شاندی نێونەتەوەیی ئاشتیی و ئازادیی بەشداری لە پرسەی شەهید عەباس کرد

شاندی نێونەتەوەیی ئاشتیی و ئازادیی لە شاری سلێمانی بە دروشمی (شەهید نامرن، بژی بەرخۆدانی گەریلا)، بەشدارییان لە پرسەی شەهید عەباس ئیبراهیم-دا کرد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی بۆ خانەوادەی شەهید، جەختیان کردەوە، “پێویستە گەلی کورد نەبنە دووژمنی یەکتری."

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی نێونەتەوەیی ئاشتیی و ئازادیی بۆ کوردستان، بەشدارییان کرد لە پرسەی شەهید عەباس ئیبراهیم ناسراو بە مامۆستا ڕێدوور، کە ڕۆژی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە بۆردوومانێکی فڕۆکەجەنگییەکانی دەوڵەتی تورکدا لە ناوچەی پشدەر لەگەڵ سێ کەسی دیکەدا شەهیدبوو.

مەراسیمی پرسەی شەهید عەباس لە ماڵی خۆیان لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، بەڕێوەدەچێت و شاندەکە لەلایەن کەسوکاری شەهید و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئامادەبووانی مەراسیمەکەوە پێشوازیی گەرمیان لێکرا.

لەو مەراسیمەدا، حسێن یەڵماز، ئەندامی شاندەکە وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا سەرەخۆشیی لە کەسوکاری شەهید عەباس کرد و وتی: سڵاو و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەم شەهیدە و سەرجەم شەهیدان دەکەین.

وتیشی: شۆڕشی گەلی کورد تەنها بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵکو بۆ هەموو جیهانە، بۆیە پێویستە کورد نەبنە دوژمنی یەک، نەکەونە ناو یارییەکانی دووژمنەوە و هێزی پێشمەرگە و گەریلا یەکڕیزیی خۆیان دروستبکەن.

لەکۆتاییشدا لەلایەن خوشکی شەهید عەباس-ەوە وتاری بنەماڵە خوێندرایەوە و تیایدا جەختیان لە بەردەوامیی بە خەبات و ڕێبازی شەهید کرد، داواشیانکرد کە چیتر شەڕی کورد بە کورد دروستنەبێت و ڕۆڵەی کورد بە فیتی داگیرکەر بەکوشت نەدرێت.

دوێنێ تەرمی شەهید عەباس ئیبراهیم ناسراو بە مامۆستا ڕێدوور لە ڕاپەڕینەوە بە کەژاوەیەکی گەورەی ئۆتۆمبێل هێندرایەوە بۆ شاری سلێمانی و لە مەراسیمێکی شکۆداردا تەرمەکەی لە مەزارگەی بەکرەجۆی کۆن بەخاکسپێردرا، ئەمڕۆش دووەم ڕۆژی پرسەکەی بوو لە گەڕەکی بەکرەجۆی کۆن.

ف.ق