سەرۆکی یەنەکە و فەرماندەی گشتی هەسەدە کۆبونەوە و دۆخی رۆژئاوایان تاوتوێ کرد

سەرۆکی یەنەکە و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی کۆبونەوە و بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکانی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.

میدیای فەرمی یەنەکە بڵاویکردەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکیتی نیستیمانی کوردستان (یەنەکە) و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هیزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە ) لە رۆژئاوای کوردستان کۆبونەتەوە.

میدیای یەنەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە سەرۆکی حزبەکە لە ئێستادا لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دەزگای دژەتیرۆر لە رۆژئاوای کوردستانە و چەندین دیداری سیاسی و سەربازی ئەنجام دەدەن.

لە بارەی کۆبونەوەکەوە نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: دۆخی سیاسیی رۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە پرسی کورد تاوتوێکراون و جەخت لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە.

راگەیەندراوی نوسینگەی تاڵەبانی ئاماژەی بە ستایشی فەرماندەی گشتی قەسەدە کردووە بۆ هاوکاریەکانی یەنەکە لە رابردودا و وتوشیەتی، “مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاندوو، هەموو هەوڵێكمان لەپێناو ئازادیی كورد و پاراستنی مافەكانمانە”. 

لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی “پەرۆشیی یەکێتی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا. وتیشی، بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رۆژئاوا بەردەوام دەبێت و گەشەی زیاتری پێدەدەین”. 

ھەر لە کۆبونەوەکەدا بافڵ تالەبانی روونیکردەوە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی رۆژئاوا پاراستنی ماف، کەلتوور و زمانی کوردییە لە ناوچەكە و بۆ ئەمەش بەشانازییەوە پشتیوانتان دەبین.

سەرۆکی یەنەکە وتیشی: دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت و ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت، ئەمەش میراتی سەرۆك مام جەلالە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.