شەپۆلێكی نوێ لەدەستگیركردنی هاوڵاتیان لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێكردوە
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ١٣ هاووڵاتی و چالاكی كورد لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی رژێمەوە دەستگیركراون.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ١٣ هاووڵاتی و چالاكی كورد لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی رژێمەوە دەستگیركراون.
لەبەردەوامی شەپۆلی نوێ دەستگیركردنی هاوڵاتیان و چالاكی كود، زیاتر لە ١٣ هاوڵاتی تر لەشارە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی رژێمی ئێرانەوە دەستگیركراون و گۆازراونەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار.
بەگوێرەی تۆری مافی مرۆڤی كوردستان، سێ شەممە، شانزەی ئاب، سێ هاووڵاتی خەڵكی گوندی"گامیش گوڵی"، میاندۆئاو بەناوەكانی"ئەحمەد گۆرگین، پەیمان تەهازادە و ئیسلام فیزی"، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی رژێمی ئێرانەوە دەستگیر و گۆازراونەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار.
تۆری مافی مرۆڤی كوردستان راشیگەیاندوە؛ هێزە ئەمنیەكان بەهەڵكۆتان سەر ماڵی ئەو هاووڵاتیانە، سەرەڕای لێگەڕین و دەست بەسەرداگرتنی هەندێ كەل و پەلی شەخسی بەبەكارهێنانی توندوتیژی"دەروونی و جەستەیی"، ئەو كەسانەیان دەستگیركردوە.
ئەم سەرچاوەیە لەهەواڵێكی تردا رایگەیاندوە؛ رۆژی سێ شەممە"١٧ی ئاب"، هێزە ئەمنیەكان لەیەككاتدا لەگوندەكانی"لەج"ی مەهاباد هەڵیانكۆتاوەتە سەر ماڵی چوارهاووڵاتی بەناوەكانی"چیا پیرزادە، شەهرام، كامبیز و ئەمیر بایزیدی ئازەر" و هەوڵی دەستگیركردنیان داون.
هەروەها لەشاری مەهاباد، دوو هاووڵاتی دیكە بەناوەكانی جەلال مەحمودی و لۆقمان ئیبراهیمی"لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراون. تا ئێستا هۆكاری دەستگیركردنەكان و چارەنووسی دەستگیركراوەكان دیار نییە.
بەگوێرەی ئاماری بەدەستخراو لەلایەن تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستانەوە، تەنیا لەماوەی یەك حەفتەی رابردوو، زیاتر لە بیست هاووڵاتی و چالاكی كورد لەشارەكانی"شنۆ، بۆكان، مەهاباد و میاندۆئاو" لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی دەزگای ئیتلاعاتی ئەو شارانەوە دەستگیركراون.
هـ . ب