ئەمڕۆ ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشەكانی توركیا و زیانەكانی بلاوكردەوە، كە لەلایەن هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەی مەدەنیی، لە چوارچێوەی هەڵمەتی “کۆتایی به بۆردوومانە سنووریەکان بهێنن” ئامادەکراوە، کە بۆ یەکەم جارە وردەکارییەکانی کاریگەریەکانی ئەم دەستدریژیانە بۆ سەرخەڵکی مەدەنی بڵاودەکاتەوە.
لە سەرەتای ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بە هێرشە خوێناوییەكەی دەوڵەتی تورك بۆسەر گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ كراوە و تێیدا هاتووە: لە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٢دا، لە گوندی پەرەخێ نزیک زاخۆ لە (پارێزگای دهۆک) هێرشێک ئەنجامدرا، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی نۆ هاوڵاتی مەدەنی و ٢٤ هاوڵاتیش برینداربوون، ئەم جۆرە هێرشەی تورکیا کە هاوڵاتییانی مەدەنیی دەکاتە ئامانج، ماوەی حەوت ساڵە لە باکووری عێراق بەڕێوەدەچێت.
“لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، هێزەکانی تورکیا زیاتر لە چوار هەزار هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی و تۆپبارانیان لە سنوورەکانی عێراق ئەنجامداوە، کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١دا، هەزار و ٦٠٠ هێرش تۆمارکراون، ئەم ئۆپەراسیۆنانە تەنها نەبوونەتە نائارامیی و ناسەقامگیریی ناوچەکە، بەڵکو بە شێوەیەکی ناسەقامگیر کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئەو هاوڵاتییانە هەیە کە لەو ناوچانەدا دەژین” وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە.
لەبارەی زیانەكانەوە ئەوە خراوەتەڕوو، لە نێو ئەو داتا و زانیارییانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا هەن، کردەوە سەربازییەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بوونەتە هۆی کوژرانی ٩٨ بۆ١٢٣ هاوڵاتی مەدەنیی، کە بەلایەنی کەمەوە لە ٨٨ ڕووداودا ڕوویداوە.
هەروەها، زیاتر لە ٥٥ جووتیار و شوانکار لەکاتی کشتوکاڵکردن یان لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کوژراون یان بریندار بوون، لە ١٣٪ی ئەو کوژراوانە ژنن و لە ٨٧٪یان پیاون و بەلانی کەمەوە شەش منداڵ لە هێرشەکاندا کوژراون و ١٤ی دیکەش بریندار بوون، نزیکەی ٥٠٠ گوند لەژێر هەڕەشەی چۆڵبوونی تەواوەتیدان لە هەمان ئەو ماوەیەدا.
ف.ق