوندی دەوڵەتی تورکە."

'ئاشتی هەمیشەیی دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری و دیموکراسی بونیاتبنرێت'

لە کۆتایی قسەکانییدا فابیان مۆلینا ئاماژەی بەوەشدا لە پێش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەوەیە کە حکومەتی تورکیا هانبدات کە پرسەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، ئاشتییانە چارەسەر بکات و گوتی: "ئاشتییەکی هەمیشەیی دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دادپەرەوەری، دیموکراسی و چارەسەری بونیاتبنرێت. بەڕێز ئۆجالان ئەوەی نیشاندا بۆ ئاشتی و دیموکراتیکبوون لە تورکیا دانوستانی دڵسۆزانەی کردۆتەوە، لەبەر ئەمەش دەبێت دەستبەجێ بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت.

بەڵام سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بە گرنگی ئیرادەی کۆمەڵگەی تورکیاوە گرێدراوە کە لە نێو یەکێتییدا چەندە لە بەرانبەر ئەو هێزانە دەوەستن کە دژی چارەسەرین. ئەگەر ئەم یەکێتییە بەدی بێت، ڕێگری کردن لە دانوستان بۆ ئاشتی و دیموکراسی سەخت دەبێت."

فابیان مۆلینا باسی لەوەشکرد بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ تورکیا بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتی نەک تەنها لە ئەستۆی تورکیا بەڵکوو لەسەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش دادەنێت. نەک تەنها سویسرا بەڵکو هەموو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش بەرپرسیارێتی ئەوەی لەسەر شانە کە داوا لە تورکیا بکات بەرپرسیارێتی خۆی لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکان جێبەجێ بکات.

 فابیان مۆلینا ئەوەی ڕاگەیاند بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ هێشتنەوەی پەکەکە لە لیستی 'تیرۆر'دا بێ مانایە و خزمەت بەو بڕیارە ناکات.