مستەفا قەرەسو لە بەرنامەی تایبەتی مەدیا خەبەردا قسەی کرد و سەرنجی راکێشا بۆ سەر سیاسەتەکانی گۆشەگیر دژوار لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
قەرەسو باسی لەوەکرد کە سیستمی ئیمراڵی بناغەی نایاسایی و نادادپەروەرییە لە تورکیا و وتی، "کێ لە تورکیا باس لە یاسا و دادپەروەری بکات، دەبێت سەرچاوەکەی بزانێت. دەبێت تا سەرچاوەکەی بەدوایدا بچێت. سەرچاوەی هەموو کردەوەی نایاسایی و ناڕەوا لە تورکیا سیستمی ئیمراڵییە".
قەرەسو هێمای بۆ ئەوەکرد کە لە تورکیا دەستووری هەمیشەیی و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکرێن و وتی، بە بێ تێکۆشان بەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی و تا ئەو بابەتە دەستنیشان نەکرێت، مرۆڤ ناتوانێت لە تورکیا دژی کردەوەی نایاسایی و نادادپەروەری تێکۆشانێکی راست و باش ئەنجام بدات.
قەرەسو وتی، "ئەگەر ئێمە بڵێن لادان لە یاسا، نادادپەروەری، ئێمە لەو رووەوە لەناخەوە بین، دەبێت لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵیش هەڵوێست وەربگرین، ئەمە کارە راستەکەیە".
پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسوو بەم جۆرەیە:
"گۆشەگیری لە دژی رێبەر ئاپۆ لە ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی بەردەوامە، راستەوخۆ پەیوەندی بە سیاسەتەکان لە دژی کوردەوە هەیە. ناکرێت ئەوانە لە یەک جیابکرێنەوە. لەبەر ئەوەی سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە کورد پەیڕەو دەکرێت، گۆشەگیریش دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت و ئەوەش سیاسەتی پاکتاوە بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ. ئەردۆغان جارێک وتبووی ' تامن لێرەبم ناهێڵم لەوێ بێتە دەرەوە'. لەو رووەوە کاتێک گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ هەڵدەسەنگێندرێت، بە بێ تێگەیشتنی قووڵ لە کۆمەڵکوژکردنی کوردان، ناتوانرێت بە دروستی هەڵسەنگاندن بۆ بابەتی گۆشەگیری بکرێت.
رێبەر ئاپۆ رێبەری گەلی کوردە، رێبەری تێکۆشانی ٥٠ ساڵەیە. لە مێژوودا پێشەنگی تێکۆشانی گەورەی کوردانە. دەوڵەتی تورک لەسەر ئەو سیاسەتی پاکتاو بەڕێوەدەبات. دەبێت گۆشەگیری بەم جۆرە هەڵبسەنگێندرێت. هەر کوردێک تا نەبینێت کە گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ بە واتای کۆمەڵکوژیی کوردە، ناتوناێت لە دژی گۆشەگیری تێکۆشانی بەهێز بەڕێوەببات.
سەرچاوەی لادان لە یاسا و نادادپەروەری سیستمی ئیمراڵییە
هەموان باس لەوە دەکەن کە لە تورکیا نادادپەروەری گەورە و بێیاسایی بوونی هەیە و باس لە نەمانی یاسا و دادپەروەری دەکەن. دەڵێن یاسا لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت، واتە دەوڵەت گوشار دەخاتە سەر دادپەروەری و دەزگا و دادگاکان و بە گەوێرەی خواستی خۆی بەکاریان دەهێنێت.
ئەمە راستە. لەبەر ئەوەی لە تورکیا دەوڵەتی پاکتاوکەر و کۆمەڵکوژکار هەیە. لەم رووەوە کێ لە تورکیا باس لە یاسا و دادپەروەری بکات دەبێت سەرچاوەکەی بزانێت و بگەڕێت بە دوای سەرچاوەکەیدا. سەرچاوەی هەموو لادانەکان لە یاسا و نادادپەروەری لە تورکیا سیستمی ئیمراڵییە. لە ئیمراڵی دەستووری هەمیشەیی تورکیا و هەموو پەیماننامە نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکرێن. هەموو نادادییەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن.لەم رووەوە بە بێ وەستانەوە لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی و خستنەڕووی ئەو راستیە و لەقاودان و ئاشکرا کردنی، ناتوانن لە دژی پێشێلکردنی یاسا و نادادپەروەری لە تورکیا تێکۆشانێکی باش بکەن. بۆچی ئەو هەمووە یاسا پێشێل دەکرێت؟ ئەو هەمووە نادادپەروەری دەکرێت؟ هۆکاری ئەوە کۆمەڵکوژکردنی کوردانە. بەر لە هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانرێت. ئەگەر باس لە لادان لە یاسا، نادادپەروەری دەکەین و لەوەدا لەناخەوە و راستگۆ بین، دەبێت لە دژی گۆشەگیری ئیمرآڵی هەڵوێست نیشان بدەین، بە بێ ئەوە کەس ناتوانێت بڵێت کە لەپێناو دادپەروەریدا تێدەکۆشێت.
سیستمی ئیمراڵی نەک هەر کورد، بەڵکوو هەموو هێزە دیموکراسییەکان دەکاتە ئامانج
سەرچاوەی ئەوانە کێشەی کوردە، چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە. بە شێوەی بەرجستە و دیار سیاسەتەکانی دەوڵەت لە دژی رێبەر ئاپۆیە. ئەو سیاسەتەی بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکرێت، لە دژی هەموو کوردان، تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، هێزە دیموکراسییەکان و هەموو کەسە. نەک هەر دژی کورد، لە دژی هێزە دیموکراسییەکانی تورکیایە، ئەوانیش لە ژێر گوشاردان و ناحەقیان بەرامبەر دەکرێت. دەبێت ئەو راستیە ببینن کە هۆکاری هەموو ئەو کردەوە نایاسایی و نادادپەروەرییە لە سیستمی ئیمراڵییەوە سەرچاوە دەگرێت.
لە سەر ئاستی نێونەتوەییش کە باس لە دادپەروەری و یاسا دەکرێت، دەبێت لە دژی فەرمان لە ئیمراڵی بوەستنەوە، جگە لەوە کەس ناتوانێت بڕوایان پێبکات. لەم چوارچێوەدا تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری دەبێت بە دروستی بێتەئاراوە، ئەو دۆخە ئاشکرا بکرێت، هەموان دژی ئەو دۆخە هەڵوێست بگرنەبەر.
خۆی لە جیهاندا خاوەندارییان لێکرد، ئەمە راستە، لە سەر ئاستی جیهان لەوە تێگەیشتن، هەموو هێزە دیموکراسییەکان، مافناسان و دیموکراتەکان لە جیهان لەوە تێگەیشتن، بەڵام لە تورکیا راستیەک هەیە. لە ژێر کاریگەری دەوڵەتی تورک، لە ژێر هێرشەکانیان، لە ژێر هێرشی ئایدۆلۆژی ئەو راستیە نابینرێت، ناوترێت. ئەمەش بە واتای ئەوەیە چەندە گوشار لە سەر کورد بەردەوام بێت، هێندە لە تورکیا گوشار و نادادپەروەری بەردەوام دەبێت. بەو بۆنەوە وابیردەکەمەوە کە ئەوانەی باس لە نادادپەروەری دەکەن، ئەو راستیە ببینن، هەڵیبسەنگێنن و بە گوێرەی ئەو هەڵوێست نیشان بدەن.
هەڤاڵ زیلان هێمای شەهیدانمانە لە حوزەیراندا
بە بۆنەی ساڵیادی چالاکیەکەی، هەڤاڵ زیلان بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە. هەروەها ئەو هاوڕێ بەنرخانەمان کە لە حوزەیراندا شەهید بوون بە بیردەهێنمەوە. هەڤاڵ هەڵمەت، سەما یوجە، یەیلا وان، هاوڕێیانی ژنی دیکە کە لەم ماوەیەی رابردوودا لە رۆژئاوا شەهیدبوون، هاوڕێ ئازاد، هاوڕێ ئاسیا کە هەڤاڵێکی تورکی خەڵکی ئوردو بوو، هەڤاڵ دیاکۆ کە لە خواکورک شەهیدبوون و شەهیدانی مەتینا بە رێزەوە یاد دەکەمەوە.
لە مانگی حوزەیراندا شەهیدی گرنگمان بەخشی. زیلان هێمای شەهیدانی مانگی حوزەیرانە، لە کەسایەتی ئەودا سەرجەمیان بە بیردێنمەوە. چالاکیەکەی هاورێ زیلان مێژوویی بوو، وەڵامی هێرشە بۆمبیەکەی ٦ی گوڵان لە دژی رێبەر ئاپۆ بوو. هەستیاریەکی گەورەی نیشاندا، دەیزانی رێبەر ئاپۆ بۆ ئەم گەلە، بۆ ئەم وڵاتە و بۆ ژنان بە چ واتایەکە. لەبەر ئەوەی دەیزانی چ بەهایەکی هەیە بە توڕەییەکی گەورەوە چالاکیەکەی کرد، بە ئیرادە و پێداگری گەورەوە بە ئەنجامی گەیاند. لە نێوان ئەوەی بڕیارەکە دەدات تا ئەو کاتەی جێبەجێی دەکات ماوەیەکی زۆر هەیە، بەڵام پێداگرییەکەی زیاتر دەبێت. سەرکەوتن بە بنەما دەگرێت و چالاکییەکە ئەنجام دەدات. ئەو هێڵی چالاکییە لە هەمان کاتدا بۆ هێڵی ئازادی و تێکۆشانی ژنانیش قۆناغێکی زۆر گرنگە. هەروەها هەڵوێست و پێودانگەکانی تێکۆشانی ئازادی ژن و جەنگاوەرانی ژن دیاری دەکات. رێبەرایەتیمان بەر لە ئێستا هەڤاڵ زیلانی وەک مانیفیستۆی ئازادی ژن دەستنیشان کردبوو. ئەو پێودانگانەی هەڤاڵ زیلان بۆ خۆی بە بنەما گرتبوون، ئەویش خستیەبەردەم هەموو هەڤاڵانی ژن و هەموو هەڤاڵانی تێکۆشانی ئازادی ژن. لەم بواردەدا تێکۆشانی ئازادی ژن کە ئەمڕۆ بەرەوپێش دەچێت، گەیشتووەتە ئەم ئاستە، ئەو رۆڵی گەورەی تێدا هەیە.
چالاکییەکەی زیلان بە راستیش لە زۆر رووەوە بە واتای قۆناغی نوێیە. لە هەڵوێست لە دژی دوژمندا، لە ئیرادە و بڕیارداریدا و بە تایبەتی وەک هەڤاڵێکی ژن ئەوەی خستەڕوو، وەک چۆن کاریگەری دەکاتە سەر ئازادی ژن، لە رووی جەنگاوەری و ئاستی نوێی جەنگاوەریشدا زۆر گرنگە. بۆیە دەبێت هەموو کات بە بیری بهێنینەوە و من بە رێز و پێزانینەوە یادی دەکەمەوە.
بوێری بۆ تێکۆشانێکی بەم جۆرە گیانبازییەکی گەورەیە
هەڤاڵان زانا رۆژدا و خەبات کۆپ کە لە ماوەی رابردوودا شەهیدبوون و لە رۆژانی رابردوودا تۆماری دەنگیان بڵاوکرایەوە بە رێز و پێزانینەوە یاد دەکەمەوە. قسەکانیان بە راستی کاریگەری کردە سەر هەموومان. بووە ئەو پەیامەی کە ئێمە سەرلەنوێ هەموو شتێک هەڵبسەنگێنینەوە و چاوخشاندنەوەی بۆ بکەینەوە. هەڵوێستی ئەو دوو هەڤاڵە لوتکەی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەیە. گیانبازییەکە کە لە ئەنجامی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەدا هاتووەتە ئاراوە.
وەک هەموو جار دەڵێم ئەمە هەڵوێستی رێبەر ئاپۆیە. ئازایەتی رێبەر ئاپۆیە کە دەستی بە تێکۆشانێکی لەم جۆرە کرد، بوێری بۆ تێکۆشانێکی لەم جۆرە، گەورەترین گیانبازییە. رێبەر ئاپۆ کاتێک دەستی بە تێکۆشانێکی لەم چەشنە کرد، وەک تێکۆشانێکی ئاسایی و ریفۆرمیست نەبوو، بە راستی وەک هۆشمەندیەک بوو کە بتوانێت کۆلۆنیالیزمی کۆمەڵکوژکار بڕوخێنێت و لە دژی بوەستێتەوە، دەستی بەم تێکۆشانە کرد. ئەمەش هێڵی پەکەکەیە. پەکەکە بە هۆشمەندیەکی لەم جۆرە هاتە ئاراوە، جەنگاوەرانی بەم جۆرە سەریانهەڵدا. ئەم هەڵوێستەی رێبەر ئاپۆ و هێڵی پەکەکە گرنگترین لایەن و بەرجستەترینی بووە بەرخودانی ١٤ی تەمووز. هەڵوێستی بەرخودانی ١٤ی تەمووز زۆر گرنگ بوو. ئەو هەڤاڵانە کاتێک بەرەو شەهیدبوون دەچوون ورەیان زۆر بەرزبوو. پەکەکە ئەو جەنگاوەرانەی هێنابووە ئاراوە. لێرەدا دەڵێین گیانی بەرخودانی ١٤ی تەمووز، دەڵێین بەرخودانی ١٤ی تەمووز. قسەیەکی خەیری (محەمەد خەیری دورموش) هەیە دەڵێت 'لەسەر گۆڕەکەم بنوسن قەرزارە'. کەمال پیریش دەیگوت 'هێندەی لەپێناویدا بمرم، ژیانم خۆش دەوێت'. بۆ ئافراندنی ژیانێک کە لەپێناویدا بکوژرێت، تێدەکۆشا. بۆ خوڵقاندنی ژیانێک ئەو ژیانی خۆی بەخشی. هەڵبەت ئەو بووە گیان و رۆحی جەنگاوەرانی پەکەکە، بووە هێڵ و پێوانی تێکۆشان.
زیلان قۆناغێکی نوێی بە پێودانگەکانی تێکۆشان زیاد کرد
لێرەدا قۆناغی زیلانی پێ زیادکرا. رۆحێکی نوێی پێزیاد کرا، قووڵتر کرایەوە، بەرفراوانتر کرا. بەم جۆرە رۆحی ١٤ی تەمووز لە رێگەی زیلانەوە پەڕیەوە بۆ قۆناغێکی نوێ. هەڵوێستێکی گیانبازانەی نوێی هێنایە ئاراوە. لە کاتی پیلانگێڕیی لە دژی رێبەر ئاپۆدا، لە بەرخودانی 'کەس ناتوانێت خۆری ئێمە تاریک بکات' هەم هەڤاڵانمان و هەم گەل ژیانیان بە گیانبازانە پێشکەش کرد، ئاستی گیانبازییان لەناو پەکەکەدا بەرفراوانتر کرد. ئەمەش زۆر گرنگ بوو.
رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی شایەنی گیانبازان بێت گەورەترین هەڵوێستی خۆی هێنایە ئاراوە
رێبەر ئاپۆ ئەم تێکۆشانەی لە زینداندا، ئەم هەڵوێستە گەورەیەی بۆ ئەوە هێنایە ئاراوە تا شایەنی ئەو گیانبازانە بێت و ئاواتەکانیان بهێنێتەدی. بەهۆی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو گیانبازییە و ئەو شەهیدبوونانە ئەو هەموو شرۆڤە و وردبوونەوانەی کرد و پارادایمی نوێی هێنایە ئاراوە. لەبەر ئەوە هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ بووە بەشێکی گەورەی فیداییبوون و گیانبازی. ساڵی رابردوو چالاکی هەڤاڵان سارا و روکەن ئەنجام درا. ئەوان گیانبازانە و بە بێ ئەوەی بترسن. ژیانیان خستە سەر دەست، وەک کەمال پیر بۆ ئافراندنی ژیانێکی نوێ کە مرۆڤ لەپێناویدا بمرێت، ژیانی خۆیان پێشکەش کرد. ئەوەش کاریگەری گەورەی کردەسەر تێکۆشانمان.
فیداییبوون بووەتە راستی گەل
هەڵوێستی خەبات کۆپ و زانا رۆژدا کە لەم دواییەدا لە مێردین شەهیدبوون، لوتکەی ئەوانەیە. لە شوێنی خۆحەشاردانیان چواردەوریان گیراوە بەڵام ئەوان مەیدانداری دەکەن، لە بەرزترین ئاستدا بڕوای خۆیان بە سەرکەوتنی تێکۆشان لە سەر هێڵی رێبەر ئاپۆ نیشان دەدەن. هیوای گەورەی خۆیان دەخەنەڕوو. تێکۆشانی پەکەکە بە واتای راستیەکی لەم جۆرەیە. ئەگەر گەلی کورد بەرامبەر هەموو گوشار و ستەمێک خۆڕاگری دەکات، ئەنجامی گیانبازی هەڤاڵانمانە، رۆحی ١٤ی تەمووزە، رۆحی زیلان، روکەن، سارا و هەڤاڵانی شەهید و ئەو هەڤاڵانەیە کە تۆمارە دەنگیەکەیان بڵاوکراوەتەوە. فیداییبوون بووەتە راستی گەل و کۆمەڵگا. بووەتە کولتورێکی کوردی.
ئەمە بەو واتایە دێت کە تێکۆشانی ئەم گەلە شکست ناهێنێت و لەناو ناچێت، بەڵێ دەکرێت قوربانی بدرێت و دەکرێت قوربانیەکە قورس بێت. لەبەر ئەوەی دوژمنەکەمان کۆمەڵکوژیش دەکات و بەهەموو توانایەوە هێرشی کۆمەڵکوژی دەکات، بەڵام گەلیش لە سایەی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەدا وەک پۆڵای لێهاتووە و بووەتە گەلێک کە لە هەموو هەلومەرجێکدا تێدەکۆشێت، ئێمە ئێستا لە ناو راستی و تێکۆشانێکی بەم جۆرەی پەکەکە و گەلداین.
دەبێت شایەنی زانا رۆژدا و خەبات کۆپ بین
لەم ماوەدا گوێمان لە تۆماری دەنگی زانا رۆژدا و خەبات کۆپ بوو. کاریگەریان لەسەرمان دانا. دەبێت مرۆڤ چۆن شایەنی ئەو کەسانە بێت؟ تا مرۆڤ شایەنی ئەوان نەبێت، ژیان نابێت، مرۆڤایەتی نابێت، سۆڕشگێریی نابێت. ئەوان بەو ڕادەیە بڕوایان بە ئازادی گەلی کورد هەبوو و کاری پێویستیان کرد. دەبێت هەموو گەل، ژنان، گەنجانیش لەو رۆحە فیداییەی ٥٠ ساڵەدا وانە وەربگرن و ببینن کە بە چ واتایەکە و بکەونە ناو تێکۆشانەوە. راستیەکی بەم جۆرەی گەل دروست بووە، هەربۆیەش گیانبازییەکان بە فیڕۆ نەچوون. ئەوە تەنیا وەک گیانبازی بزوتنەوەی ئازادی، پەکەکە و گەریلاکانی نەبوو، وەک گیانبازی و بەرخودانی هەموو هەموو کۆمەڵگا ئەنجامدرا.
بەرێز و پێزانینەوە یادی هەڤاڵمان خەمگین سەرحەد دەکەمەوە کە لە ماوەی رابردوودا شەهیدبوو. ئەندامی هێزە تایبەتەکان بوو، لە ئامەد فەرماندەبوو، هەڤاڵێک بوو لە تێکۆشانێکی گەورەی بەڕێوەبردبوو، پێشتر لە چەولیگ و ئەرزڕومیش مابووەوە، دواتر گەڕابووەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا. ماوەیەکی زۆر لەلای ئێمە مایەوە. بەراستیش وردبین بوو، بە رێز و پێزانینەوە یادی دەکەمەوە.
بەرخودانی گەریلا بەردەوام دەبێت
لە خواکورک و مەتینا چالاکی گرنگ ئەنجامدران. ئێمە بەرێز و پێزانینەوە یادی شەهیدان دەکەینەوە. ئەو چالاکیانە گرنگ بوون، ئێمە لە قۆناغێکداین کە دوژمن بە تایبەتی دوای هێرشەکەی سەر گارە هەموو رۆژێک هێرشی دژوار ئەنجام دەدات و بە هاوین و زستان درێژە بە هێرشەکانی دەدات. بە راستیش تێکۆشانێکی مێژوویی دەکرێتگەر سوپای تورک ئەم سێ ساڵە بەرامبەر بە دەوڵەتێکی دیکە بەو هەموو توانایەوەی شەڕی بکردایە، دەیتوانی ئەنجامی جیاواز بەدەست بهێنێت، بەڵام ئێستا بەرامبەر بە گەریلا چەقیوە و گەیشتووەتە بنبەست. بێ گومان تەکنەلۆژیای هەیە، دەچنە هەندێک شوێنەوە، هەندێک شوێن داگیر دەکەن، بەڵام گەریلا لە دژی ئەوە تێکۆشانی مێژوویی دەکات و بەردەوام دەبێت. بە رێزەوە سڵاو لەو گەریلایانە دەکەم. دەبێت هەموو گەل ئەو راستیە بزانن. شەڕێکی گەورە دەکەن. ئەمە شەڕێکە لە نێوان فیداییەکان و سوپایەک کە خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی گەورەیە. بە پێداگرییەکەوە کە لە مێژوودا نەبینراوە تێدەکۆشن. رێگە نادەن دوژمن ئەنجام بەدەستبهێنێت.
هەڵەیە هەموو شەڕەکە لەسەر شانی گەریلا دابندرێت
بەدڵنیاییەوە بەردەوامی پێدەدەن. گەریلا تا کۆتایی درێژە بەو هەڵوێست و چالاکی و تێکۆشانە دەدەن. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت، بەڵام کاتێک ئەوە دەڵێین ، نابێت هەموو شەڕەکە لە سەر شانی گەریلا جێبهێڵدرێت. . ئەگەر هەموو شەڕەکە لە سەر شانی گەریلا دابندرێت ئەوە هەڵەیەکی گەورە دەبێت. بۆ کوردەکان دەبێتە گەورەترین هەڵە. دەبێت ئەم شەڕە لە گۆڕەپانەکانی کۆمەڵایەتی، کولتوری، بیردۆزی و هەموو گۆڕەپانەکاندا بەردەوام بێت. بۆ ئەوەی شایەنی گەریلا بین پێویستە لە چوارپارچەی کوردستان درێژەی پێبدرێت. لەم رووەوە بە دڵنیاییەوە ئێمە واتا و بەهای مێژوویی تێکۆشانی گەریلا لەم هەلومەرجە دژوارەدا دەزانین. ئێمە لەیادی ناکەین و گەلەکەشمان لەیادی ناکات، بەراستیش نەک هەربۆ گەلی کورد بۆ مرۆڤایەتیش بەنرخترین رۆڵەکانی مێژوون. ئەم رۆڵە هێژا و بەنرخانە مێژوو دەنوسنەوە. گەلەکەمان لە یادیان ناکات. بەم بۆنەوە بەوپەڕی خۆشەویستی و رێزەوە هەستی خۆمان بەرامبەر بو هاوڕێیانەمان دەردەبڕین کە لە هەلومەرجی دژواردا خۆڕاگری دەکەن. هەست، مێشک و دڵمان بەردەوام لەگەڵیاندایە. شایەنی ئەوان دەبین. بۆ ئەوەی شایەن و شایستەی ئەوان بین جیمان لە دەست بێت دەیکەین.
پێویستە هەمووان بەباشی لە قڕکردن تێبگەن
دەڵێن لە هەرکوێ تیرۆریست هەبێ دەچن و لەناویان دەبەن، مەبەستیان ئەوەیە لە هەرکوێ کورد هەبێ، کەس و دامەزراوەیەک لەپێناو کورد هەبێ، ئەمەیە سیاسەتی دەوڵەتی تورک. ئامانجیان شکاندنی ئیرادەی کوردە تا لە تێکۆشانی ئازادی دووری بخەنەوە و ملکەچیان بکەن. لە هەموو شوێنێک هێرش دەکەن، لە ڕۆژئاوا و باشور. سێ کەس لە شوێنێک کۆبنەوە هێرش دەکەنە سەریان. وڵاتپارێز و کوردێکی ئازاد ببینن دەیکەنە ئامانج. دوژمنێکی وەهامان هەیە، ئەمە ڕاستی دەوڵەتی تورکی فاشیستە لە دژمان.
ئێمە بە هۆشیارییەوە وشەی قڕکردن بەکاردەهێنین، دەزانین قڕکردن چییە و دەوڵەت چۆن بەڕێوەی دەبات. دەوڵەتی تورک مانەوەی بە قڕکردنی کورد بەستۆتەوە لەپێناو بەردەوامیدان بەخۆی، دەڵێت: "کوردان قڕدەکەم". وەکچۆن ڤامپایەرەکان (خوێنمژەکان) لەسەر خوێن دەژین، بێ خێن دەمرن، دەوڵەتی تورکیش وەک ڤامپایەر بەبێ وێرانکردن و شکاندنی ئیرادەی کورد ناژی، دوا دڵۆپی خوێنی کورد دەمژن.
تێگەیشتنێکی وەها هەیە، ئەوانەی دەوڵەتی تورک بە سرووشتی دەبینن و دەیچوێنن بە بەشەکانی تری جیهان، هەڵەن، قڕکردن شتێکی ترە. دەیانەوێت کوردستان بکەنە هەرێمێکی پەرتەوازە بۆ کوردەکان. ئەگەر کۆتایی کوردان وەک مانەوەی خۆی ببینێ، دەبێت بزانێت ئەم دوژمنە چی پێ دەکرێت.
خیانەتی کورد ڕەوایەتی دەداتە هێرشەکان
هۆکاری سەرەکی ئەم هێرشانە بەکارهێنانی هاریکاری و خیانەتی کوردیە. بۆچی هێرشەکان وەها زۆرن؟ بە هەر سەردانێکی نێچیرڤان و مەسعود و مەسرور بۆ تورکیا، هێرشەکان زیاتر دەبن. تورکیا لەڕێگەی ئەوانەوە گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیەکەی تاوانبار دەکات. دەڵێت من دژی کورد نیم و لەگەڵ کوردم. ئێمە شەڕی ئەو تیرۆریستانە دەکەین. خیانەتی کورد ڕێخۆشکەر و ڕەوایەتییە بۆ ئەم هێرشانە، هۆکارە بۆ زیادبوونیان. دەوڵەتی تورک رەوایەتی و هێزیان لێ وەردەگرێت.کاتێک مەسرور لە تورکیا بوو، هێرشی مەزن هەبوون. ئەم هێرشانە بۆ ڕوودەدەن و چۆن و لەسەر چ بناغەیەک ڕوودەدەن؟ دەبێت تێی بگەین.
دەبێت بەرخۆدان مەزنتر بکرێت بۆ وەستاندنی هێرشەکان
هێرشەکان زیاتربوون و بەرخۆدانی گەل بەردەوامە. گەل خاوەنی هەڵوێستی بەرخۆدەرە و ملکەچ نابێ و لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان دژی هێرشەکان دەکات. بۆیە دەوڵەتی تورک ئەنجامی نییە. بەم هەڵوێستەی گەل، تێکۆشان و هەبوونی گەریلا بەهێزتر دەبێت. بەڵام هێشتا بەس نییە. دەبێت ئاستی بەرخۆدان بەرزتر بکرێت بۆ شکستهێنان بە هێرشەکان. ناکرێت مرۆڤ بڵێت بەرخۆدان ناکەم، هەموو کەس شتێکی پێ دەکرێت، ئەمە گەلێکی وڵاتپارێزە. ٥٠ ساڵی بەرخۆدان بەسە بۆ گۆڕینی سەرتاپای ئەم گەلە بۆ فیداکار. کوردی ئازاد لە هەموو جێیەک هەن، سێ کەس بن یان یەک کەس، دەتوانن چالاکی مەزن بکەن. دەتوانن لە گەڕەک و گۆرەپانەکان سەرهەڵدەن. ئەمە ڕاستی کوردە و نکۆڵی لێ ناکرێت، گرنگە بەم بەرپرسیارێتییە کاربکرێت بۆ وەستانی هێرشەکان. با خۆپاراستن بەهێزتر بکرێت. خۆپاراستن تەنها بۆ گەریلا نییە، بۆ هەموو گەڕەک و شەقام و گوند و وڵاتپارێزێکە. دەبێت هەر وڵاتپارێزێک هۆشیاری خۆپاراستنی هەبێت تا بتوانن پێکەوە تێکۆشان بکەن.
دەبێت بۆ ژیانی گەلی کورد قوربانی بدەین
با بڵێین دەنیز پۆیراز لە ئەزمیر کوژرا، سێ یان چوار وڵاتپارێزمان نییە خۆیان ڕێکخەن و گورز لە دوژمن بدەن؟ بۆ ژیانی گەلی کورد، دەبێت قوربانی بدەین. پەنجا ساڵە قوربانی دەدەین، هەڤاڵانمان لە زیندان ئەشکەنجە دەدرێن، پیرە ٨٠ ساڵەکانمان ئەشکەنجە دەدرێن، نزیکی لێواری مردنن و ئازادناکرێن. با هەڵوێستمان هەبی و تێبکۆشین و هێرشبکەینە سەر دوژمن. ئەمە بۆ هەر چوارپارچەی کوردستانە. ئەگەر نا کۆڵۆنیاڵیزمی پەیرەودەکرێت و قڕدەکرێین. کاتێک دەڵێن "تا یەک تیرۆریست نامێنێت" واتە، تا ئەوکاتەی کورد دەستبەرداری ماف و تێکۆشانیان دەبن.
هێرش هەیە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باکور و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، لە باشور وڵاپارێزەکان دەکرێنە ئامانج. کاتێک سلێمانی و باشوری کوردستان دەکرێتە ئامانج، دەبێت گەل سەرهەڵدان بکات. ئەمە بەئامانجگرتنی وڵاتپارێز و هاوڵاتییەکی باکوری کوردستان نییە، هێرشە بۆ سەر باشوری کوردستان و هەموو کورد و وڵاتپارێزێک. نابێت بڵێین، دەوڵەتی تورک وڵاتپارێزێکی کوشت و تەواو، ئەمە هەڵەیە.
ڕۆژئاوا گۆڕەپانی ئازادییە
دەبێت هەمووان هەڵوێست وەربگرن دژی هێرشەکان. ڕۆژئاوا دۆخی تایبەتترە. داگیرکەر لەوێیە. عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی داگیرکراون. هێرشی ڕۆژانە هەیە. شۆڕشی ژن هەڵگیرساوە، ئەوێ گۆڕەپانی ئازادی کورد و گۆڕەپانی ئازادی و دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. بۆیە دەیانەوێت وێرانی بکەن، دەوڵەتی تورکی دواکەوتوو لێی دەترسێت. هەبوونیان هۆکارە بۆ وێرانبوونی دواکەوتوویی بۆیە بۆ مانەوەی دواکەوتوویی دەخوازێت وێرانی بکات.
دەبێت ڕۆژئاوا بەرخۆدان بکات و تێکۆشان بکات لەپێناو کۆتایی داگیرکاری. دەوڵەتی داگیرکەری تورک سنوری چەندین هەرێمی ڕۆژئاوای تێپەڕاندووە، لەگەڵ چەتەکان گەیشتوونەتە ٢٠ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر. دەبێت دەربکرێن لەوێ، ئاخۆ مرۆڤ دەتوانێت بەرامبەر داگیرکەر بێدەنگ بێت و کاتێک دەیەوێت وێرانتان بکات؟ داگیرکەر جووڵەی تر دەکات، هێرشی تر دەکات بۆ بنکەی نوێ، ئەمە لە شەڕدا هەیە، بۆمباران دەکات بۆ وێرانکرندی شوێنەکە تا داگیرکەران بچنە ناوییەوە.
دەبێت خۆتان ڕێکبخەن دژی هێرشەکان
هێرشەکان لەسەر ڕۆژئاوا، بەو جۆرەن. دووبارە بەڕێزەوە یادی هاوسەرۆکانی کانتۆنی جەزیرە و شەهیدانی ئەم دواییە دەکەمەوە. دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر هەمووان، مناڵ و ژن. مانای وا نییە هێرشکردنە سەر سەرباز و شەڕڤان لەوێ ڕەوا بێت، وا نییە، ئەوی گۆڕەپانی ئازادی گەلی کوردە. هێرش دڕندانەیە. سەدان و هەزاران دەکوژێت لەپێناو کەسێک. بۆیە دەبیت خۆمان ڕێکبخەین دژی هێرشەکان.
پێویستە گەل بەشداربێت، شەڕی ئازادی گەل تەنها بە هێزی چەکدار ناکرێت. نابێت تەنها ببەسترێتەوە بە هێزە چەکدارەکانی ڕۆژئاواوە. لە ٧ ساڵ تا ٧٠ ساڵ دەبێت لەپاڵ یەپەگە و یەپەژە بن. جێهێشتنی شەڕ تەنها بۆ هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە هەڵەیە. ئەمە وڵاتپارێزی نییە. بۆ ئازادبوون و پاراستنی کوردایەتی، دەبێت هەمووان قوربانی بدەن. گەریلا چۆن قوربانی دەدات؟ ئەوانیش ژیان و ڕۆحیان هەیە. هەمووان دەبێت قوربانی بدەن. هەر کێ خۆی بە کورد ئەزانێت و ئازادی دەوێت، با قوربانی بدات. ئەوانی خاوەندارێتی لە خاکەکەیان دەکەن و داوای ئازادی گەلی کورد دەکەن، با تێکۆشانی زیاتر بکەن.
لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی چارەسەردا شەڕی تایبەت هەیە
حکومەت ناتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات، نابێت کەس بڕوای بەوە هەبێت توانای هەیە. ژمارەیەک لەو کوردانەی کراونەتە وەزیر دەناسم، ئەردۆگان پراگماتیکە. خۆیان و گەلی کورد دەخەڵەتێنن. شەڕی تایبەت ئەمە دەکات، ئاکەپە ئەمە دەکات. بە مەبەست دەیکەن. میت و شەڕی تایبەت دەیکەنە ڕۆژەڤ. بەشێک لە کوردە خیانەتکارەکان لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە هاریکار و ئەمە دەکەنە ڕۆژەڤ، کەوتوونەتە داوی ئەوانەوە. شەڕی تایبەت هەیە بۆ تێکدانی مێشکی کورد و دابەشکردنی هێزی کورد بەو ئامانجەی "ئومێد لای هەندێک دەخوڵقێنم، بەمەش تێکۆشان دژی قڕکردن دەوەستێنم".
دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە قڕکردن دەکاتە ئەولەویەتی خۆی
ڕاستی دەوڵەتی تورک، کوشتن و قڕکردنی کوردە و لەمەش بەردەوامە. پرسی کورد بە تێکۆشانی بەشەکانی تر جیهان بەراورد ناکرێت. دوژمن و ئەزموونی کورد جیاوازە و بەراورد ناکرێت. نابێت کەس خۆی فریوبدات. ئاکەپە و مەهەپە قڕکردن دەکەنە ئەولەویەت. دەبێت هەمووان ئەوە بزانن. لە محمەد شیشمەکیان پرسی، ئەو گوتی: "من کوردی تورکانم". هەندێکی تر دەڵێن ئاکەپە و مەهەپە دەتوانن ئەمە بکەن. یەکێکی تر دەڵێت، سێ دەوڵەت و یەک میللەت.
بێگومان دەوڵەت باوەڕی بە چارەسەری پرسی کورد نییە. هوداپار و پەدەکەی هاوکاریان چارەی دەکەن، گرووپی شەڕی تایبەت وەها دەڵێن بۆ فریودانی خەڵک. نابێت بەناوی کوردایەتییەوە بیر لەوە بکرێتەوە. ئەمە فریودانی کوردە. هیچ کوردێک ناتوانێت پرسەکە چارەسەر بکات، ناتوانێت لەگەڵ موسڵمانان چارەسەری بکات، یان لەگەڵ مەسیحییەکان. لەگەڵ هیچ کورد و خیانەتکارێک چارەسەری ناکات. ئەو خیانەتکار و هاریکاران بۆ لەناوبردنی کورد بەکاردەهێنێت. ئەگەر پێویست بکات، دەوڵەتی تورک ئایینەکەی دەگۆڕێت بۆ مەسیحی و یەهودی تا پرسی کورد چارەسەر نەکات.
نابێت کەس بەناوی سیاسەتەوە جڤاک فریوبدات
نازانم، ئیسلام دەکاتە چارەسەر، ئەمە فریودانی گەلە و شتی وا نییە، بەڵی بەکاری دەهێنێت. بەشێک لە ئەندامانی هەدەپەش وا دەڵێن. ڕەنگە ئەمە ڕووبدات. ئەردۆگان ئەبێ پراگماتی بێت، دەکرێت چارەسەری بکات بەڵام بەهۆی هەلومەرجەوە سەخت دەبێت، ئەمە فێڵە. نابێت کەس بەناوی سیاسەتی کوردییەوە ڕای گشتی فریوبدات، شتی وا نییە. چارەسەر بە تێکۆشان دەبێت، بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا. خەباتی بەهێز دەکەین، ئەوکات چارەسەر دێت.
دوورکەونەوە لە ڕێبازی "داوا لە حکومەت دەکەین کێشەی کورد چارەسەر بکات. بەشێک لەوانەی وەها دەڵێن، هاوکات دەڵێن "بۆچی هەدەپە مافی کورد دەپارێزێت؟"، وازیان لێ بهێنن، هەدەپە قوربانی دەدات. ڕاستی دەوڵەت و بکوژ دەناسم. چاوەڕێی دوژمن دەکەیت و هەدەپە ڕەت دەکەیتەوە. دەبێت ڕاستی کورد و ڕاستی دوژمن بناسیت.
حکومەتی ئاکەپە تازە بوو، هێشتا نەبووە دەوڵەت. ئەوکات ڕێبەر هانی دیموکراتیزەی تورکیای دا، زیاتر لە ئاکەپە هانی ئەمەی دا، ئەوکات گەڕان بەدوای چارەسەر هەبوو، ئەمە ڕاستی دەوڵەتە. ڕێبەر١٠ خاڵی دانا لە ساڵی ٢٠١٢، ماقووڵ بوو، پەیماننامەی دۆڵماباهچە فرە ماقووڵ نەبوو؟ لەوە ماقووڵتر دەبێت؟ بەڵام ڕەتکرایەوە. نابێت کەس فریو بخوات. نازانم کام کورد دەبێتە وەزیر و چی دەبێت. ئەمە واتە ملیان داوەتە بەر چەقۆ. لە کوردایەتی جیابوونەتەوە و ئیرادەیان شکاوە. ناتوانێت تێکۆشان بکات و باوەڕی بەوەیە وەها چارەسەر دەبێت. ئەمانە ئیرادەیان شکاوە. بەمە گەل فریو دەدەن. نابێت کەس تێ بکەوێت.
نابێت کەس بڵێت هەدەپە لە فەلسەفەی دامەزراندن دوورکەوتۆتەوە
هەدەپە فەلسەفەی دامەزراندنی هەیە. بۆ تێکۆشانی گەلی کورد و دیموکراسی پێکهاتووە. ئەم هێزە بەرهەمی تەڤگەری دیموکراتیکی گەلی کوردە. خاوەنی ستراتیژ و سیاسەتێکی نوێیە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا بۆ چارەسەری کێشەی کورد گیرایەبەر. ئاخۆ دەتوانین دەستبەرداری هەدەپە بین؟ یان هەدەپە دەستبەرداری لە فەلسەفەی دامەزراندنی هێناوە؟ ئەمە شتی دیماگۆگین. بەرهەمی شەڕی تایبەتە. هەدەپە تۆمەتبار دەکەین و فشار دەکەنەسەری. دەیانەوێت هەدەپە لە کورددا کورت بکەنەوە وەک پارتێکی کوردی.
کورد دژی قڕکردن تێدەکۆشن. ئێمە ناوی دەبەین بە دەوڵەتی تورک فاشیست و بکوژ، ناوی دەبەین بە حکومەتی قڕکەری ئاکەپە و مەهەپە. هیچ ڕێکخراوێکی چەپ و هێزێکی دیموکرات ناتوانێت بە تەنها ڕووبەڕووی بێتەوە. تەنها بە خەباتی چینایەتی نابێت. دەبێت هەموو هێزە دیموکراتیکەکان دژی فاشیزم بوەستن. ئەم فاشیزمە بەزۆری دژی کوردە. سیاسەتی قڕکردنی زیاتر ڕووی لە کورد. بۆیە کورد هێزی سەرەکین دژی ئەم حکومەتە. چۆن ئەمە دەکەن؟ بە تەنها نین. دەبێت ببنە هاوپەیمانی هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی تورک لەپێناو ئازادی خۆیان.
گفتوگۆکان دەربارەی هەدەپە دیماگۆگین
هەدەپە مەزنترین تێکۆشانی کوردە و قوربانی مەزن دەدات. فشاردەکرێت بۆ دەستبەرداربوون لە کوردایەتیەکەی. زیندان دەکرێن و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و کوشتن دەبنەوە. ئەمانە گفتوگۆی دیماگۆگین و هی شەڕی تایبەتە، سەر بە ناوەندە نەژادپەرستەکانە.
تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی گەلی کورد بە نزیکایەتی نەژادپەرستی بەرتەسک هیچی دەسنەکەوتووە. هیچ ڕێکخراوێکی نەژادپەرست هەنگاوی نەناوە، توانای شەڕکردن و مانەوەیان نەبووە. تەنها پەکەکە بە ڕێبازی نەتەوەی دیموکراتیک و برایەتی گەلان تا ئێستا درێژەی بە تێکۆشان داوە. کاریگەرییەکەی لە باکوری کوردستان کورت نەبۆتەوە، گەیشتۆتە باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. کاریگەری لەسەر هەموو کوردێک هەبوە و شکۆی بۆ کورد لە هەموو جیهان گەڕاندەوە. ئەگەر کورد ئێستە خاوەن شکۆن ئەوە بەرهەمی تێکۆشانی کورد و دەرچوونە لە نەتەوەپەرستی بەرتەسک. هەندێک دەڵێن کامەیە کوردیایەتی لایەنگرانی پەکەکە؟ کوردایەتییەکەیان چۆنە؟ هەموو کورد دەفرۆشن تا لە دوو سێ شاردا سەردەست بن. کوردایەتییەکی وەها هەیە؟ بۆیە سودی نییە باکوری کوردستان بەرەو سیاسەتی نەژادپەرستی ڕابکێشرێت. ئەم سیاسەتە واتە خۆیان تەنها جێدەهێڵن.
هـ . ب