سوپای عێراق ڕێگای مەخموری داخست و ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسانیش دەکات

سوپای عێراق، کە کامپی پەنابەرانی مەخموری بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش گەمارۆ دابوو، بە تەواوی ڕێگای مەخموری داخست. لە لایەکی ترەوە، ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان نادرێت ڕووماڵی دۆخەکەدا بکەن.

سوپای عێراق لە ۲۰ی ئایارەوە بە هێزێکی زۆر، کە پێکهاتبوو لە زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی هەوڵیاندا بچنە ناو کەمپی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخمور و دەست بکەن بە تەلبەندکردنی کامپەکە و دروستکردنی بورجی چاودێری بە دەوری کامپەکەدا.

لە بەرامبەر ئەوەدا خەڵکی چوونە بەردەم ئەو هێزانە و ڕایانوەستاندن. لە ئێوارەدا سوپای عێراق هێرشی کرد و لە ئەنجامدا ٢ کەس بریندار بوون.

ئەوە بۆ سێ ڕۆژ دەچێت، کە خەڵکی مەخمور چادریان هەڵداوە و و دەستیان بە پاسەوانی کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، هەر چوار لای کامپەکە بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش گیراوە و هەر چەند مەترێک ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش جێگیرکراوە.

لەبەر ئەوەش خەڵکی مەخمور لە چەند شوێن دا چادریان هەڵداوە و سوورن لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدەن سوپای عێراق بۆ تەلبەندکردن و دروستکردنی بورجی چاودێری بچێتە ناو کامپەکەیان.

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکی کامپەکە لە چادرەکاندا بە شەو و ڕۆژ دەستیان کردووە بە پاسەوانی. لە لایەکی ترەوە، کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان ئەنجام دەدرێت تاوەکو کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت.

بەپێی زانیارییەکان، ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان کراوە و ڕێگایان پێنادرێت بچنە ناو کەمپەکەوە و ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن.

لە لایەکی ترەوە، سوپای عێراق بە تەواوی ڕێگای مەخموری داخست. لەگەڵ ئەوەشدا، مەترسییەکی گەورە بۆ خەڵکی مەخمور دروستبووە، کە هەزاران ژن و منداڵی تێدایە. هەروەها نەخۆشی درێژخایەن لە کەمپەکەدا هەیە. ئەمەش مەترسیی دەروونیی دروستکردووە.

ژ.ت