سەربازانی تورک گوندێکی شڕنەخیان گەمارۆداوە

لەدوێنێوە سەربازانی سوپای تورک گوندی هەسپستی سەر بە ناوچەی هەزەخی شرنەخیان گەمارۆداوە. لە میانی هەڵکوتانە سەر ماڵان لە گەڕەکی ئاتاکەنتی ناوچەکەش نەسرەدین کایا دەستگیرکرا.

سوپای تورک دوێنێ لە نیوەڕۆدا لە دەوروبەری گوندی هەسپستێی ناوچەی هەزەخی شڕنەخی دەستی بە هێرش کرد و تائێستاش هێرشەکان بەردەوامە.

سەربازان چواردەوری گوندەکەیان گرتووە و چوونەناوەوە و هاتنەدەرەوەیان لە گوندەکە قەدەغەکردووە. بەو هۆشەوە گوندنشینان لەبەردەم گوندەکەدا راگیراون و ناتوانن بچنەوە بۆ ماڵەکانیان. هاوکات سەربازان هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند ماڵێک و دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە.

گەمنارۆدانی گوندەکە تا ئێوارە بەردەوام بوو، دواتر سەربازان گوندەکەیان جێهێشت و لە دەوروبەری گوندەکە جێگیربوون.

لە نیوەشەودا دەنگی تەقە بیسترا و جارێکی دیکە سەربازەکان چوونەوە ناو گوندەکە. بە درێژایی شەوەکە سەربازان لەناو ماڵەکاندا جێگیربوون و سەرلەبەیانی لە گوندەکە کشانەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە گەڕەکی ئاتاکەنتی ناوچەی هەزەخ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە میانی هەڵکوتانە سەرماڵاندا نەسرەدین کایا دەستبەسەرکرا.

هـ . ب